د. كەیوان ئازاد ئەنوەر
سولەیمانی نەك سلێمانی ئەو شارەی ساڵی 1781ز لەلایەن ئیبراهیم پاشا میری میرنشینی بابان بەردی بناغەی دانراو ساڵی 1784ز ئاوەدانكرایەوەو كرایە پایتەختی میرنشینی بابان، لەساڵی 1958زداو دوای174 ساڵ لە ئاوەدانكردنەوەی، ئامێزی بۆ سەركردە و ڕابەڕێكی دیكەی كورد كردەوە، كە مستەفا بارزانی نەمر بوو. ئەو شارەی بۆ پایتەخت دروستكراو بۆ پایتەخت لەدایكبوو، تا ببێتە پێگەی ژیانی سیاسی سەرۆك و سەركردەكانی كورد، لە ڕۆژگارێكی مێژووییدا ئاڵای بەرەنگاربوونەوەو نای هەڵكرد.
دیارە بەرەنگاربوونەوە لەبەرامبەر دوژمنانی كورد و ڕژێمە فاشیستە یەك لە دوا یەكەكانی ناوچەكە و ئێراق هەڵوێستێكی مەردانە و گەورە بوو، بەڵام بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتێكی كوردی كارێكی قورس و هەڵوەستە لەسەر كردن بوو، كە لە چەندین ساڵی رابردوودا كاری لەسەر كرا! ڕاستە سولەیمانی بە گەورەیی لەدایكبوو، بەڵام دەبوا هەموو ئەوانەی ئەو شارە دروستیكردن و پەروەردە و فێریكردن، لەو مانایە تێبگەین، كە نەدەبوو كارێك بكەن شارەكەیان وەك نەیار بەرامبەر هاونەتەوە و هاونیشتمانییەكانی و بەشێك لە سەركردەكانی كورد بووەستێت! وەك ئەوەی لەساڵی 1820زدا هۆكاری دەركردن و ئاوارەبوونی ڕێبەڕێكی گەورەی كورد و زانا و كەسایەتییەكی ئایینی گەورەی وەك مەولانا خالیدی شارەزووی نەقەشبەندی بوو! تا دواجار ڕێگای ئاوارەیی گرتەبەر و لە شاری دیمەشق گیرسایەوە و هەر لەوێ كۆچی دوایی كرد. واتە تەنیا دوای 36 ساڵ لە بنیاتنانی، كاری وا لەگەڵ ڕێبەڕێكی ئایینی گەورەی كورد و جیهانی ئیسلامی كرا؟
وەك ئاماژەمان پێدا ئەو شارەی مەولانا خالیدی شارەزووی نەقشبەندی ئاوارە كرد، بۆ چەند ساڵێكیش وەك نەیار بەرامبەر حكومەتی هەرێمی كوردستان وەستا، لە 30ی تشرینی یەكەمی1958ز پێشوازێكی بێوێنە و شاهانەی لە مستەفا بارزانی نەمر كرد. ئەو سەركردەیەی دوای 11 ساڵ ئاوارەیی لە یەكێتی سۆڤیەتی جاران لەسەر كوردایەتی و خەباتی شۆڕشگێڕی، لە 6ی تشرینی یەكەمی1958ز گەڕایەوە شاری بەغداد پایتەختی دەوڵەتی ئێراق و وەك ڕێبەر و سەركردە و سەرۆكی كوردان پێشوازیكرا. دوای 24 ڕۆژ لە گەڕانەوەشی بۆ بەغداد سەردانی سولەیمانی كرد. ئەوەش دوای ئەوەی لە 22ی تشرینی دووەم گەیشتە شاری هەولێر و لە 30ی تشرینی یەكەم سەردانی شاری سولەیمانی كرد.
