خەبات: زانكۆ جاف
كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە سووریا، كاردانەوەی جیاوازی بە دواوە بووە و هاوكات بۆتە هۆی نیگەرانی لە واشنتۆن. دوابەدوای راگەیاندنی سەركەوتنی ئەمەریكا بەسەر داعش لە لایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكاوە، ئیدارەی ئەم وڵاتە باسی لە كشانەوەی هێزە سەربازیەكانی لە سەر خاكی سووریا كردووە و دەگوترێ بەم زووانەی پرۆسەی كشانەوەی هێزەكان دەستپێدەكات. بە گوتەی دۆناڵد ترەمپ، دوای سەركەوتنە مێژووییەكانی ئەمەریكا بە سەر داعش، كاتی گەڕاندنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا هاتووە. هەر زوو كاردانەوەكان پەرەیان سەند و تیایدا دوای یەك رۆژ لە بڕیاری كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە دەستی لەكار كێشایەوە. لەو چوارچێوەیەدا ماتیس نامەیەكی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپم، سەرۆكی ئەمەریكا كردووە و ناكۆكیی خۆی لەگەڵ بۆچوونەكانی ترەمپ خستووەتەڕوو. لە نامەكەدا ماتیس باسی لەوە كردووە، پێویستە ئەمەریكا هاوپەیمانییە بەهێزەكانی بپارێزێت و رێزی هاوپەیمانەكانی بگرێت.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا رایگەیاندووە، كە ئامادەكاری بۆ قۆناغی شەڕی دوای داعش دەكات، بە بێ ئەوەی وردەكاریەكانی ئەم قۆناغە بخاتەڕوو و روونكردنەوەیان لە سەر بدات. بە گوێرەی راگەیێندراوی پێنتاگۆن، وردەكاریەكانی قۆناغی دواتری ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە هۆكاری پاراستنی نهێنیەكانی و پاراستنی گیانی سەربازەكان، جارێ ئاشكرا ناكرێت. ئەمەریكا لە ئێستادا نزیك بە دوو هەزار كەس لە هێزە سەربازیەكانی لە سووریا جێگیر كردووە. لە كاتێكدا بە گویڕەی سەرچاوەكان، ئێستاشی لە گەڵ بێت ژمارەیەك لە هێزەكانی داعش لە ناوچە جیاوازەكانی سووریا بڵاوەیان پێكراوە، ژمارەیەك لە فەرماندە سەربازیەكانی ئەمەریكا، پێشتر جەختیان لە سەر ئامادەبوونی و بەردەوام بوونیان لە كاروباری هێزەكانی ئەمەریكا لە سەر خاكی سووریا كردووە.
هەر لە درێژەی كاردانەوەكاندا سێ سیناتۆری ئەمەریكی لە دژی بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ وەستانەوە و رایانگەیاند، كشانەوەی ئەمەریكا لەم كاتەدا خیانەتە لە كورد. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هاوبەشدا، لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا لە واشنتن لیندزی گراهام سیناتۆری كۆمارییەكان و جاك رید و رۆبێرت مێنێندز لە پارتی دیموكراتەكان دژی بریارەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سوریا هاتنە دەنگ. لیندزی گراهام رایگەیاندووە: قسەم لەگەڵ وەزیری بەرگری و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و شارەزایانی سەربازی و فەرماندە سەربازییەكانی وڵاتەكەمان كردووە لە سوریا. هیچیان لەگەڵ ئەوە نین لەم كاتەدا لە سوریا بكشێنەوە. هەروەها جاك رید سیناتۆری دیموكراتەكان، بەهەمان شێوە رەخنە لە بریارەكەی ترەمپ دەگرێت و دەڵێت: برێت مەكگورك و جەیمس جێفری كەسی یەكەمی ئێمەن لە سوریا و عێراق و شارەزای بارودۆخی ناوچەكەن هەردووكیان بەدەنگی بەرز دەڵێن: هێشتا داعش لەناو نەچووە و ئەگەری سەرهەڵدانەویە زۆرە. دەشڵێت: بڕیاری كشانەوەمان لە سووریا لەم كاتەدا خیانەتە لە كورد. لەم چوارچێوەشەدا، رۆبێرت