فارس قادر فەقێ عەبدوڵڵا❊
سەرەتا پێم باشە بەم ئایەتە دەستپێبكەم كە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا، دەفەرمووێ (الفتنە اشد من القتل). بەڵێ فەرموودەی خوا زۆر جوانە، فتنە كاریگەری گەورەترە لە كوشتن لەسەر مرۆڤایەتی و هەر فتنەشە كوشتنی لێ دەكەوێتەوە، دەبێ (فتنە یەكسانە بە دووڕوویی و درۆزنی و ئاژاوەگێڕی و دووزمانی و چاڵهەڵكەندن لەبەردەم خەڵك و تێكبەردانی خەڵك)، ئەمانە هەمووی كار و كرداری نامرۆڤانەیە و كردەوەی تێكدەر و ناشیرینن، جا كەسێك لەناو كۆمەڵگە دیار بێت و پلە و پۆستێكی هەبێت و نازناو و پاشگر و پێشگری هەبێت، لەگەڵ ناوی ئەوە ئەوكات وەك نازناو هەر یەكجار وێران و كاولكارییە، هەروەك گوتەنی: بەمجۆرە كەسانە دەگوترێ (وەعزی وەعزی مەلایانە و عەمەلی عەمەلی شەیتانییە). و بە هەندێ ناونیشانی گەورە و بێ ناوەڕۆكیش وەك ئەوانە دەگوترێ (ناوێكی گەورە و دێیەكی وێران) و مەسەلەیەكی تری كوردیش هەیە، دەڵێت: (ئەگەر خەڵك شێت بوو، دەچێت بۆ ئۆمەرمەندان، بەلام ئەگەر ئۆمەرمەندان شێت بوو بۆ كوێ بچێت؟). زۆر بەداخەوە لە هەموو دونیا و لە هەموو زەمانێكدا پیاوانی زانا لە بواری زانستە ئایینی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی هەموو بابەتەكانی تر هەردەم راوێژكار و مامۆستا و رابەری نموونەیی جوانی كۆمەڵگاكەی خۆیانن بۆ نەگبەتی ئێمەی كورد نەبێ گرفتی گەورە و كێشەی گەورەی زۆربەی كاتەكان بەناو زانا و رۆشنبیرەكانمانن، زۆر بەداخەوە كەسانێك بەناو پلە و پایەی زانستی و نازناوی گەورەی زانستەكان و بڕوانامەی بەرز دێنە گۆڕەپانەكان و مرۆڤ ناحەق نییە، بڵێت خۆزگە دەگەڕاینەوە بۆ100 ساڵ بەرەو دواوە بۆ دیوەخانی كوێخا و ئاغاكان، رەنگە ئەو برادەرانەی ئەو زەمان جوانتر قسەیان كردبێ و بیریان كردبێتەوە بەڕاستی ئەم برادەرانەی ئێستا قەڵەمەكانیان ژەهراوین و بزماری ژەنگاوین بەڕاستی لە فتنە و ئاژاوە و دووبەرەكی دەگەڕێن، گوایە رۆشنبیر و خاوەن شەهادەن بۆ نموونە گەر سەیر بكەین لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ، لە لاپەڕەی12 كە دوا لاپەڕەیە لە ژمارە7738 لە 11/12/2018 رۆژی سێشەممەدا لە ستونێكدا لە لایەن دكتۆر شێركو عەبدوڵڵا كە بابەتێكی گاڵتەئامێزی هەیە نووسینێكی بڵاوكردووەتەوە بەناوی (میمكراسی) و كۆمەڵێك قسەی سەیری تێدا نووسیوە، گەر خوێنەر بمبوورێت وەك ئەو گاڵتەجاڕیەیە كە دەگوترێ (دونیا لەسەر پشتی گایە گاش لەسەر پشتی ماسییە ماسیش لەسەر هەوایە). ئەوەی تریش لە وەڵامی دەڵێ بە خوای برام ئەو تڕە كەلەكە سەرناگرێ! بە كورتی بەخوا دكتۆر ئەو قسانە قسە نین كە كردووتە و هیچ پێوەرێكت نییە هەر هێندە نەبێ دەتەوێ بڵێیت منیش هەم و لێرەم، تا یەكێتی حسابت بۆ بكات و ئەگینا دەكرێ بپرسین وەك خۆت دەڵێی لەسەر جێگا بۆم دەركەوت عومەر عیلاقەی بە عەقڵ نییە، ئەی كە وابێ چەند ساڵە چیت خوێندووە! هەرچەندە ئەو زانیارییە پێویستی بە خوێندنیش نییە و ئێمەش دەڵێین وایە