سەردانی مستەفا بارزانی نەمر بۆ سولەیمانی یەكەمین جار نەبوو، بەڵكو پێشتر لەساڵی 1936ز دوای نسكۆی راپەڕینی یەكەمی بارزان لەساڵی 1933ز سەردانی كردبوو، بەڵام ئەو كات وەك كەسایەتییەكی بارزانی و فەرماندە و بەشدارێكی ڕاپەرینەكە وەك پەنادان هاتبوو، بەڵام ئەمجارەیان وەك سەرۆك و ڕابەری كوردان پێشوازیكرا، تا ئەوەی هیچ كەس بەر لەو بەو شێوازە پێشوازی نەكرابوو. ئەو سەردانەش، كە ماوەیەكی كەمی خایاند، سەرنجی سەدان كەسایەتی و شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و تەنانەت كوردناسی بۆ لای خۆی ڕاكێشا، تا چەندین توێژینەوە و ڕاپۆرتی مەیدانی و كاری میدیایی و زانیاری لەسەر كورد و مێژووەكەی و تێڕوانینی هاوڵاتیانی بۆ سەركردەكانی ئامادە بكەن. هەروەها سەدان دەقی شعیری لەو بارەوە دانران. هەر ئەو ڕووداوەش ڕۆژنامەنووسێكی وەك زانیار سەردار قڕگەیی هاندا، نۆ ساڵی تەمەنی خۆی بۆ دیداری ئەو كەسایەتی و ئاكادیمی و مێژوونووس و نووسەر و توێژەر و شاعیر و میدیاكارانی ئەم شارە و دەرەوەی ئەم شارە تەرخان بكات، تا بەرهەمێكی ناوازەی ڕۆژنامەوانی بە پێوەری مێژوویی بەناونیشانی كەسایەتی مستەفا بارزانی لە هزری ڕووناكبیرانی شاری سلێمانیدا ئامادە بكات. دیارە بەندە كە لە نزیكەوە ئاگاداری ئەو كارەی و كارەكانی پێشووتری كاكە زانیار بووم، شاهیدی بۆ ئەدەم، كە سەرباری ئەوەی زۆر بەو كارەوە ماندبوو، لەهەمانكاتدا كارێكی گەورەشی ئەنجامدا، كە تێدا دەیان دیدار و دەقی شیعری شاعیران و نامە و بەڵگەنامە و وێنەی گرنگی مێژوویی خستە نێو بەرهەمەكەیەوە. ئەو كارەشی بە 9 ساڵ و لە نێوان ساڵانی 2003-2012ز ئەنجامدا.
زۆریش پێدەچێت ئەو هۆكارەی وایان لە كاكە زانیار كردبێت، بەرهەمێكی وا ئامادە بكات، ئەو ڕق و كینەیە بێت، كە ئەو شارە و دەوروبەری بەرامبەر كوڕی ئەو سەركردەیە هێژا مەسعود بارزنی وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتەكەی لەنێوان ساڵانی 1994-2003ز ئەنجامیانداو دواتریش لەساڵی 2011ز هەمان شاڵاوی نەیار بەرامبەر بەو سەرۆكە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستانو پارتەكەی دەستی پێكردەوە، كە تا ئێستاش بە شێوەیەك لە شێوەكان درێژەی هەیە! پرسیارەكەش ئەوەیە، كە دانیشتوانی ئەو شارە، بۆ لەساڵی 1958زو ساڵانی دواتریش تا بە نسكۆی شۆڕشی ئەیلول دەگات لەساڵی 1975ز وا بە گەورەیی سەیری مستەفا بارزانیو پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد، بەڵام دواتر ئەو هەڵوێستانە گۆڕان؟ ئایا ئەوە هەڵەی تێشگەیشتنی ئەو شارە بوو بۆ پارتی و سەرۆكەكەی و ماڵباتی بارزانی؟ یان هەڵەی پارتی و سەركرایەتی پارتی بوو بەرامبەر ئەم شارەو بێخەمییان بەرامبەری؟ هەموو ئەوانە وایان لە برای ڕۆژنامەنووس كاكە زانیار سەردار قڕگەییو دوای 8 ساڵ لە چاوەڕوانی، دواجار لە كۆتاییەكانی ساڵی 2018ز بە تیراژی 2000 دانە بەرهەمەكەی چاپ و بڵاوكردەوە. كاكە زانیار هەر وەك بەشێكی زۆربەی بەرهەمە چاپ و بڵاوكراوەكانی پێشووی، چەندین بەڵگەنامە و وێنەی مێژوویی خستۆتە نێو بەرهەمەكەی، تا ڕوویەكی جوانتر و باشتر بە كارەكەی ببەخشێت. بۆ ئەو كارەشی سەردانی دەیان كەسایەتی و ئاكادیمی و شاعیر و ڕۆژنامەنووسانی كوردی كردووە، تا زانیاریان لەسەر مستەفا بارزانی پێببەخشێت، یان ڕای خۆیان لەسەر ئەو كەسایەتییە بخەنەڕوو. ئەمەو چەندین بەرهەمی مێژوویی و سیاسی و دیوانی شاعیرانی كوردی تاوتوێكردووە، تا لەنێو ئەواندا ئەو هۆنراوانە بدۆزێتەوە، كە شاعیرانی كورد لە قۆناغێكی ژیان و وێستگەیەكی خەبات و دەربڕینی ناخی خۆیاندا هۆنراوەیەك بۆ گەورەیی مستەفا بارزانی بهۆننەوە. تەنانەت ماندووبوونێكی گەورەشی وویستووە، چەندین بەڵگەنامە و وێنەی مێژوویی لەسەر ئەو سەركردەیەی كورد و خێزان و تاكەكانی كورد و دەسەڵاتدارانی سەدەی ڕابردووی ئێراق و باشووری كوردستان پەیدا بكات و كەلێنێكی ئەو بەرهەمەی پێ پڕبكاتەوە.
نووسەر لە شانزە لاپەڕەدا واتە لەلاپەڕەكانی 7-23 دا دەسپێكێكی باشی بۆ چوونە نێو باسەكە دەستپێكردووە، تا بەهۆییەوە هۆكاری بەدەنگەچوونی ئەو كارەوە چۆنیەتی دەستپێكردنی و شێوازی پەیداكردنی زانیارییەكانی بخاتەڕوو، لەپاڵ خستەڕووی مێژوویی هاتنی مستەفا بارزانی بۆ شاری سولەیمانیو ئەو پێشوازییە گەرمەی دانیشتوانی ئەو شارە بە گەورە و بچووك و ژن و پیاو و كوڕ و كچانی شار و سەرجەم توێژە جیاجیاكان لەو ڕابەرەی كوردیان كردووە. لەپاڵ خستنەڕووی ئەو وتار و هۆنراوانەی لەو كاتەدا بەبۆنەی هاتنی ئەو سەرۆك و سەركردەیەی كوردەوە دانراوە. دواتر لە لاپەڕەكانی 24-32 باسی لە وێستگەكانی ژیانی مستەفا بارزانیو شێوازی هاتنی بۆ سولەیمانی و شێوازی ئەو پێشوازییەی لەلایەن هاوڵاتیانەی ئەو شارەوە لێی كراوە. بۆ ئەو كارەش گەڕاوەتەوە بۆ تۆمارەكانی مێژوو، كە باسیان لەو ڕووداوە مێژووییە كردووە.
