نەزهەت حالی
كاندید كردنی كاك نێچیرڤان و كاك مەسرور بارزانی بۆ دوو پۆستی گرنگی هەرێمی كورستان، لای زۆر كەس بە تایبەت جەماوەر و لایەنگرانی پارتی و ئەوانەی كە پارتی نین، بەڵام پێیان وایە بوونی كەسانی بەهێز و خاوەن ئەزموون لە ئاستی باڵای بەڕێوەبردنی وڵات بە تایبەت لەو بارودۆخەدا كار و پێویستیەكی ژیارییە، بە خۆشبینی و خۆشحاڵییەوە پێشوازی لێكراوە، زۆر سروشتییە لە كەشوهەوای دیموكراسی كەسانێكیش ڕای جیاوازیان هەبێت. ئەوەی لێرەدا مەبەستمە ئاماژەی پێ بدەم، لە بەدبەختی گەلی كوردستانە تاكو ئێستا كەشێكی ئارام و سەقامگیری ئەوتۆ بۆ ماوەیەكی درێژخایەن دروست نەبووە كە ئیتر بڵێین قۆناغەكە هەستیار نییە و دامەزراوە فەرمییەكانیش ڕەگی خۆیان بە قوڵی داكوتاوە، لە ڕاستیدا ئەو قۆناغەش زۆر هەستیارە و پێویستیمان بە سیاسەتمەداری شارەزا و خاوەن ئەزموون و ناسراو هەیە كە بتوانن وەكو یەك تیم بە پێی بەرنامەی سیاسی و ستراتیژی بۆ بەرژەوەندی هەرێم كار بكەن، بەر لە هەموو شتێكیش مانەوەی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان بپارێزن و پاشان لە هەموو ڕووەكانی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی و زانستی پێشی بخەن. لەداهاتوودا ئەركی ئەو دوو بەڕێزە ئاسان نابێت و گەرچی زۆر لە بەرپرسارێتییەكە ئەكەوێتە سەرشانی هەردووكیان بەڵام بە تەنیا بەوانیش ناكرێت، نەك تەنیا تیمی حكومەتی داهاتوو بەڵكو تیمی پەڕلەمانیش لە پارتییەكان و لە وانەی كە بەشدار دەبن لە پێكهێنانی حكومەتی ئیئتیلافی داهاتوو زۆر گرنگە تەواو كەری یەكتری بن، نەك دژی یەكتری بن، ئەوەی گرنگە لایان سەركەوتنی هەرێم وگەلەكەی بێت. ئەوە ڕاستییەكە كە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم درێژە پێدەری كابینەكانی ڕابردووە، میراتگری هەردوو لایەنی باش و خراپی كار و بڕیار و كردارەكانی كابینەكانی پێشوترە، زۆر شتی باش كراوە بەڵام كەموكوڕیش هەن كە عەقڵی سەلیم پێمان دەڵێت كاتی ئەوە هاتوە كە دەبێت چاك بكرێن. لە بەرئەوەی پارتی زۆرینەی كورسییەكانی پەڕلەمانی هەیە هەر بۆیە پێم وایە ئێمەی پارتییەكان زیاتر لە لایەنەكانیتر بەرپرسیارییەتیمان دەكەوێتە سەرشان، لە نوسین و قسە كردن و لە وتاردان نابێت هێرش بكەینە سەر هیچ كەس و لایەنێك، دەبێت بەكارهێنانی زمانی نەرم و لۆژیك باشترین شێوازی دەربڕینی باوەرەكانمان بێت، ئەو جۆرە لە گوفتار و رەفتارە نەرم و لۆژیكیە نابێت تەنیا بۆ كاتێكی كورت و دیاریكراو بێت، بۆ ئەوەی خەڵك بە هەلپەرستی لە قەڵەمی نەدەن، بەڵكو پێم وایە ئەبێت ببێتە كەلتوری سیاسیمان كە لە ئەنجامدا كاریگەری زۆری بۆ پاراستنی ئاسایشی كوردستان دەبێت. كاك نێچێیرڤان و كاك مەسرور وەكو دوو كارەكتەری سیاسی پارتی و هەرێم تەواوكەری یەكتر دەبن لە بەڕێوەبردنی