خهبات: كارزان حەیدەر
میكلۆش سابۆ جێگری كونسوڵی گشتی هەنگاریا لە هەولێر كە ئێستا لەبری كونسوڵی گشتی كارەكانی كونسوڵخانەی وڵاتەكەی بەڕێدەكات، ئاماژە بەوە دەكات كە سەردانەكەی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ بەغدا دەنگدانەوەیەكی زۆر ئەرێنی هەبووە، لەگەڵ دەركەوتنی ئەنجامە گەورەكەی ڕیفراندۆمیش لە هەرێمی كوردستان، حكوومەتی هەنگاریا دووپاتی ئەوەی كردەوە كە مافی هەموو گەل و نەتەوەیەكە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت، ئێستاش حكوومەتی هەنگاریا هەمان ڕای هەیە.لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی خەبات میكلۆش سابۆ كاربەڕێكەری كونسوڵخانەی گشتی هەنگاریا لە هەولێر لە بری كونسوڵی گشتی، باس لە ڕای وڵاتەكەی و سیاسەتەكانی دەكات بەرامبەر هەرێمی كوردستان.
خەبات: سەردانەكەی ئەو دواییەی سەرۆك مەسعود بارزانی چۆن دەبینن ؟
میكلۆش سابۆ: ئەو سەردانەی بەڕێز بارزانی دەنگۆیەكی زۆر گەورەی ئەرێنی هەبوو، ئێمە پشتیوانی ئەو هەنگاوانە دەكەین هەروەك پێشتریش هانی هەولێر و بەغدامان داوە بە دیالۆگ كێشەكانیان چارەسەر بكەن.
خەبات: لەو ڕۆژانەی دوایی سوپاسالاری هەنگاریا لە هەولێر بوو، دەكرێ بزانین كە پشتیوانیەكانی هەنگاریا بۆ پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان بەردەوام دەبێ؟
میكلۆش سابۆ: سەردانەكەی سوپاسالاری هەنگاریا بۆ هەولێر، جەخت كردنەوە بوو لە بەردەوامی هاوكاریە سەربازیەكانی هەنگاریا بۆ پێشمەرگەو هەرێمی كوردستان، هاوكات بەسەركردنەوەی ئەو سەرباز و ڕاوێژكارانەی لە دەستپێكی شەڕی داعشەوە لە هەرێمی كوردستانن، پێشمەرگە ڕۆڵێكی گرنگی بینیوە لە شەڕی تیرۆر، دڵخۆشین بەوەی كە توانیومانە لە فێرگەی ئەتروش بە زیاتر لە 180 سەرباز و ڕاهێنەری وڵاتەكەمان، زانیاری زۆر سوود بەخش بە پێشمەرگە بدەین و ڕاهێنانی باشیان پێ بكەین، دیمەنی ئەو فێرگەیە سوپاسالار و شاندی یاوەری دڵخۆشكرد، حكوومەتی هەنگاریا بڕیاری داوە ساڵانە پێنج پێشمەرگەی برینداری شەڕی داعش لە وڵاتەكەی چارەسەر بكات.
خەبات: تێڕوانینتان لەسەر هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی چۆنە؟
میكلۆش سابۆ: هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی زۆر ئارامە و خەڵكەكەی زۆر باشن، هەمیشە حەز بە هاوكاری كردنی ئەوانی دیكە دەكەن، هەر دیمانەیەكی ڕۆژنامەوانی بكەم، هەر بەو ڕاستگۆییە باسی ئارامی كوردستان و باشی خەڵكەكەی دەكەم.
