خهبات: هاوار مورتكەیی
ماهان رەمەزانی تەنها 14 ساڵ تەمەنیەتی، كەچی لەنێو 107 شەترەنجزاندا توانی نازناوی پاڵەوانێتی شەترەنجی كلاسیكی نێودەوڵەتی خانزاد بەدەست بهێنێت، خەونی گەورەشی بەدەستهێنانی بروانامەی گراند ماستەرە.
ماهان رەمەزانی لە ساڵی 2004 لە شارۆچكەی ڕشت لە وڵاتی ئێران لەدایك بووە، لەكاتی بەشداری كردنی لە پاڵەوانێتی كلاسیكی خانزاد بەدەرفەتمان زانی دیمانەیەكی لەگەڵ ئەنجام بدەین، بۆ ئەنجامدانی ئەم دیمانەیەش بەڕێز كاوە خەلیلی ناوبژیوانی نیودەولەتی هاوكارمان لە كاری وەرگێرانی زمانی فارسی.
ماهان كە لە یانەی هومابون لە خولی گەیلان یاری دەكات سەبارەت بە دەستپێكی خۆشەویستی خۆی بۆ یاری شەترەنج گوتی: لەسەرەتادا هەموو وەرزشەكانم دەكرد، بەڵام هیچیكیان بەقەد شەترەنج نەكەوتە بەردڵم، هەستم دەكرد لەگەڵ شەترەنج ئاسوودەم، كە شەترەنجیش دەكەم تێدەگەم لەوەی كە ژیان بردنەوە و دۆڕاندنی تیدایە، شەترەنج زۆر گەورەیە، ناتوانم چۆن وەسفی بكەم، مرۆڤ تا شەترەنج نەكات لەمانا گەورەكەی ناگات.
ماهان رەمەزانی شەترەنجزانی تازەپێگەیشتوو كە خاوەنی ریتینگی 1950ی یەكێتی نێودەوڵەتی شەترەنجە ئەم ژمارەیەش بۆ ئەم تەمەنە زۆر بەرزە زیاتر دەڵێت: شەترەنجم زۆر خۆش دەوێت، لەهەر شوێنێك پاڵەوانێتی هەبێت بەپێی توانا دەچم و بەشداری تێدا دەكەم، پێشتریش لە پاڵەوانێتییەكانی وڵاتانی گورجستان و تایلاند بەشداریم كردووە، ئەمجارەش لە كوردستان، ساڵی رابردوو 2017 لە سەر ئاستی وڵاتی ئێران بۆ خوار تەمەنی 14 ساڵ توانیم پلەی یەكەم بەدەست بهێنم، ئەمساڵیش لە پاڵەوانێتی ئاسیا بەشداریم كرد و توانیم پلەی سێیەم بەدەست بهێنم، خەونی گەورەشم بەدەستهێنانی نازناوی گراندماستەرە.
دواجار ئەو شەترەنجزانەی ئێران لەبارەی سەردانەكەی بۆ هەولێر گوتی: مامۆستا كاوە خەلیلی لەبارەی ئەو پاڵەوانێتییەی یانەی خانزاد ئاگاداری كردمەوە، باوكیشم رازی بوو یاوەری بكەم و بەشداری بكەم، خۆشبەختانە ئەو دەرفەتەم پی بڕا كە یەكێك بم لە شەترەنجزانە بەشداربووەكانی دوانزەهەمین پاڵەوانێتی شەترەنجی كلاسیكی خانزاد، لەوەش خۆشتر توانیم پلەی یەكەم و نازاناوی پاڵەوانێتییەكە بەدەست بهێنم، شەترەنجزانەكانی ئێرە باش بوون، زۆربەیانم خۆش دەوێن، خەڵكی باشن، زۆر حەزەكەم چەند جارێكی تر بێمەوە كوردستان و بەشداری ئەو پاڵەوانێتییانە بكەم، لە كۆتاییدا بەپێویستی دەزانم زۆر سوپاسی دایك و باوكم و راهێنەرەكەم بكەم كە بەردەوام پاڵپشتم و هاندەرمن.









