فارس قادر فەقێ عەبدوڵڵا
لە 2017/1/3 بابەتێكم لە ژمارەی 5423ی رۆژنامەی “خەبات”ی بەڕێز بڵاوكردەوە، بە ناونیشانی 2017 “ساڵی مەسعود بارزانی”یە. كە تێیدا كۆمەڵێك بابەتم باسكرد بوو، ئەوەی جێگای شانازی و سەروەرییە بۆ هەموو تاكێكی بە شەرەفی گەلی كورد بڕیارە پڕشكۆ و مەزن و شەرەفمەندییەكەی مانگی حوزیرانی 2017 بوو كە سەرۆك مەسعود بارزانی تێیدا رۆژی دەنگدانی ریفراندۆمی كوردستانی راگەیاند بە ئامادەبوونی زۆرینەی پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كە دەكرێ بگوترێ وەك جاڕدانی بەندەكانی مافی مرۆڤ بوو لە لایەن نەتەوەیەكگرتووەكان لە ساڵی 1945 بۆ كورد كە بوو بە مێژووێك و دەكرێ بگوترێ ساڵی2017 ساڵی راگەیاندنی ماف و ویست و چارەنووسی كورد بوو كە جاڕدانی سەربەخۆییە و بە فەرمیكردن و پاڵپشتیكردنی دەنگی گەلی كوردستانە بە رابەرایەتی سەرۆك مسعود بارزانی كە لە 25ی ئەیلوولی 2017 ئەو ئاواتەی سەرۆك مەسعود بارزانی هاتەدی و بوو بە مێژووێك و تۆماركرا بەناوی پێشمەرگەی خەباتگێڕ و مەزن سەرۆك مسعود بارزانی، ئەگەرچی دەستی خیانەت بوو بە بەربەست لە 16ی ئۆكتۆبەری هەمان ساڵ كە بەقەدەر خیانەتی رێككەوتننامەی جەزائیری 1975 و بگرە زیاتریش گورزێكی كوشندەیان لە جەستەی كورددا، كە وەك خەنجەرە ژەهراوییەكەی ئەو سەردەم زۆر بە نامەردی لەپشتەوە لێیان داین كە ئەو سەردەم بە پلان و پیلانیكی عێراقی، ئێرانی، جەزائیر، بوو و دەرئەنجامەكەی گەلی كوردستان تێیدا ماڵوێران بوو، بەڵام عێراق و ئێرانیش بە ئاگرەكەی سووتان و باجێكی گەورەیان دا و تا ئەمڕۆش نەهاتوونەتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆیان و هەروەك بینیمان بە تەواوبوون و لە ناوچوونی سەرانی حوكمڕانی ئەو سەردەم كۆتایی هات و لە 1979 شای ئێران لەناوچوو و سەددامیش ئەنجامەكەی بەوەچوو كە بینیمان عێراق و ئێران شەڕێكی هەشت ساڵەیان لە نێوان بەرپابوو و هەردوو گەلی عێراق و ئێرانی تووشی ماڵوێرانی بوون و لە كۆتاییشدا كورد هەر مایەوە و رێگا لە خەباتی نەگیرا. بەڵێ ئەوكات شكست رەفزكرا و تواندرا بەردەوامی بدرێت بە شۆڕش و كاتێك ئەحمەد حەسەن بەكری سەرۆككۆماری ئەوكاتی عێراقی لە 1975گوتی شۆڕشی كوردی بۆ هەتاهەتایە لەناوبردرا! شۆڕش وەڵامی داوە دەستبەجێ و مێژوو شاهیدە كە شەهید سامی عەبدولڕەحمان بەناوی سەركردایەتیی پارتی گوتی: لن ولم ینتهی.