خەبات: هەرێمی كوردستان دەرفەتی وەبەرهێنانی بۆ كۆمپانیا بیانیەكان ڕەخساندووە، هەنگاریا چۆن سوودی لەو دەرفەتە وەرگرتووە ؟
میكلۆش سابۆ: هەرچەند بەر لە كردنەوەی كونسوڵخانە لە ساڵی 2014؟ یەكێ لە گەورەترین كۆمپانیاكانی هەنگاریا لە هەرێمی كوردستان بوو بۆ كاری وەبەرهێنان، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین كۆمپانیاكانی هەنگاریا بێنینە كوردستان بۆ كاری وەبەرهێنان و كۆمپانیاكانی كوردستانیش ببەینە هەنگاریا بۆ كاركردن، كوردستان هەرێمێكی ئارامە و ئابووریەكی باشی هەیە، بۆیە دەمانەوێ خاوەن كار و وەبەرهێنەرانی هەنگاریا بێنە هەرێمی كوردستان و بەچاوی خۆیان ئەو ڕەوشە ئارام و باشە ببینن لێرە، لەبەر ئەوەی میدیا بەشێوەیەكی گشتی باسی لە ڕەوشی نا ئارامی عێراق و كوردستان كردووە و ئەو وێنەیە كە لای هەر كەسێك دروستبووە لە وڵاتەكەم، هەوڵ و كاتی دەوێ بۆ ئەوەی ڕاست بكرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا یەكێ لە كۆمپانیا باشەكانی هەنگاریا كۆمپانیایەكی دروستكردنی شیر و حەوزێكی گەورەی ماسی لە دەورووبەری شاری هەولێر دروستكردووە.
خەبات: دەرفەتی خوێندنتان بۆ قوتابیانی كوردستان لە هەنگاریا ڕەخساندووە ؟
میكلۆش سابۆ: ساڵانە هەنگاریا 100 كورسی خوێندن بە عێراق دەدات، لەو 100 كورسیەش 30 كورسی بۆ قوتابیانی هەرێمی كوردستانە، بەڵام بەداخەوە قوتابیانی كوردستان ساڵانە ناتوانن ئەو 30 كورسیە پڕ بكەنەوە بەهۆی بە هەڵە پێشكەشكردن، بۆیە دەمانەوێ سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەین و زانیاری دروستیان بدەینێ لەسەر شێوازی پێشكەشكردن بۆ وەدەستهێنانی ئەو 30 كورسیەی خوێندن، لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەتێكمان داوە بۆ كەمە نەتەوەكان و مەسیحیەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی كوردستان كە چەندی بیانەوێ دەتوانن پێشكەشی بكەن، ئەوەش سیاسەتی دەرەوەی هەنگاریایە لەپێناو ئەوەی ئاوارەو پەنابەرەكان لە وڵاتی خۆیان بمێننەوە.
خەبات: پێكەوە ژیانی پێكهاتەو نەتەوەو ئایینەكان لە كوردستان چۆن دەبینن ؟
میكلۆش سابۆ: هەرێمی كوردستان پێشەنگ بووە لە ناوچەكە بۆ لەخۆگرتنی هەمووان بە جیاوازی ئایین و نەتەوەو پێكهاتە، حكوومەتی هەنگاریا سوپاسی كوردستان دەكات كە هەمیشە داكۆكی لە مافی كەمە نەتەوەكان كردووەو هاوكاری كردوون، هەرچەند بوونی ئەو هەموو ئاوارە زۆرە بووە بارێكی قورس و زەحمەت بەسەر هەرێمی كوردستان، بەڵام پاراستنی دیمەنی پێكەوە ژیان، ئەو وڵاتەی جوانتر كردووە.
خەبات: چیتان كردووە بۆ هاوكاری كردنی كوردستان لە بار قورسیەكی وەها؟
میكلۆش سابۆ: كێشەی ئاوارەو پەنابەران زۆر گەورە لە كوردستان و ئەوروپاش، هەندێ لە حكوومەتەكانی ئەوروپا پێیان باشە كۆچ بمێنێتەوەو ڕێگری لە كۆچ نەكرێ، بەڵام لە دەرهاوێشتە خراپەكانی كۆچ ناپرسنەوە. سیاسەتی هەنگاریا جیایە، ئێمە كۆچ بە پڕ مەترسی دەزانین، بۆیە لە كوردستان چەند كلێسایەكمان نۆژەن كردۆتەوەو هاوكاری دارایی پێشكەشی نەخۆشخانەیەك دەكەین، لەپێناو ئەوەی هانی هاونیشتیمانیان بدەین لە وڵاتەكەی خۆیان بمێننەوەو كۆچ نەكەن.