و چەندین ساڵە گەورەترین تەمەن گەورەترین كێشەیان بۆ كوردستان دروست دەكرد، هەر ئەوان بوون ئەم وڵاتەیان بەرەو ئەم دۆخە نالەبارە برد، بەڵێ وایە مەدرەسەیەكی بۆگەنیشیان بەجێهێشت و دروستكرد، بەڵام بۆچی تازە لەسەر جێگا زانیت؟! زۆر سەیرە بێ ئاگابووی چەندین ساڵە! و دەڵێیت زۆربەی قوڕبەسەری و مشكیلەی كورد بە پیتی (میم) دەستپێدەكات، چەند ناوێكت داوە و دەڵێیت: بەڵێ لەوانە (مەعاش)، منیش دەڵێم گەروابێ سەرەتای هەشتاكان خۆشترین كات بووە بە بۆچوونی تۆ، كە لە جاشایەتی سەردەمی بەعس بە فەردە مەعاش دەدرا بە جاشەكان و دەڵێی (مەسەلەی كەركووك) ئەم قسەیەش دوو وشەی لێكدراوە و دەكرێ مەسەلە لەگەڵ هەزاران پاشگری ناو و نازناو بەكار بێت و چونكە كەركووك بە (میم) دەستپێناكات، بەڵام بە هەرحاڵ قبووڵە و مەسەلەی كەركووكیش وەڵام لای خۆتە و خۆت و هاوبیرەكانت دەزانن چییە و چۆنە، بابەتی (مەتعەمی زۆر، مەسئول، مەفرەزەی مرور) ئەم سێ بابەتەش ناوەكانیان عەرەبین و بە كوردی بە (میم) دەستپێناكات، هەڵەت فەرموو هەروەها ببوورە (معلومات، موجاملەی درۆ، مەئساتەكەی شنگال، موسەسەلی توركی) هەمووی هەر عەرەبی بوو، بە كوردی بە (میم) دەستپێناكات و گەر باسی (مالیكی)یش، دەكەی خۆت دەزانی دۆستی ئێمە نەبووە و نییە، (مەسەلەی مەسعود ئۆزێل) ئەمەیان كە نووسیوتە پێم وایە ئەوەیان مەبەست و گرێی دڵی تۆیە و دیارە وا دەرنەچووە كە تۆ تەسەورت دەكرد! ئەمە كێشەی خۆتە و بۆچی خوێنەر و كورد بەو تەسەورەی خۆتەوە سەرقاڵ دەكەی، چونكە شەرت نییە خەڵك وەك تۆ تەماشای (میم) بكات، خەڵكیش هەیە دەڵێت (میم) لای من (موسا پێغەمبەرە) (د. خ) كە قسەی لەگەڵ خوا كردووە و (محمد)ی ئاخر زەمانە (د. خ) كە ناوی لەگەڵ ناوی خوا هاتووە و (میر موحەمەد)ی سۆرانە كە مێژووی كوردی دروستكردووە و یەكێك لە سیفەتەكان كە سیفەتی خوایە، میهرەبانییە بە (میم) دەستیپێكردووە و بە ئێمەی بەخشیوە و هەروەها (مرۆڤایەتی و مافە) كە ژیانی دونیای لەبەرچاومان خۆشكردووە و ناوی (مەلا مستەفا)ی بارزانە كە ناسنامەی من و تۆی بە دونیا ناساندووە و (مسعود بارزانییە)كە شەرەف و كەرامەتی ئەم گەلەی پاراستووە و ریفراندۆمی سەربەخۆیی راگەیاندووە و ئەمنیەت و ژیانی تۆشی پاراستووە، گەر پاشگر و پێشگر دەكەیت، بۆ هەندێ ناو بۆ خوالێخۆش بێت بەرێز (جەلال تاڵەبانی)یش بكە كە پێی دەگوترێ (مام جەلال) دەزانی غەدر و ئیهانەی ئەویشت كردووە؟! پێموایە بە هەمان شێوە مامە ریشەشت لە بیر كردووە! باشە گەر هەڵسەنگاندن و بابەتی دراسەكەت لەگەڵ پیتەكانە، بۆچی لە پیتی ئەلفەوە دەستت پێنەكردووە، گەر شتێكیشت لە دڵە و لە (ئەلفەوە تا یێ) زۆر قسەی تر هەڵدەگرێ و دەڵێ! خراپ دەڵێ و چاكیش دەڵێ! ئەمە زانستێكە و خۆی لێ مەدە، چونكە هیچ هێڵێكی سوور ناتوانێ رێگای لێی بگرێ و ئەم بابەتە دەریایەكە كەس خۆی لە بەرانبەری راناگرێت و تەنها راستی و راستگۆیی لەخۆ دەگرێت و پیتیش وەك ئاوە، وەك هەوایە، لە هەموو كون و قوژبنێكی