سوورە مەرگەیی
ئەوانەی هیچ ئاشنایەتیان لەگەڵ سەنگەری بەرگری نەبوو، یان ئەوانەی لە سەنگەری خیانەتدا فێری ورتەورتی سیاسەت بوون، ئەوانەی لە بڕیارەكانی مێژووی خەبات و قوربانیدان بێئاگان، یان مێژووی رزگاری نیشتیمانی بێز لە رابردوویان دەكاتەوە، لە بچووكی خۆیانەوە سەیری سەرۆك بارزانیان دەكرد، بۆیە بەردەوام بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە كورسی سەرۆك بارزانی گەورە كردووە و ئەگەر كورسیەكە نەمێنی سەرۆك بارزانی بچووك دەبێتەوە.
كورسی نەما و سەرۆك بارزانی هەر بە گەورەیی مایەوە، چونكە ئەوەی سەرۆك بارزانی گەورە كردووە سەنگەری بەرگری بوو لە كوردستان و ماف و ئازادیە نەتەوەییەكان، ئەو مێژووە بوو كە وەرچەرخانی لە خەباتی رزگاری نیشتیمانیدا درووست كرد، نەك وەك ئەوەی بە هەڵە چووەكان پێیان وابوو كە كورسی سەرۆك بارزانی گەورە كردووە. نازانم ئەوانە بە هەڵە چوون یان دەستێكی دوژمنكارانە لە پشتیانە و بە هەڵەیان بردوون، جا ئەگەر بە هەڵە چوون پێویستە داوای لێبووردن لە سەنگەرەكانی بەرگری بكەن و بۆ ئەوەی چیتر بە هەڵە نەچن پرس و رایەكیش بە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد بكەن، خۆ ئەگەر بە هەڵە براون پێویستە لەو راستییە بگەن كە ئەو دەستەی بە هەڵەی بردوون لە ئاستی گەورەییەكەی مامەڵە لەگەڵ گەورەیی سەرۆك بارزانی دەكات، دوا سەردانی بۆ بەغدا و راخستنی فەرشی سوور و ئەو پێشوازیەی لێی كرا، بەڵگەی گەورەیی سەرۆك (بارزانی)یە بەبێ كورسی. لێرەوە لە سۆنگەی بەزەیی هاتنەوەم بەو بە هەڵە چوانە و بە هەڵە براوانە پێیان دەڵێم: ئینكاری كردن لەگەڵ گەورەیی سەرۆك بارزانی یاخی بوونی زیاترە لە سەنگەرەكانی بەرگری كردن لە كوردستان، ئینكاری كردنی بڕیارەكانی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵكی كوردستانە، چونكە سەرۆك بارزانی لە سەنگەرەكانی بەرگری لە كوردستان و بە بڕیاری مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد گەورە بووە و بە هیچ هێزێك بچوو نابێتەوە، ئەوانەش كە ئیرەیی بە گەورەیی سەرۆك بارزانی دەبەن، ئەگەر زوو فریای خۆیان نەكەون و بەردەوام بن لەسەر یاخی بوونی سەنگەرەكانی بەرگری و ئینكاری كردنی بڕیارەكانی مێژوو، ئەوا رۆژ لە دوای رۆژ بچووك دەبنەوە تا دەگەنە ئەو ئاستەی كە هیچ نامێنن.









