كیفاح مەحمود كەریم
عێراقییەكان لەگەڵ دەستپێكی سەدەی رابردوو و دامەزراندنی كۆمەڵەی ئیتحاد ئەلتەرەقی ئاشنای سیستەمی حزبی بوون، پێشتر هیچ سیستمی حزبی سیاسی بوونی نەبوو. پاش پێكهێنانی مەملەكەتی عێراقیش، هەندێ دەستەی عێراقی هەڵسان بە دامەزراندنی كۆمەڵە و حزبی ستوونی، دوای ئەوانیش حزبی نەتەوەیی و چەپڕەو سەریانهەڵدا، بەدەر لەحزبی شیوعی عێراقی ئەوانی دیكە لە ناوەكەیان بەولاوە هیچ پەیوەندی یا قووڵایێكی جەماوەرییان نەبوو، وەك وتمان زۆربەی ئەو حزبانە وەك ئەوەی ئێستاش پاش تێپەڕبوونی نزیكەی سەدەیەك روودەدات، لە ساتەوەختی هەڵبژاردن بەولاوە پەیوەندییان بە جەماوەرەوە نییە. لە ساڵانی نێوان 1921 تا 1958 عێراق جۆرە دەستاودەست كردنێكی دەسەڵاتی لەسەر شێوازی رۆژئاوایی بەخۆیەوە بینی، بەریتانییەكان لە دامەزراندنی نیزامێكی پادشایی پەرلەمانی سەركەوتنیان بەدەستهێنا، تیایدا دەستەی سیاسی ئەو كات كورسییەكانی حكوومەت و پەرلەمانیان دەستاودەست دەكرد، بەڵام دۆخەكە هەر هێندەی خایاند تا ئەو كاتەی كۆمەڵە ئەفسەرێك بە پشتگیریی هەندێ حزبی پێشكەوتووخواز و نەتەوەیی لە سەروویانەوە حزبی شیوعی عێراقی و حزبی بەعسی عەرەبی سۆشیالیست كودەتایەكی سەربازیی خوێناویان بەسەر رژێمی پادشایی ئەنجام دا، ئەو كودەتایە یا وەك ناونرا شۆڕش گۆڕانكارییەكی ریشەیی لە نیزامی سیاسی هێنا ئاراوە، كۆماری عێراق شوێنی مەملەكەتی عێراقی گرتەوە، جیاوازی كەوتە نێوان لایەنگر و توخمەكانی لەسەر گۆڕینی كۆماری نەمر بۆ دەریاچەیەك لە خوێن لە رێگای ئەنجامدانی كودەتایەك لە مانگی شوباتی ساڵی 1963 كە بووە هۆی لادانی تاكە سەركردەكەی و بەرپابوونی زنجیرەیەك شەڕ و ململانێی خوێناوی كە تا بە رۆژگاری ئەمڕۆش دەگات هەر بەردەوامەو كۆتایی پێ نەهاتووە. دوای ئەم باسە خێرایە، بۆ رۆژگاری پڕ لە نەهامەتی ئەمڕۆمان دەگەڕێینەوە، كە لە سایەی حزبە جوانكارییەكان و كێبڕكێی دەوڵەمەندبوونی خێرا كە بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر گەشەی كردووەو بڵاوبۆتەوە، بە روونی هۆكاری گردبوونەوەی ئەو كۆمەڵانە دەردەخات كە لە ژێر ناونیشان و دروشمی بریقەدار بەدوای پارووی حەرامدا وێڵن، ئەو جۆرە كەسانە دەستپێك بە دروستكردنی رێكخراو یا دوكانەكانی كۆمەڵگای مەدەنی دەستیان پێكردو دواتریش دامەزراندنی حزبی جوانكاری نێو ماڵ و عەشیرەتگەرێتی، لەبەر ئەوەی بەرهەمێكی بۆگەنە و لە لایەن وەبەرهێنەری گەندەڵ لە سەردەمێك كە رەنگ و زەوقەكان تێكەڵ بە یەك كراوە بەرهەمهێنراوە، ئاستەمە باش و خراپ لە یەك جیا بكرێتەوە، هەربۆیە دامەزراندنی رێكخراو و حزبە جوانكارییەكان هیچ پەیوەندییەكیان بە واقیعی كۆمەڵایەتی یا پێداویستی قۆناغەكە یا خەڵكەكەوە نەبووە. لە وڵاتانێكی وەك ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمەریكا و بەریتانیاو فەرەنسا و دەیەها وڵات و كۆمەڵگای هاوشێوە وڵات و كۆمەڵگاكەمان ژمارەی حزبە سەرەكییەكانیان لە پێنج حزب تێپەڕ ناكات، دەستاودەست كردنی دەسەڵات لە نێوانیاندا لەسەر بنەمای چۆنیەتی ئەداو جێبەجێكردنی ئەو بەڵێن و بەرنامە كارەی بە دەنگدەرانیان دابوو هەروەها رازیبوونی جەماوەر لە كارەكانی، گۆڕانگاری بەسەردا دێت، كە هەر ئەمەشە هۆكاری پاراستنی سەنگینی ئەو كۆمەڵگایانەو سەقامگیربوونی ئاسایش و بەرقەراربوونی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی تیایاندا، لە كاتێكدا ئێمە دوای تێپەڕبوونی نزیكەی سەدەیەك بەسەر دامەزراندنی مەملەكەتی عێراق و 15 ساڵ بەسەر (جێبەجێ كردنی دەستاودەستكردنی دیموكراتیانەی دەسەڵات) لەسەروبەندی دوایین هەڵبژاردندا، (204) قەوارەو حزبی سیاسی، كە دەگمەنە توێژەرێك بتوانێت دە حزب بە واتا زانراوە سیاسی و مێژووییەكەی لە عێراق و كوردستان لە نێو ئەو حزبانە بدۆزێتەوە. هەر ئەمەشە هۆكاری بەرهەمهێنانی پەرلەمانێكی پەككەوتە، پەرلەمانێك كە خۆی هەر لە بنەڕەتەوە لەبەر ئەوەی بەنیوەی دەستەكەی (كە نیوەكەی دیكە ئەنجوومەنی فیدراڵییە لەلایەن نەهەنگە مەزهەبی و نەتەوەییەكان رەتكراوەتەوە) كار دەكات نیوە پەككەوتەیە، سەرەڕای نوقسانیشیان ئەندامانی ئیمتیازاتێكی زۆری دزیارییان پێ دەدرێت كە لە هیچ وڵاتێكی دەوڵەمەندو هەژار وێنەی نییە، ئەمەش وایكردووە گردبوونەوە لە پێناو بەدەستهێنانی ئەو پێگانە و دامەزراندنی حزبەكان ببێتە یەكێ لە قێزەوەنترین كاری گەندەلی لە جیهانی سیاسەتدا. راستی گوتووە ئەو كەسەی كە گوتوویەتی “خێر لەدەوڵەتێك نابینیت ئەگەر ژمارەی حزبەكانی زۆر بێت!!!”.
و: خالید گـەردی