بەڵێ رایگەیاند و گوتی كۆتایی نایێت و ئێمە بەردەوامین و لە مەیدان دەبین و شێرەسواران و قوتابیانی رێبازی باوك بارزانیی نەمر بەرابەرایەتی پێشمەرگە و سەرۆك مەسعود بارزانی و شەهید ئدریس بارزانی و كۆمەڵێك سەركردەی تری خۆنەویست بە دوژمنانیان گوت مێژوو وەك ئێمە دەمانەویت دروستی دەكەین نەك وەك خۆفرۆشان، ئەمجارەش لە16یئۆكتۆبەری 2017 جارێكی تر مسعود بارزانی بە دوژمنانی كوردی گوت ئەگەرچی ئێوە نەوەی پیلانگێڕانی جەزائیرن ئەگەرچی ئێوە نەوەی سەدام و ئەحمەد حەسەن بەكرن، ئەگەرچی شای ئێران گۆڕاوە بە جوبە وعەمامە لە سەران، بەڵام ئێران هەر ئێرانی جارانە! و ئەگەرچی تەكنەلۆجیای تورك و عەجەم و عەرەب لە پشتتانە و ئەگەرچی سەرشۆڕی زلهیزەكان و بەرژەوەندی و بیرنەوتەكان سیاسەتی داگیركەرانە! كەچی دەبێ باش بزانن ئێمەش ئەوەین كە مێژوو پێی گوتن و ناساندن! بەڵێ ئێمە نەوەی شیخ عەبدولسەلام بارزانین گەر لە سێدارەمان بدەن دەیانی تر لە رێگان بۆ لەناوبردنتان، ئێمە نەوەی شیخ سەعیدی پیرانین، بشمانسووتێنن داربەڕووین و زیندوو دەبینەوە لە شاخەكانی كوردستان وەك شێر و پڵنگ بە گژتاندا دێینەوە، ئێمە نەوەی شیخ مەحمودی حەفیدین و ماندوونابین تا سەرنەكەوین ناحەسێینەوە، بەڵێ لە قۆتابخانەی كۆمارەكەی قازیش پەروەردە بووین لە مێژوودا ناسڕێینەوە و پێشمەرگە و هاوڕێ و هەڤاڵی بارزانیی نەمرین لە هیچ سنوورێك ناگەڕێینەوە، ئەمڕۆ لێرەین بەیانی خەبات دەكەین، هەرچوار پارچەش بۆ كورد بێنەوە. بەڵێ، بەدوای قوتابیەك كەوتووین و ئەخولێینەوە، ئاڵای كوردستانی لە دەستە و داوای سەربەخۆیی دەكات و بۆ ئەم زاتە دەمرین و دەژین، ناحەسێینەوە، بەڵێ لە 16ی ئۆكتۆبەر شێرەسواران و دڵسۆزان خاوەنشەرەف و غیرەت و مەردەكان گوتیان ئێمە لێرەین پردێ گۆڕستانتانە، سحێڵا قەسباخانەی خائینانە، ئێرە كوردستانە، كورەی تاوانەوەی دەبابەی ئەبرامزچییەكان و خۆفرۆشان و هەموو چەكەكانی ناوخۆی و بێگانانە، مەرج نییە چ چەكێكە
(دەبابەی ئەبرامزی ئەمەریكی و كاتیوشەی رووسی، یان فڕۆكەی ئێرانی! یان جاسووسی بارەگای توركی، یان كورتە باڵاكانی سەردەمی عەقڵییەتی خیانەتكاری 66 هەمووی دەتاوێنێتەوە و بەڵێ بە كورەی گەرمی، دڵی كوردی بە شەرەف و بەهێز و خوێنگەرمی رێبازی كوردایەتیی رەسەن خەونەكانیان لە گۆڕنان، سەرەكانیان پێ شۆركردن خاوەن عەقلیەتە شوڤینیە شەرانگیزەكانی بەچكە بەعسیان روو رەشكرد بەڵێ هەر ئەم گەلە بوو بە رابەرایەتی مسعود بارزانی مێژووی گۆڕی و شكستی بە سەركەوتن رازاندەوە (هەرێ هاتی قەزەمەكانی ناوخۆیی بازرگانە خۆفرۆشەكانی بە سەركەوتن گۆری).