ئاخاوتن دەبینرێت و دەبیسترێت و دەگوترێ، بۆ نموونە گەر (ج) جیم وەرگرین دەكرێ لە لایەنە خراپەكانی بڵێین (جوێن، جەنگ، جاش، دەیان وشەی ناشیرینی تر)، بەڵام دەشكرێ بگوترێ (جوان، جیران، جەژن) بكەین بە چیڕۆك، سەرەباسی گفتوگۆ و وتار و ئاخاوتن و نووسینەكان و نموونەیەكی تر، گەر پیتی (ن) نون وەرگرین، بە خراپەش بە كاری بێنین، دەكرێ بڵێین (نەزان، نامەرد، ناڵە، ناشیرین، نەفرەت)، بەڵام دەشكرێ لایەنی چاكی و جوانی وەربگرین و بڵێین (نان، نوێژ، نەورۆز، نەمام)، كەواتە هیچ پیتێك نییە چاك بێت، یان خراپ، بەڵام كەسەكان چاك و خراپی دەكەن، دڵەكان دەینەخشێنن، جا هیوادارم هەزاران چاكەی (میم) ببینی و لە (جیم)یش جوانی و جیران و جەژن هەڵبژێریت و لە (نونیش ناو و نوێژ و نەورۆز و نەمام) لە مێشكت بچەقێنیت و حقد و كینەی دوژمنان لە یاد بكەیت و لە هزری خۆتی دەربێنی و راستی و نەمامی راستی ئاوبدەیت و بچێنیت. ! ئەمە ئەوەی تایبەتە بە جەنابی دكتۆر شێركۆ عەبدوڵڵا و من خۆم ئومێدم دەكرد ئەو حقد و تیر و توانج و بابەتە ناشیرینانە سیاسەتی حزبەكان نەبێت و بە لای كەمەوە گەر هی حزبەكانیش بێت، هی كەسانی بەناو رۆشنبیر و خوێندەوار نەبێت، بەڵام بەداخەوە دیارە ئەو بابەتانە هەروەك لە ژمارەیەكی تری رۆژنامەی كوردستانی نوێ (7731) لە (3/12/2018) لە لاپەڕە (2) لە لایەن یەكێك بە ناوی (خەلەف غفور) روویدابوو، منیش لە وەڵامێك لە رۆژنامەی خەبات لە ژمارە (5653 لە 13/12/2018) وەڵاممدایەوە و ئەوجارەش دكتۆر شێركۆ عەبدوڵڵا هەڵەی تری كردووە، لە 11/12/2018 لە ژمارەی (7738) هێشتا ئەم وەڵامەم نەگەیشتووتە بەردەستی خوێنەر بە داخەوە ئەوجارە سەرنووسەری رۆژنامەی كوردستانی نوێ بەرێز (ستران عەبدوڵڵا) لە كەناڵی گەلی كوردستان، لە بەرواری شەوی 14 لەسەر 15/12/2018 كاتژمێر دوای 7ی شەو، لە چاوپێكەوتنێكدا بەمشێوازە هاتە ئاخاوتن و گوتی (پارتی و یەكێتی وەك یەك لە شەڕی داعشدا بەشداربوونە، زەرەرمەندبوونە و گوتی زۆر كەس لە ریفراندۆم وایدەزانی دەتوانی بڕیار بدات، دەركەوت وانییە؟ گوتی پارتی دەبێ لە بیری نەچێ، پرۆسەی سیاسی زیاتر دەگرێتەوە و دەبێ پارتی بزانێ ئایا پارتی لە كەركووك هەمان دەنگی هەیە و گوتی ئەو برینەی لە دڵی پارتییە، دەبێ كۆتایی پێ بێت! سەرەتا لە برینی دڵی پارتییەوە وەڵامێك بۆ كاك (ستران عەبدوڵڵا) دڵی پارتی لە كەركوكە و كەركووك دڵی پارتییە و گەر دەتەوێ كۆتایی پێ بێت لە كەركووكەوە كۆتایی دێت، كەواتە دڵی پارتی هەر بریندارە تا كەركووك بە نامەردی لە دەست خۆفرۆشان و دوژمنان بێت و كۆتاییەكەی برینەكەش بە كۆتایی داگیركاری كەركووكەوە بەندە و ئازادی كەركووك ساڕێژكردنی برینەكانە، سەبارەت بە پارتی و یەكێتی وەك یەك بەشداربوونە و زەرەرمەند بوونە، ئەمە حەق نییە باس بكرێ و بگوترێ، چونكە كورد هەمووی زەرەرمەند بوو، هەیە نە پارتییە و نە یەكێتییە، بەڵام هەموو ماڵ و منداڵ و سەروەتی خۆشی لە سەرداناوە، كەواتە جوانتر وایە بڵێین