هەرێم، ئەزموونی سیاسی و دیپلوماسی و ئەمنی ئەوان لەگەڵ تیمێكی بە هێزی كارگێڕی و تەكنوكراتی دلسۆز وپاك و شارەزای حكومەت دەتوانێت هەرێم بەهێزتر و گەر خوا و گەلی كوردستان پشتیوانی ئەوان بن دەتوانن لە خزمەت كردنیان سەركەوتوو بن. لە سەر هەر كەسێك كە پۆستێك وەردەگرێت لە حكومەت بە كاك نێچیرڤان و كاك مەسروریشەوە پێویستە كە وەرگرتن و بەڕێوە بردنی پۆست بە ئەرك بزانن نەك مافی خۆیان، بۆ ئەوەی بتوانن هەست بە بەرپرسارێتی بكەن و ئەركی سەرشانیان جێبەجێ بكەن و ببنە جێگای رەزامەندی هاووڵاتیان. لایەنە سیاسییەكان، بە پارتییەوەش پێم وایە جگە لەوەی سروشتییە وەكو استحقاقی هەڵبژاردن لە كۆبوونەوكانی پێكهێانی حكومەت و دابەش كردنی پۆستەكان داوای بەشی خۆیان بكەن، بەڵام لەوەش گرنگتر بوونی كارنامەیەكە كە حكومەت وەكو یەك تیم كاری لەسەر بكات و كەسانی شارەزا كە بە دور بن لە دەمارگیری بێ مانا و كەسانی بە توانا و پاك و دڵسۆز بن كە بتوانن خۆیان لەگەڵ كاری حكومی و ئیداری بگونجێنن و بە كاری تیمی و بە بەرنامە هێز بدەن بە دامەزراوەكانی فەرمی و حكومەتێكی بە هێز پێك بهێنن. حكومەتی بەهێز واتە حكومەتی خاوەن دامەزراوەی بەهێز كە بتوانن یاسا و هاووڵاتیان بپارێزن، حكومەتێك كە بە دور بێت لە میزاجی كەسی و خاوەن بەرنامە وپلانی پێش وەختە بێت و هەڵی كار بۆ بێكاران بڕەخسێنێت، حكومەتێك كە كوردستانیان سەرەڕای جیاوازی باوەڕی سیاسییان بە هی خۆیان بزانن. پێم وایە لە ئێستادا بارودۆخی نێوخۆی هەرێم بە تایبەت لە نێو پارتە سیاسییەكان گونجاوترە بۆ دیالۆگ كردن، ئەزموونی سیاسی ڕابردوومان ئەوەی درەخست نابێت بیر لە سڕینەوەی یەكتری بكەین، با سڕینەوەی پارتە سیاسییەكان لە مەیدانی كاری سیاسی بۆ بڕیاری گەلی كوردستان بێت لە كاتی هەڵبژاردنەكان، گەل كێی پێ باش بێت با هەڵیبژێرێت، هەر بۆیە گەر ڕای گەل ببێت بە پێوەر، لایەنە سیاسییەكانیش ناچارن كاری باش هەڵبژێرن لە بری كاری چەوت و هەڵە و خۆیان لە دیماگۆگیەت و فریودانی خەڵك بە دور بگرن. هەروەها پێم وایە ئەوەی سیاسەت دەكات دەبێت زۆر كار بكات بەڵام نەفەسی درێژی هەبێت، حزبە مەزن و مێژوییەكانی كوردستان لەوانە پارتی بە خەبات و كاری سیاسی زیاتر لە حەفتا ساڵ گەیشتووەتە ئاستی ئێستا كە بتوانێت گەورەترین پارتی سیاسی هەرێم و عێراق بێت، ئەو حزبە بە قسە و بە دروشمی هەندێ كەس و لایەن لە نێو ناچێت. ئەوە هەڵەی پارتە سیاسییەكان و خۆ نوێ نەكردنەوەو خۆ نەگونجاندنیانە كە لاوازیان دەكات و دەبێتە هۆكاری پوكانەوەیان. لە كۆتاییدا پێم وایە هەروەك چۆن پاراستنی كوردستان و گەلەكەی ئەركی هەموومانە، پشتگیری كردن لە كابینەی داهاتووش ئەركی هەموومانە بۆ ئەوەی ئەو حكومەتە بتوانێت حكومەتی یاسا پارێزی وخزمەتكردنی گەلی كوردستان بێت.









