خهبات: رەسول ساڵح
دوای دروستكردنی باڵاخانەی نوێی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر، بەشێك لە هاووڵاتییان گلەییان لە رۆتین و قەرەباڵغی و بوونی كێشە لە بەڕێوەچوونی كارەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە هەبوو. وەك ئەركێكی رۆژنامەوانی بە پێویستیمانزانی راپۆرتێكی مەیدانی لەوبارەیەوە ئەنجام بدەین، بۆیە سەردانی موقەدەمی هاتوچۆ فازیل حاجی-مان كرد و سەبارەت بە گلەیی و گازندەی هاووڵاتییان دواندمان.
سەبارەت بە بیرۆكە و هۆكاری دروستكردنی بینای نوێی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، موقەدەم فازیل حاجی بە خەباتی راگەیاند: پێشتر بەڕێوەبەرایەتیییەكانی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان باڵاخانەیان نەبوو و ئەمە كۆمەڵگای هاتوچۆیە و لە هەر سێ شاری هەولێر، سلێمانی و دهۆك بە یەك دیزاین دروستكراوە. ئەو باڵاخانەی كە پیشتر هەمانبوو سەردەمێك دروستكرابوو كە لە پارێزگای هەولێر 20 هەزار ئۆتۆمبێل هەبوو و لە تەنیشتی شاری هەولێر بوو و كێشەیەكی ئەوتۆی دروست نەدەكرد، بەڵام ئێستا 740 هەزار ئۆتۆمبێلی تۆماركراومان لە هەولێرمان هەیە، بۆیە بەم دواییانە بە هۆی قەرەباڵغی و سەردانی زۆری هاووڵاتییان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكەمان، جەنجاڵییەكی زۆر و هەروەها كێشە بۆ گەڕەكەكانی دەوروبەر و شەقامەكان دروست ببوو.
هەروەها ئامانجێكی دیكەمان ئەوەبوو، هەموو بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان لە یەك باڵاخانە كۆبكەینەوە، كە پێشتر بۆ ئەوەی قەرەباڵغی دروست نەبێت، هەریەكەیان لە شوێنێك بوو. ئێستا كە هەموو بەشەكان لەناو كۆمەڵگاكەدان، پێویست ناكات هاووڵاتییان بۆ نووسراوێك یا واژوییەك رێگایەكی دوور ببڕن و بێنەوە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر. هەروەها بانكێك لە كۆمەڵگاكەماندا هەیە كە پێشتر لە دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بوو و ئەمەش ئاسانكارییەكی ترە بۆ هاووڵاتیان.
لە كاتی سەردانمان هاووڵاتییەكمان بینی، كە نائومێدی و ماندووبوون بە روخسارییەوە دیاربوو، گوتی: شوێنەكە زۆر دوورە، جاری وایە بە دوو رۆژ كارەكانت تەواو نابێت و فرۆشیار بۆ رۆژی دووەم نایەتەوە و كێشەمان بۆ دروست دەبێ!
وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە وەڵامدا گوتی: سەبارەت بە سلێمانی و دهۆك، كۆمەڵگای هاتوچۆی هەولێر زۆر نزیكە، هی سلێمانی لە چەمچەماڵە، بەڵام نزیكە لەوێ و لە سلێمانی زۆر دوورە. ئەم كۆمەڵگایە دەكەوێتە سەر 150 مەتری. وەكو هەموومان دەزانین لە ئێستادا لە هەولێر و لەناو 120 مەتریدا شوێنێكی وا نەماوە كە وا گەورە بێت كە جێگەی ئەو قەرەباڵغییەی ببێتەوە و ئەگەر هەشبوایە كێشەی بۆ دراوسێكان و شەقامەكانیش دروست دەكرد. بۆیە دەتوانین بڵێین شوێنێكی باشە و بە تایبەتی بۆ دەوروبەر كە نزیكە لە 120 مەتری و لە داهاتوودا لەسەر 150 مەتری دەبێت بۆیە شوێنێكی زۆر گونجاوە.

هاووڵاتییەك كە كارەكانی تەواو نەببوو و گلەیی لێدەباری بۆ خەبات گوتی: زۆر زۆر بێزارم، قەرەباڵغییەكی زۆر زۆرە، كارەكان بە جوانی بەڕێناكەن، هەر كەموكورتییەكی بچووكت هەبێت، كارەكەت بۆ ناكەن و دەبێت دووبارە سڕە بگریتەوە!