كورد زەرەرمەند بووە، بەڵام كە هاتەسەر حسابی موزایەدات، ئێمە وەك پارتی بەر لە هەموو شتێك كوردین و پارتین تا كوردبین، بەڵام ژمارەی شەهید قسە دەكات، نەك من و تۆ كێ زیاتر زەرەرمەندە و كام سەرۆك و سەركردە بە پێڵاوی لاستیك لە سەنگەرەكان بووە و خەڵك خۆی حاكمە و بەئاگایە و نازانم چۆن دەتوانن و جورئەت دەكەن لە حزوری سەرۆك مسعود بارزانی پێشمەرگە ئێوە قسە بكەن و گەر پارتی بە دەنگی كەركووك دەترسێنن، ببوورن میللەت دەزانێ چۆن دەنگتان هێناوە لە كەركووك با ئەو برینە واڵا نەكەین، بەڵام خۆزگە جورئەتان دەكرد، بەرانبەر بە پارتی لە كەركووك لە كەشوهەوایەكی ئازاد دوور لە داگیركاری خۆتان تاقیدەكردەوە هەرچەندە چی دەڵێن و ناڵێن گرنگ نییە و پارتی بەشداری نەكردووە لە هەڵبژاردن، لە ژێر ئاڵای داگیركەرانی كەركووك و كێشە نییە ئێوە چەندن و چەند دەبن، چونكە ئێمە هەر دانمان پێ نەناوە، لە لای ئێمە داگیركراوەكی خاكمە گرنگ نییە و خاڵێكی تری زۆر گرنگ كە دەڵێت زۆر كەس وای دەزانی لە ریفراندۆم بڕیار دەدات، بەڵام وا دەرنەچوو زۆر بە داخەوە بۆ ئەم قسە پڕ لە شەرمەزاریەت بەداخەوە نووسەرێك و سەرنووسەری رۆژنامەیەك بەمشێوەیە بدوێ، دەنگی 93% میللەتی بە هەڵە دابنێت و راستی قسەكان و باسی خەنجەرە ژەهراوییەكەی گرووپەكەی خۆی نەكات، برام گەر شەرم دەكەیت بڵێی خیانەتی هاوڕا و هاوبیرەكانت بوو كەركوك بەم رۆژە گەیشت، باشتر وایە هیچ نەڵێی، نە لە ئێمە دەنگ نە لە دەنگ و هیچ ئێمە بۆ بەرژەوەندی نێو ماڵی كورد و تەبایی و برینی دەستی ناحەزان و نۆكەران جار بە جار لە یاد خۆمان دەبەینەوە، بەڵام بەداخەوە ئێوە بە بیرمان دێننەوە، برا گیان تكایە بەسە فیتنەی حەرامزادەیی با بەس بێت ئەو چەواشەكارییە، ریفراندوم ئێوە راتانگرت، ئێوە بەربەستتان بۆ دانا، وانیە راشناوەستێ، بە كەس واشدەبێ و دەردەچێت، كە میللەت دەیەوێت كە 93%ی میللەت بڕیاری لەسەر داوە و هەر جێبەجێ دەبێت، بە كوێرایی چاوی دوژمنان سەری گرتووە، سەردەگرێ، ئەمڕۆ یان بەیانی جێبەجێش دەبێ و زۆر بەداخەوە بەناو رۆشنبیران و راگەیاندنكاران بكەونە ناو زۆنگاوی پیسی خیانەتكارانی مێژوو تكایە وەرنەوە سەرخۆ گەر حزبایەتی بۆ نانە هێندە گران نییە و بۆ جاشایەتییە، ئەویش دەرئەنجام شەرمەزارییە گەر بۆ تێكدانی نێوماڵی كوردە، دەبا بە نەفرەتی بكەین، چونكە ئەوەی ئێوە دەیكەن، لەم چەند رۆژە هەستیارەدا لە مێژووی كورد و باشووری كوردستان تەنها تێكدانە و نائیتفاقییە و شێواندنی راستییەكانە دەبا نەفرەت بكەین لە خیانەت و دووڕوویی و پێنووسی ژەهراویی و زمانی زبری ناوماڵە گەورەكەی كوردان، دەبا جورئەت بكەین لەگەڵ یەك راستگۆ بین و رەخنە لە هەڵەی خۆمان بگرین، ئینجا لە هەڵەی بەرانبەرەكەمان دەبا با بەس بێت چەواشە و درۆ بۆ بەرژەوەندی گیرفانی دوژمنان و بازرگانەكانی ناوخۆمان، فروشیاری خوێنی شەهیدان.
❊ ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگای هەولێر (پ. د. ك).









