راپۆرتە هەواڵەكانی ئەڵمانیا بڵاویانكردەوە كە یانەی بایرن میونخ بڕە پارەیەكی زۆری ئامادە كردووە بۆ بەنجام گەیاندنی شۆڕشێك لە ریزەكانی بەهۆی بەرزبوونەوەی تەمەنی یاریزانای پێكهاتەی ئێستای، كە زۆربەیان لەسەرووی تەمەنی 30ساڵیەوەن، وەكو رۆبن و ریبێری و بوایتنگ و نوێر و خافێر مارتینێز و هۆمڵز و لیڤاندۆڤیسكی، بەگوێرەی هەمانسەرچاوە یانەی باڤاری بڕی 200ملیۆن یۆرۆی بۆ نۆژەنكردنەوەی ریزەكانی ئامادەكردووە، كە سەرەتا لەگواستنەوەكانی زستانە دەست پێدەكات و لەهاوینە كۆتایی دێت. هۆكارێكی دیكە ئەوەیە دابەزینی ئەنجامەكانی تیپەكەیان لەم وەرزە كە ئێستا لەپلەی سێیەمی خولی ئەڵمانیا دان بەجیاوازی 11خاڵ لەگەڵ یانەی بۆرۆسیا دۆرتمۆندی پێشەنگ، كە ئەمەش وایكردووە ئیدارەی یانەكە باوەڕی تەواوی بەوە هەبێت كە ئێستا كاتی ئەوە هاتووە نەوەكان گۆڕانیان بەسەردابێت. لەلایەكی دیكەوە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید ئەو هەواڵەی رەتكردەوە كە باسی رێككەوتنی بەرگریكاری یانەكەیان لۆكاس هێرناندێزیدەكرد لەگەڵ یانەی باڤاری بە شكاندنی بۆندەكەی بەبەهای 85ملیۆن یۆرۆ، بەڵام هێشتا راپۆرتە هەواڵەكان باس لەدروستی بۆندەكە دەكەن. یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی فەرەنسی كۆرینتین تۆلیسۆ گرانترین بۆندی یانەی بایرن میونخ بووە كە بەبەهای 45 ملیۆن یۆرۆ لەیانەی لیۆنی كڕی، بەڵام چاوەڕێ دەكرێت ئەم بۆندە پێوانەییە بشكێندرێت، ئەگەر یانەی بایرن بیەوێت ریزەكانی بەیاریزانی كێشی قورس نۆژەن بكاتەوە.