حاجی گوتی: راستە كە دێیتە ناو باڵاخانەكە قەرەباڵغییەكی زۆر دەبینی، بەڵام هەمووی لە یەك هۆبە و ژوور نییە و وەك پێشتر باسمان كرد گشت بەشەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان ئێستا لێرەن و كارەكان زۆر بە ئاسانی و بە شێوەیەكی رێكوپێك بەڕێوەدەچێت. ئەو بەشەی كە كارەكان تیایدا درەنگ دەكەوێت بەشی ساڵنامەی تایبەتە كە زیاتر لە چوارسەد هەزارە و لە كاتێكدا لە بەشی بارهەڵگر و تاكسی كارەكان زۆر بە ئاسانی و خێرایی بەڕێوەدەچێت. هەروەها ئێستا بە نیازین سیستەمی ئایزۆ لە كارەكانمان پەیڕەو بكەین و چەند فەرمانبەرێكمان لە خولی راهێنان دان و ئەگەر سیستەمی ئایزۆ بكەوێتە كار، بەشێكی زۆری رۆتین نامێنێت و ئەوەی بە دوو رۆژ دەكرێ ئەوسا بە دوو كاتژمێر جێبەجێ دەكرێت.
وەك پێشنیازێك هاووڵاتی ئیسماعیل ئەحمەد داوایكرد كە لەو شوێنانەی كە ژمارەی فەرمانبەر و ئەفسەر كەمە ژمارەی زۆرتر دابنێنن، هەروەها مامۆستا فەرەیدون ساڵح پێشنیازی كرد كە ئۆف بدرێتە ئەفسەر و فەرمانبەران و هەروەها فەرمانبەری یەدەگ هەبێ، چونكە قەرەباڵغییەكی زۆر هەیە و ئەوانیش پێویستییان بە پشوو هەیە و بەمەش دەتوانن كارەكان خێراتر بەڕێوەببەن.
موقەدەم فازیل لەوبارەوەیەوە گوتی: هیچ بەشێك نییە لە سێ ئەفسەر كەمتری لێنەبێ، ئەگەر ئەفسەرێكیش لەوێ نەبێ، دووەكەی تر كارەكان بەڕێوەدەبەن. ئەگەر زۆر قەرەباڵغ بێ دەیكەینە چوار ئەفسەر و هەندێكجار لەو بەشانەی كە چۆلترن ئەفسەر بۆ بەشە قەرەباڵغەكان دەگوازینەوە. سەبارەت بە تۆمار و گواستنەوەی مولكداریش، دەبێ خاوەنەكەی ئامادە بێت. ئەمەش هۆكاری یاسایی و ئەمنی لە پشتەوەیە و بەبێ ئامادەبوونی خاوەنی پێشوو كە ساڵنامەی بەناوە و پەنجەمۆری ئەو، ناكرێ خاوەندارییەتی بۆ كەسێكی تر بگوازرێتەوە.
گلەییەكی تری ئەو هاووڵاتییانەی كە رێگایان دوورە، موقەدەم فازیل گوتی: بۆ ئەو هاووڵاتییانەی كە لە دەرەوەی شار دێن، ئێشكگری ئێوارانمان بۆیان داناوە و دوای كاتژمێر 1:30ی نیوەڕۆ تەنیا رێگە بەوان دەدەین بێنە ژوورەوە و جێگاشیان بۆ جیا دەكەینەوە و بەگشتی زۆرترین ئاسانكارییان بۆ دەكەین بۆ ئەوەی كارەكانیان هەر لەو رۆژەدا تەواو بێت.
رسومات بابەتێكی گەرمی لاپەڕەكانی سۆشیال میدیا و دەزگاكانی راگەیاندنە، لە هۆكاری زۆری و چۆنیەتی خەرجكردنمان پرسی، كە پێمان راگەیاندرا: ئێمە لایەنی جێبەجێكارین و فرمانەكان لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆمان دێت و گشت رسوماتێك بە پسوولەی تایبەت وەردەگیرێت و لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بۆ هەر بابەتێك رێنمایی تایبەتمان بۆ هاتووە و بە پێی یاسای هاتوچۆ، وەزیری ناوخۆ و وەزیری دارایی و ئابووری سەرپشك كراون، كە رێژەی رسومات و غەرامات كەم یا زیاد بكەن. ئەو رسوماتەی كە وەردەگیرێت، %20ی بۆ سندووقی پەرەپێدانی هاتوچۆی هەرێمە و بۆ گشت پێداویستییەكانی هاتوچۆ خەرج دەكرێت، وەك دانانی هێما و نیشانەكان، دانانی گادریلی تەنیشت شەقامەكان، بەڕێوەبردنی كاروباری بەڕێوەبەرایەتییەكان و پێداویستییەكانیان و هەر بابەتی پەیوەندیدار بە هاتوچۆوە. %5ی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە تەرخانكراوە، كە دەخرێتە سەر ئەژماری سندوقی پاڵپشتی نەخۆشانی شێرپەنجە كە ژمارە حیسابێكی داخراوە و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر سەرپەرشتی دەكات، و %75ی دیكەش دەگەڕێتەوە بۆ خەزینەی حكومەت و لە دەسەڵاتی وەزارەتی دارایی دایە كە چۆن سەرفی دەكات و لە بەرپرسیارییەتی و دەسەڵاتی ئێمە نییە كە دەدرێتە ژینگە یان نا.