بەشێكی دیكەی كارەكەی كاكە زانیار وەرگرتنی ڕای دەیان كەسایەتی كوردی باشووری كوردستانە لە مێژوونووسان و پسپۆڕانی ئاكادیمی و نووسەران و ڕۆژنامەنووسان لەسەر مستەفا بارزانیو بۆچوونی ئەوان لەسەر ئەو سەردانەی بۆ سولەیمانی. بۆ ئەم كارەش لاپەڕەكانی 33-440ی بۆ تەرخانكراوە، كە زۆرترین بەشی بەرهەمەكەی لە خۆگرتووە، بەهۆی ئەوەی دیدارێكی مێژوویی تایبەتی لەگەڵ هەریەك لەوان ئەنجامداوە. لەم بوارەشدا هەوڵیداوە دەستی بگاتە نزیكەی 54 مێژوونووس و پسپۆڕانی ئاكادیمی و نووسەر و ڕۆژنامەنوو، تا رای هەریەك لەوان لەو بارەوە بزانێت. لەم نێوەندەدا دیداری لەگەڵ پۆلێك كەسایەتی دیاری نەتەوەكەمان كردووە، وەك خوالێخۆشبووان پرۆفیسۆر دكتۆر كەمال خەیات و پرۆفسیۆر دكتۆر كاوەس قەفتان و پرۆفیسۆر دكتۆر ئیسحان فوئاد و پرۆفیسۆر دكتۆر مستەفا زەڵمی و پرۆفیسۆر دكتۆر نەسرین فەخری و پرۆفیسۆر دكتۆر جەمال نەبەز وەك پۆلێك پسپۆڕانی ئاكادیمی دیار و فوئاد عارف و حەمەی مەلا كەریمی مودەڕیس و غەفووری میرزا كەریم و جەلالی ئەمین بەگ، كەریم زەند،…تاد تا بە هەریەك لە پرۆفیسۆر دكتۆر كەمال مەزهەر ئەحمەد و پرۆفیسۆر عیزەددین مستەفە ڕەسوڵ و پرۆفیسۆر دكتۆر هۆگر مەحموود فەرەج و پرۆفیسۆر دكتۆر موحەممەد مەحوی و جەمال بابان، جەلال دەباغ دەگات، كە خۆشبەختانە تا ئێستا لە ژیاندا ماون. دیارە هەریەكیش لەوان پسپۆری بوارێكی ئاكادیمی و ناوێكی دیاری نێو گۆڕەپانی ڕووناكبیری كوردی بوون.
لەبەشێكی دیكەدا ئاوڕی لە شاعیرانی كورد داوەتەوە، كە لاپەڕەكانی 441-676ە بۆ تەرخانكراوە، تا هەست و ناخی خۆیان لە قۆناغێكی مێژووییدا بۆ مستەفا بارزانی خستۆتەڕوو. لەم بەشەشدا نزیكەی 95 هۆنراوەی 85 شاعیری ئەو شارە و دەوروبەری، لەوانە فایەق بێكەس، پیرەمێرد، حەمدی، قانع، بەختیار زێوەر، كامەران موكری، رەمزی ولا مارف، مەلا راجی، كاكەی فەلاح، حەسیب قەرعداغی، ئەحمەد هەردی، حەمە ساڵح دیلان، شێركۆ بێكەس، …تاد هێناوەتەوە، تا بۆچوون و هەستی ئەوان بۆ مستەفا بارزانی بخاتەڕوو، كە چۆن هەست و ویژدان و ناخی ئەو پۆلە شاعیرە ناسراو دەركەوتەی كوردی لەو قۆناغە و دواتری هەژاندووە. تەنانەت هۆنراوەی هەریەك لەوانی وەك نموونەیەكی بەرزی ئەوان هێناوەتەوەو بەشێكی بەرهەمەكەی لێ پێكهێناوە.
بەشێكی دیكەی بەرهەمەكەی بۆ خستنەڕووی نامە و بەڵگەنامە مێژوییەكان تەرخانكردووە، كە لاپەڕەكانی 677-728 لەخۆگرتووە. لەم بوارەشدا چەند نامەیەكی خودی بارزانی نەمر و رێزدار مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەنێوان ساڵانی 2005-2017 خستۆتەڕوو، لەپاڵ چەند نامەیەكی ڕێزداران نێچیرەوان بارزانی وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی وەك ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، كە بۆ چەند كەسایەتییەك و خودی نووسەر نێردراون. كۆی نامە و بەڵگەنامەكانیش 40 نامە و بەڵگەنامەن. دوا بەشیش كە لاپەڕەكانی 729-883 بۆ خستنەڕووی زیاتر لە 400 وێنەی تایبەتی مستەفا بارزانی و هاتنی بۆ شاری سولەیمانیو پێشوازی بەرپرس و كەسایەتی و هاوڵاتیانی ئەو شارە و دەوروبەری لەو كەسایەتییە.