مێنێندز، كە سیناتۆرێكی دیكەی دیموكراتەكانە، دان بەوەدا دەنێت كە كورد و پێشمەرگە باشترین هاوپەیمانی ئەمەریكا بوون و بەهاوكاری كورد نەبووایە موسڵ رزگار نەدەكرا. دەشێڵێت: بریارەكەی سەرۆك ترەمپ ئەمەریكای لە هەموو جیهان بێمتمانە كردووە چیتر كەس باوەڕمان پی ناكات. ئێستاش سیناتۆرە ئەمەریكییەكان سەرقاڵی پرۆژە یاسایەكن بۆ ئەوەی ترەمپ ناچار بكەن بە بڕیارەكەیدا بچێتەوە. لیندزی گراهام، لە كۆتایی گۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا روو لەسەرۆكی ئەمەریكا گوتی: دەرفەتێك لە پێشە بۆ ئەوەی بڕیارەكەت بگۆڕی، دەنگی هەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتەكانت لەگەڵە و سوود لەو دەرفەتە وەرگرە.
هەروەها هیلاری كلینتۆن، وەزیری پێشووتری ئەمەریكا و كاندیدی ركابەری دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئێستای ئەمەریكا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەو وڵاتە (هەڵبژاردنی مانگی 11ـی 2016 لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) توانجێكی لە بڕیارەكەی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا داوە. هیلاری كلینتۆن پێی وایە ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی ”ژیاندنەوە“ی رێكخراوی تیرۆریستی داعش و شەڕی دژی رێكخراوە دەداتە دەست ئێران و رووسیا و ئەمەش ”كارێكی گەمژانەیە“. وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریكا جەختی لەوە كردووەتەوە، كە دۆناڵد ترەمپ ئاسایشی وڵاتەكەی دەخاتە مەترسییەوە و رایگەیاندووە، ئەم سەرۆكە ئاسایشی نەتەوەیمانی رووبەڕووی مەترسییەكی گەورە كردووەتەوە“.
لەلایەكی دیكەشەوە سەبارەت بە هەرەشەكانی توركیا، فەرماندەیەكی هێزەكانی سووریای دیموكرات رایگەیاندووە، هەڕەشەكانی توركیا دەچنە خزمەت بەرژەوەندییەكانی داعش و هەسەدە ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ بەرگریكردن لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەگەر هێرشی بكرێتەسەر. زنار ئاواز، فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات گوتوویەتی: ئێمە ئێستا سەرقاڵی شەڕین دژی دڕندانەترین رێكخراوی تیرۆریستی جیهانی و ئەو هەڕەشانەی توركیا كە لە زاری سەرۆكەكەیەوە لە ناوچەكانی ئێمە دەكرێت، خزمەتكردنی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییەیە، چونكە دەبێتە هۆی راگرتنی هەوڵەكانمان بۆ ریشەكێشكردنی و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە بە جیهاندا. ئەو بەرپرسە جەختی لەوەش كردۆتەوە: هەڕەشەكانی توركیا مەبەست لێی رووخاندنی ورەی شەڕڤانانی هەسەدەیە، بەڵام شەڕڤانان بەردەوام دەبن لە راوەدوونانی تیرۆر.
بەریتانیانش هەڵوێستی بەرامبەر بە بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا وەرگرتووە و رایگەیاندووە، كە بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمەریكا بە مانای كۆتایی كاروباری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش نییە و بەریتانیا لە شەڕی دژ بە داعش بەردەوامە و خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت. ژمارەیەك لە ئاژانسەكانی ئێڕان بڕیارەكەی ئەمەریكایان بە شكستی ئەم وڵاتە وەسف كردووە. بەرپرسانی پەیەدە رایانگەیاندووە، كە ئەمەریكا بەم بڕیارە، لە پشتەوە بە خەنجەر لێێ دوان.