خەبات: پرۆژەی كردنەوەی هێلێكی ئاسمانی لەنێوان هەولێر و بۆدابست بە گرنگ نازانن لەپێناو لێك بەستنەوەی هەنگاریا و كوردستان ؟
میكلۆش سابۆ: ئێمە پشتیوانی هەر كۆمپانیایەكی فڕۆكەوانی دەكەین ئەگەر بیانەوێ ئەو پردە ئاسمانیە دروست بكەن كە پێشتر كۆمپانیای زاگرۆس دروستی كردبوو، هەوڵی خۆشمان دەخەینە گەڕ لەپێناو ئەوەی گەشتیارانی هەنگاریا بێنە هەرێمی كوردستان، بە پێچەوانەشەوە، هەرچەند خەڵكی كوردستان و هەنگاریاش ئێستا هێلی ئاسمانی نێوان هەولێر و ڤیەننا بەكاردێنن بۆ گەشتەكانیان، بەڵام ئەو هێلە نەوەك هەر بۆ گەشتیاری، بەڵكو بۆ كاری بزنس لەنێوان هەولێر و بۆدابست گرنگە.
خەبات: ڕای هەنگاریا چی بوو لەسەر ڕیفراندۆمی خەڵكی كوردستان بۆ سەربەخۆیی؟
میكلۆش سابۆ: حكوومەتی هەنگاریا ڕای وایە هەر نەتەوەیەك مافی خۆیەتی دەوڵەتێكی هەبێ، بەڵام ئەو دەوڵەتە كاریگەری نەرێنی بەسەر وڵاتانی دیكە نەبێت، دوای ئەنجامە گەورەكەی ڕیفراندۆمی كوردستانیش كە بەدەستهات، حكوومەتی هەنگاریا هانی هەردوولایدا لە هەرێمی و كوردستان و عێراق كە دەست بە دانوستان بكەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی سیاسی بگەنە لێك تێگەیشتن، هەر نەتەوەیەكیش مافی خۆیەتی داوای سەربەخۆیی بكات.
خەبات: كەمپینەكانی هەڵبژاردنتان لە هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و هەرێمی كوردستان چۆن بینی؟
میكلۆش سابۆ: بەپێی ئەو زانیاریانەی كە بەر لە هاتنم بۆ كوردستان هەمبوو، كەمپینەكان زۆر بە باشی بەڕێوەچوون، كوردستان هەنگاوێكی گرنگی نا بەرەو دیموكراسی بوونی زیاتر.
خەبات: باشترین حوكمڕانی چۆنە؟
میكلۆش سابۆ: ئەو حكوومەتەی دیموكراسیەت فەراهەم دەكات.
خەبات: كە گەڕایتەوە هەنگاریا لەگەڵ خەڵكی وڵاتەكەت چۆن باسی كوردستان دەكەی ؟
میكلۆش سابۆ: هەرچەند دوو مانگم ماوە بۆ كاركردن لە كوردستان، بەڵام كە گەڕامەوە دووبارە بیر لەوە دەكەمەوە كارێكم لە كوردستان دەست بكەوێتەوەو بگەڕێمەوە ئێرە، هیوادارم پەیوەندیەكانی نێوان كوردستان و وڵاتەكەم بەردەوام بێ، چونكە كوردستان هەنگاو بۆ بەرەو پێشەوەچوونی زیاتر دەنێت، كە گەڕامەوە بە خەڵكی وڵاتەكەم دەڵێم ئەو كوردستانە دەچێتە پێشەوە و پرۆسەی ئاوەدانی تێیدا هەمیشە بەردەوامە، كونسوڵی پێشووتریش پێی گوتم كوردستان زۆر خۆشەو ئاڵای ئێمەو ئەوان زۆر لەیەك دەچێ، ئاڵای كوردستان تەنها ڕۆژێكی ناوەڕاستی زیاترە، بەو مانایەی ئێمە زۆر لە یەكترەوە نزیكین.