هەروەك بەر لە 50ساڵ لە مێژوو مێژوویان رەش و رەشتركرا، بەڵێ سەرۆك مەسعود بارزانی لە 2018 بەردەم دوژمنانی وەك دانەوێڵە دوریەوە و لێی نەگەڕا ببێت بە پاوان بۆ چەقەڵ و گورگ و سەگە هارەكانی ناوخۆشمان، بەڵێ ئەم ساڵەشی هەژاند، بەڵێ ئەو بەربەستەی كە وەك سەرڕێرەوی ئاو لەبەردەم كورد هەبوو، و كرابوو، هەمووی شكاند، بەڵێ وەك ئاوی پەنگخواردوو بە سەرسەردا تێپەڕی، سەدەی داگیركەرانی هەژاند و لە زۆرڵاوە شكاند و ئەو هێندە ماوە بتەقێتەوە سەر سەریان، لەناویان ببات، بەڵێ سنووری داخراوی كوردستان و ئابلووقەی نەیارانی بە حیكمەتی خۆی شكاند، بەڵێ چۆكی بۆ دوژمنان دانەنا و جارێكی تر دوژمنانی ناچاركرد بێنە بەردەرگا و داوای برایەتی و تەبایی و پێكەوەژیان بكەن لە كورد، بەڵێ ئەوەی دوێنێ بە پاسدار و دەبابەی ئەمەریكی هێزی ئیقلیمی كوردی دەترساند، ئەمڕۆ لە ترسی كورد باسی برایەتی دەكات، بەڵێ كاتێكیش مەسعود بارزانی پاڵپشتیی خۆی بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق عادل عەبدولمەهدی راگەیاند و سەردانی بەغدای كرد لە 2018/11/22 و سەردانی سەركردە باڵاكانی عێراقی كرد، تێكرا دڵخۆشی خۆیان دەربڕی و هاتنە ئاخاوتن و پێشوازی، هەروەك عادل عەبدولمەهەدی دەڵێت: (شەرەفمەندین بە سەردانی مەسعود بارزانی بۆ بەغدا و بەڕێزیان زیاترن لەوەی پێناسەیان بكەین و ئەو خەباتكارێكی دێرینە و تەنانەت چیاكانی كوردستانیش ئەو دەناسن كە سەركردایەتیی پرۆسەی گۆڕانكای و بەرەو دیموكراتیبوونی لە عێراق دەكرد بۆ رووخانی دكتاتۆرییەت، ئەو خەباتی لە پێناو گەلی عێراق و گەلی كورد كردووە، گوتیشی: بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، ئەندازیاری پرۆسەی بونیادنانەوەی پەیوەندییەكان بووە، نەك تەنیا لە عێراق، بەڵكو لە ناوچەكە و لە جیهانیشدا و گوتی ئێمە پێشوازیمان لە رێبەرێكی گەورە كردووە و ئەو كەسێكە سیفەتی سەركردەی تێدایە و رێزێكی زۆری هەیە و بەخێرهاتنی دەكەین).
موقتەدا سەدر لە لایەنی خۆی گوتی: سەردانی سەرۆك بارزانی سەردانێكی گرنگ و مێژووییە و بووە مایەی خۆشحاڵی سەرجەم لایەنەكانی عێراق و سەرەتایەكی نوێ و ئەرێنییە بۆ پرۆسەی سیاسیی عێراقی). هەروەها ساڵح موتلەك گوتی: هەر شوێنێك بارزانی رووی تێ بكات، خێر و بەرەكەت رووی تێدەكات و سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ حەوانەوەی ئاوارەكان لە كوردستان. لە لایەن موقتەدا سەدر و لایەنەكانی تریش داوا لە سەرۆك بارزانی كرا كە نووسینگەیەكی خۆی لە بەغدا بكاتەوە و زۆر لایەنی تری عێراقی جەختیان لەسەر رۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە گۆڕەپانەكە و لە هەموو لایەكوە جەخت لەسەر گەورەیی و گرنگی رۆڵی سەرۆك بارزانی كرا تا ئەو رادەیەی دەنگی شەقامیش گۆڕا بەچوونی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا، تێكڕای شەقامی عێراقی و راگەیاندن و گشت كەناڵەكانی تری پەیوەندی بوژانەوەیەكی بەرچاویان بەخۆوە بینی، تا ئەو رادەیەی لەسەر ئاستی جیهانی ئاماژەی پێكرا، هەر لە ئەمەریكا و نەتەوەیەكگرتووەكان و وڵاتاتی ئەورووپی دەوراوپشت، هەر هەموو وەك رووداوێكی گرنگ پێناسەیان كرد و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی و دەستخۆشیان لە سەرۆك بارزانی كرد، ئەمە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ رۆڵی سەرۆك و سەركردە و پێشمەرگەی كوردستان، مەسعود بارزانی، بەڵێ ئەم رابەرە رێڕەوی مێژوویی لەناو مێژوو گۆڕی، بەڵێ شكستی بە سەركەوتن رازاندەوە و مێژوو شاهیدە هەر لەو رۆژەی بووە بە پێشمەرگە تا ئەمڕۆ ئەوەی گوتیەتی خەباتی بۆ كرد و كردی، بەڵێ ئەوكاتەی ناسنامە بە گەلەكەی نەدەدرا، ئەو گوتی: من هەم و پێشمەرگەم. ئەو كاتەی میللەتێك هاتە دەنگ لە گەڵی گوتی مافی خۆمانە و ئۆتۆنۆمیم دەوێ، ئەوكاتەی رۆژی هات گوتی فیدرالیمان دەوێ، كاتێك كاتی هات گوتی و لە گەڵی گوتمان سەربەخۆییمان دەوێ، بەڵێ %93 دەنگی میللەت لەگەڵ مەسعود بارزانی گوتیان ساڵی 2017 ساڵی ئێمەیە و ئێمە ئێمەین!