دوای یەك رۆژ لە بڕیاری كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە دەستی لەكاركێشایەوە. لەو چوارچێوەیەدا ماتیس نامەیەكی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپم، سەرۆكی ئەمەریكا كردووە و ناكۆكیی خۆی لەگەڵ بۆچوونەكانی ترەمپ خستووەتەڕوو. لە نامەكەدا ماتیس باسی لەوە كردووە، پێویستە ئەمەریكا هاوپەیمانییە بەهێزەكانی بپارێزێت و رێزی هاوپەیمانەكانی بگرێت. پێش ئەوەی پێنتاگۆن نامەكەی ماتیس بڵاو بكاتەوە، ترەمپ لە تویتێكدا رایگەیاند، وەزیری بەرگری لە كۆتایی مانگی شوباتی داهاتوو خانەنشین دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، رایگەیاند، ئەوان كار دەكەن بۆ پاراستنی تەواوی هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا لە ناویشیاندا هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، كە هێزە كوردییەكانی یەپەگە و یەپەژە بە كۆڵەكەی سەرەكی ئەو هێزانە هەژمار دەكرێن. كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا لە كاتێكدایە، توركیا هێزەكانی لە نزیك منبج و حەلەب و ناوچە سنوورییەكان كۆكردووەتەوە بۆ ئەوەی لەشكركێشی بكاتە سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و كۆتایی بە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری هێزە كوردییەكان لە ناوچەكە بهێنێت. وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، پێویستە ئەمەریكا پاراستنی خەڵكی باكووری سووریا و ئارامی ناوچەكە لەبەرچاو بگرێت، بۆ ئەوەی كارەساتێكی مرۆیی روونەداتەوە و تیرۆریستان نەگەڕێنەوە. وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا جەختیشی كردەوە ئەوان لەگەڵ ئەمەریكا و هاوپەیمانەكان گفتوگۆ دەكەن بۆ چۆنییەتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا.
نوێنەری هەمیشەیی فەڕەنسا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، فرانسوا دێلاتری لەبارەی بڕیاری كشانەوەی ئەمەریكا لە سووریا گوتی: لە چەند هەفتەی داهاتوودا فەڕەنسا لە نزیكەوە گرنگی بە پاراستنی ئەمنییەتی گشت هاوبەشانی ئەمەریكا بە هێزەكانی دیموكراتی سووریاشەوە، دەدات. دێلاتری لە دانیشتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی سووریا گوتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند كە گشت سەرنجەكانیان ئاراستەی رۆژهەڵات باكووری سووریا كردووە و راشیگەیاند كە كاری لەپێشینەی فەڕەنسا بریتییە لە لەناوبردنی داعش و رێگری لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لەو ناوچەیە. نوێنەری هەمیشەیی فەڕنسا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، دێلاتری ئاشكراشی كرد كە هەڕەشەی داعش لە سووریا بەردەوامە و زیادكردنی بارگژری لە ناوچەكەدا دەبێتە هۆی پێدانی دەرفەت بە گرووپە تیرۆریستەكان. فرانسوا دێلاتری لەبارەی بڕیاری كشانەوەی ئەمەریكا لە سووریا گوتی: لە چەند هەفتەیەكی داهاتوودا فەڕەنسا لە نزیكەوە گرنگی بە پاراستنی ئەمنییەتی گشت هاوبەشانی ئەمەریكا بە هێزەكانی دیموكراتی سووریاشەوە، دەكات. دێلاتری ئەوەشی خستەڕوو كە ئەمەریكا پێویستە پرسی پاراستنی خەڵك و ناوچەی رۆژهەڵاتی باكووری سووریا و رێگری لە دووبارە زیندبووكردنەوەی تیرۆر و سەرهەڵدانی تراژیدیای مرۆیی بخاتە بەرچاو.
وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند لە پشت بڕیاری كشانەوەی یەكەكانی ئەمەریكا لە سووریاوە چەندین نیشانەی پرسیار خۆیان مەڵاس داوە. لاڤرۆڤلە مۆسكۆی پایتەختی رووسیا دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڵەستین ریاز ئەلمالیكی، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە. لاڤرۆڤهەڵسەنگاندنی بۆ بڕیاری كشانەوەی ئەمەریكای لە سووریا كردو گوتی: نیشانەیەكی پرسیاری زۆر هەیە لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێ كردنی ئەو بڕیارە یاخود جێبەجێ كردن و نەكردنیەوە. بەڵام بڕیاری كشانەوەی هێزێكی سەربازیی كە بەشێوەیەكی ناسایی لە وڵاتێكدایە، هەنگاوێكی راستە.
هەروەها میخائیل بۆگدانۆڤ، نێردراوی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆكی رووسیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا رایگەیاند، مۆسكۆ بە وردی چاودێریی كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا دەكات. گوتیشی: ئێمە پلانی گریمانەیی بۆ ئەو پاشەكشێیە دانانێین، بەڵام ئێمە لەگەڵ توركەكان و تەنانەت ئەمەریكییەكانیش پەیمانمان داوە رێز لە سەروەری و یەكپارچەیی سووریا بگرین. هەروەها گوتی: بوونی سوپای ئەمەریكا لە سەر خاكی سووریا هیچ شەرعییەتێكی نەبوو.
سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو رایگەیاند كە ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری رێوشوێنی توند دژبە هەوڵەكانی ئێران لەبارەی بوونی لە سووریا. ئەم لێدوانەی بێنیامین ناتانیاهو دوای ئەوە دێت كە پێشتر سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ بەفەرمی كشاندنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سووریا رایگەیاندبوو. نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە كە بێنیامین ناتانیاهو لە بارەی كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا گوتوویەتی: بەردەوام دەبین لە گرتنەبەڕی رێوشوێنی توند دژبە هەوڵەكانی ئێران لەبارەی بوونی لە سووریا، هەروەها درێژە بەو هەوڵانەشمان دەدەین كە بۆ ئەو مەبەستە خستووماتەنە گەڕ، دەزانیین ئەمەش بە پشتیوانی تەواوی ئەمەریكا ئەنجام دەدەین. لای خۆیەوە یووسی میلمان، چاودێر بۆ كاروباری هەواڵگری لە رۆژنامەی “مەعاریف”ی ئیسرائیلی لەبارەی بڕیارەكەوە دەڵێت، بڕیارەكەی ئەمەریكا گورزێكی ئازاربەخشە بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ئیسرائیل. زیاتر گوتی، بڕیارەكە توانای ئیسرائیل كەم دەكاتەوە بۆ پەكخستنی كاریگەری و بوونی ئێران لە سووریا، بۆیە تواناكانی ئیسرائیل بۆ جێبەجێكردنی بەرژەوەندییەكانی زۆر پاشەكشە دەكات، دووپاتی كردەوە كە بوونی سەربازی ئەمەریكا لە سووریا لای ئیسرائیل گرنگە وەك سەنگێكی هاوتا بۆ بوونی سەربازی رووسیا، جیا لەوە بەشدارە لە چەسپانی بوونی ئێران لەو وڵاتە، بۆیە پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا رێخۆشكەرە بۆ كردنی سووریا بە بنكەیەكی هێزە شیعەكان. ئەو چاودێرە دووپاتیكردەوە كە پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا هەواڵێكی خراپ بوو بۆ هەریەك لە سعوودیە و میسڕ و ئیمارات و ئوردن و هەر رژێمێك چارەنووسی بە ئەمەریكا بەسترابێتەوە و ئاماژەی كرد كە ئەوەی بەسەر كوردەكان دێت وا دەكات بۆ لەمەودا هەر لایەنێكی ناوچەكە خۆی لە هاوپەیمانی لەگەڵ واشنتن بكێشێتەوە.