لە دوا لاپەڕەكانیشدا نووسەری ئەم بەرهەمە، كتێبە چاپ و بڵاوكراوانەی خۆی و ئەو بەرهەمانەشی چاوەڕوانی چاپن خستۆتەڕوو. بەوەش بەرهەمێكی 896 لاپەڕەیی ئامادەكردووە، تا لە ئاست گەورەیی بارزانی نەمردا بێت.
ماوەتە بڵێین: مستەفا بارزانی كوڕی شێخ موحەممەد كوڕی شێخ عەبدلسەلام لە 14ی ئازاری1903ز لە گوندی بارزان لەدایكبووە و لە 1ی ئازاری1979ز لە نەخۆشخانەی جۆرج واشنتۆن لە شاری واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و لە تاڕاوگە و دوای ململانێیەكی سەخت لەگەڵ نەخۆشییەكی كوشندە كۆچی دوایی كرد. واتە لە نێوان ساڵانی 1903-1979ز یەكێك بوو لە دیارترین سەركردە و قارەمانەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی كورد ناسرا. ئەو پێناسەیەش لە 76 ساڵی تەمەنییەوە سەرچاوەی گرت. بەوەی لە نێوان ساڵانی 1932-1933ز فەرماندەیەكی ڕاپەرینی یەكەمی بارزان كرد. لە نێوان ساڵانی 1943-1945زش سەركردایەتی شۆڕشی دووەمی بارزانی كرد. دواتر بۆ ماوەی یانزە مانگ بەشدارییەكی كاریگەری لە كۆماری دیموكراتی كوردستاندا كرد، بەوەی لەلایەك پلەی جنڕاڵی پێدرا و لەلایەكی دیكە كرایە سەرۆكی تەواوی هێزەكانی بارزانی لە كۆمار، كە بە 1500 پێشمەرگە و فەرماندە مەزندە كرابوون. واتە فەرماندەیی گەورەترین هێزی چەكداری كۆمار بوو. كاتێكیش كۆمار لە 17ی كانوونی یەكەمی1946ز بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی زلهێزی ئەو سەردەمە، بارزانی سەركدایەت و پێشڕەوی 500 پێشمەرگەی كرد و بەرەو یەكێتی سۆڤیەت بەرێكەوتن. لە كاتی بەجێهێشتنی كۆماری كوردستانیش و دەستپێكردنی ڕێڕەوە مێژووییەكە لە 22ی مایسی1947ز تا ئەو كاتەی لە 18ی حوزەیرانی1947ز لە ڕووباری ئاراس بە خۆی و هاوڕێكانیەوە پەڕینەوە پێنج جار زۆر بە سەختی سوپای ئێرانی تێكشكاند. بەوەش خۆی و هاوڕێكانی گەیشتنە نێو سنووری وڵاتی یەكێتی سۆڤیەتی جاران.
دوای 11 ساڵ ئاوارەبوونیش لە یەكێتی شۆڤیەتی جاران ڕووسیای ئێستا لە 6ی تشرینی یەكەمی1958ز گەیشتەوە شاری بەغداد پایتەختی دەوڵەتی ئێراق و دواتر سەردانی شارەكانی هەولێر، سولەیمانی، كەركوك، دهۆكی كرد. لەنێوان ساڵانی 1961-1975ز رابەرایەتی شۆڕشی ئەیلولی كرد، تا دواجار لە 1ی ئازاری1979ز بۆ دواجار و لە تاڕاوگە و دوور لە نیشتمان كۆچی دوایی كرد. هەربۆیە كاكە زانیار كارێكی جوان و گەورەیی بۆ یەكێك لە كەسایەتییە كاریزما و گەورەكانی مێژووی نەتەوایەتیمان ئەنجامداوەو لاشمان وایە ئەو ماوەیەی تەمەنی بە هەدەر نەداوە. دیارە ئەوەش دوای چەندین كاری تری لە ڕابردوودا بۆ خزمەتی كورد و كتێبخانەی كوردی و مێژووی نەتەوایەتیمان.
❊ پرۆفیسۆری یاریدەدەر