كاتێكیش رووڕەشان مێژووی رەشیان دووبارە و سێبارە و چەندین بارە كردەوە، وەك مێژووی 66 و 75 و 79 و 82 دوژمنان ئەوجارە سەرلەنوێ لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 نوێیانكردەوە و دیسان مەسعود بارزانی گوتی ئێوە مێژووتان رەشكرد، ئێمە بە رووی رەشی ئێوە دەیسڕینەوە، بەڵێ كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر ئازاری داین و برینداری كردین و خوێنی لە جەستە هێناین، بەڵام ئێمە نەمرین و نامرین و ناكەوین، بەڵێ ئەوە ئێمەین لێرە ماوین و دەمێنینەوە و مێژوویەكی نوێمان لە 2017 تۆماركرد، پڕ لە سەروەری دەنگی %93مان بە جیهان ناساند، بەڵێ چووە ناو مێژوو و ناسڕێتەوە، خیانەتی 16 ئۆكتۆبەری لە گۆڕنا و بەڵێ چەتەكانی ناوخو لەسەر ئەژنۆن و دەپاڕێنەوە هەموو كارێك دەكەن ئەم مێژووەیان لە یاد خەڵك ببەنەوە، دووژمنە بێ ئابڕووەكان، وەك سەدام و ساڵی 1975 كەوتوونە ناو زۆنگاوێك لەناو هەڵەكانیان وا دەخنكێن، سەرانی عێراقی بێ وەفا و بێ نمەك، جارێكی تر وەك پیشەیان لە مێژوو وا دەپاڕێنەوە، چی ماوە بڵێین و باس بكەین، هەر هێندە نەبێت، گەر كورد یەكبگرێ، لە ساڵی 2017 تۆمار و تاپووی خاك بەناوكردن بوو، بۆی ساڵی 2018 لەگۆڕانی شكست بوو بە سەركەوتن و هەستانەوە سەرپێ و رووڕەشكردنی دوژمنان بوو، دەبا كار بكەین بۆ 2019 وبڵێین 2017 ساڵی مەسعود بارزانی بوو كە ریفراندۆمی سەربەخۆیی راگەیاند و ساڵی 2018 ساڵی شەرەف و غیرەت و هەڵوێست و بەرخودان بوو كە مەسعود بارزانی باڵانسی راگرت و جلەوی نەدا بە كەس و رەفزی شكستی كرد، ناخ و دەروونی خۆفرۆش و دوژمنانی هەژاند، دەبا ساڵی 2019 بكەین بە ساڵی یەكدەنگی و تەبایی و برایەتی، بەرانگاربوونەوەی عەقڵییەتی ناوچەگەرێتی و پاوانخوازیی و خۆ بەكەمزانین و بێگانەپەرستی، كە دەبن بە هۆی خۆفرۆشی و خۆكوژی و تا بتوانین بە ناحەز و دوژمنان بڵێین لە 2017 رێگاتان لێگرتین، لە 2018هیلاكتان كردین، لە 2019 دەچەقینە ناو چاوتان و دەڵێین ئێمە كوردین و خاوەن خاكین، لە حەقیقەتدا دەوڵەتین لە پێناسەش شەرم ناكەین، ئێمە جیایین و سەربەخۆیمان دەوێ، ئێمە كوردین دەیان سالێكی تریش بەربەست هەبێ سنوور بگرن، سوودی نییە، چونكە خاوەنی %93دەنگی مرۆڤی مەردین و سەربەخۆیی ئاواتمانە، دەوڵەت رێباز و خەباتمانە، بۆی دەژین و بۆی دەمرین، چونكە كوردین و هاورێ و هەڤالی مەسعود بارزانی، خەباتگێڕ و پێشمەرگەی مەردین.
❊ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێری (پ.د.ك)