سەبارەت بە پلان بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغی لە كۆمەڵگای هاتوچۆ، موقەدەم فازیل حاجی گوتی: جگە لە سیستەمی ئایزۆ كە باسمان كرد، یەكێك لەو بەرنامانەی كە لەبەردەستمانە بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغی پێدانی دەسەڵاتی گواستنەوەی مولكداریەتی و نوێكردنەوەی ساڵنامەیە بە نووسینگەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆیە لە شارۆچكەكان و ئێستا لە پارێزگای دهۆك، لە هەردوو شارۆچكەی زاخۆ و ئاكرێ، جگە لە تۆماركردنی تابلۆ كارەكانی تر لە نووسینگەكان ئەنجام دەدرێت و لە داهاتوویەكی نزیكدا لە كۆیە و سۆرانیش هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی نووسینگەكەمان بكەن و جگە لە تۆماركردنی یەكەمجار دەتوانن هەر لەوێ كاروبارەكانیان رایی بكەن و ئەمەش لۆدی سەر بەڕێوەبەرایەتییەكەمان كەم دەكاتەوە و ئاسانكارییەك دەبێت بۆ هاووڵاتییان و ناچار نابن سەردانی هەولێر بكەن و لەوێ كارەكانیان جێبەجێ دەكەن.
لەبارەی گلەیی هاووڵاتییان لەكاتی بوونی كەموكورتی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر گوتی: ئێمە كار بە بەڵگەنامە فەرمییەكان دەكەین و ئەمەش بە پێی رێنمایی و یاساكان بۆ ئێمە دیاركراوە و دەبێت ئێمە جێبەجێی بكەین و ئەگەر هاووڵاتییەك یەكێك لە پێداویستییەكانی لا نەبێت ئێمە ناتوانین هیچ هاوكارییەكی بكەین، چونكە ئێمە جێبەجێكاری یاسا و رێنماییەكانین و ناتوانین لێی لابدەین، هەر بۆیە ئێمە لە ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان نووسیوومانە كە پێداویستییەكان چین. هەروەها دەبێت هاووڵاتی لەكاتی سەردانیكردنی فەرمانگە حكومییەكان گشت بەڵگەنامەكانی چ ئەسڵی و چ كۆپی لابێت بۆ ئەوەی كارەكانی بەبێ كێشە جێبەجێ ببێت و بە پێچەوانەوە دەبێت گلەیی لە خۆی بكات كە كارەكانی دوا دەكەوێت. هەروەها پێویستە بەیانییەكەی زوو دەست بەكارەكانی بكات و ئەم ڕۆژەی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان بكات. فەرمانگەیەك كە كاری 740 هەزار هاوولاتی كە لەوانەیە ئەم مانگە ببێتە 750 هەزار رایی دەكات، بە دڵنیاییەوە شوێنێكی قەرەباڵغە، بۆیە دەبێت لە سەرەتای دەستپێكردنی دەوام لێرە ئامادە بێت و گشت پێداویستییەكانی لابێت بۆ ئەوەی كارەكانی جێبەجێ بكرێت. لای ئێمەش كار بە سڕەگرتنی ئەلكترۆنی دەكرێت و كەس پێش كەس ناكەوێت.
لە كۆتایی دیدارەكەشدا بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر داوای لە هاووڵاتیان كرد كە لەكاتی شۆفێریدا پابەندی یاسا و رێنماییەكانی هاتوچۆ بن بۆ ئەوەی هەم خۆیان و هەم سامانیان و هەروەها ئەو كەسانەی كە لەگەڵیاندایە سەلامەت بن، بە پێچەوانەوە ئەگەری كەوتنەوەی رووداوی هاتووچۆ زۆر دەبێت و خۆیان و دەوروبەریان دەخەنە مەترسییەوە و ئەمەش زیان بە خۆیان و سامانی گشتی دەگەینێ.










