خهبات: بەرهەم شێخ عزەدین
ناوی تەواوم شێخەڵا كاكەخان ئۆمەر حەسەن،بەڕێوەبەری قوتابخانەی شێروانەی بنەڕەتییم لە ناحییەی دارەتوو سەربە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەیی دەشتی هەولێر،وەكو سەرپەرشتیاری كارگێری خۆبەخش سەرپەرشتی كارگێڕی قوتابخانەی دلینی تایبەت دەكەم،لەبەرئەوەی خۆم دامەزرێنەی ئەم قوتابخانەیە بووم ئامادەم هاوكاری سەركەوتنی پرۆسەكە بكەم ئەم وتانە وتەی دەست پێكی مامۆستا شێخەڵا بووكە بۆخەباتی كرد.
بیرۆكەی دامەزراندنی ئەم قوتابخانەیەچۆن گەڵاڵە بوو؟
زیاتر لەپێنج ساڵە خەریكی ئەم پرۆژەیە بووم وەكو كارێكی پەروەردەیی و زانستی مرۆڤ دۆستی ،چونكە ڕۆژانە ئێمە بەهۆی نزیكیمان لە كێشەی قوتابیان و مامۆستایان و پڕۆسەی پەروەردە،چەندین جار داوام لە بەڕێوەبەری پەروەردەی گشتی هەولێر و بەڕێوەبەری پەروەردەی دەشتی هەولێر دەكرد بۆ دانانی شوێنێكی تایبەت بۆ ئەم قوتابیانە هەرجارەو بە هۆكارێك یاخود بە چارەسەرێكی كاتی كارەكەیان ڕای دەكرد،بەكۆمەڵێك هۆكار وەك: نەبوونی مامۆستای تایبەت،نەبوونی بینایی سەربەخۆ، نەبوونی سەرپەرشتیار،نەبوونی كەل و پەلی قوتابخانە،زۆر شتی دیكە.
زۆربەی قوتابخانەی خاوەن پێداویستی تایبەت سەربەوەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتین هۆكاری چییە ئەم قوتابخانەیە جیاوازە ؟
پرسیارێكی زۆر جوانە دەستەكانت خۆش من وەكو مامۆستا سەر بەوەزارەتی پەروەردەم ئەم قوتابخانەیە بۆ یەكەم جارە لە سەر ئاستی هەرێم وەكو قوتابخانەی تایبەت بۆ قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەت كەلە ڕووی گەشەی عەقڵییەوە دووا كەوتوون دام مەزراندووە ئەمە لەلایەك لە لایەكی دیكەوە ڕۆژانە لە قوتابخانەكان تووشی گرفت دەبن بەهۆی بوونی ئەم جۆرە قوتابیانە بەنموونە ئەگەر پۆلێك 30 قوتابی لێ بێت یەك قوتابی لەم جۆرە بێت،سەر لە 29 قوتابیەكەی دیكەش تێك دەدات بەهۆی دەنگەدەنگو جوڵەیەوە و مامۆستاش ناتوانێت وانەكەی بە شێوەیەكی تەندروست بڵێتەوە.
لەبەر ئەم هۆكارانە من لە ڕێگای وەزارەتی پەروەردە داوام بەرزكردەوە بۆ كردنەوەی ئەم قوتابخانە تایبەتە ،بەسوپاسەوە دەبێت بیڵێم لقی 16 بەڕێز زۆر هاوكارم بوون وەزیری پەروەرەدە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گشتی هەولێر بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەیی دەشتی هەولێر قایمقامی قەزای دەشتی هەولێر ، بەڕێوەبەری ناحییەی دارەتوو مامۆستایانی ئایینی زۆر زۆر هاوكاروپاڵپشتم بوون بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژە و دامەزراندنی.
ئایا منداڵی بیركۆڵ بەو ڕێژەیە زۆرن لە سنوری ناحیەیەك قوتابخانەیەك ئەكرێتەوە لە كاتێك دا ئەبوو لەناوسەنتەری شاربێت بۆ ئەوەی زۆرترین كەس لێی سوودمەندبێت ؟
ڕاستە منیش زیاتر خۆشحاڵ دەبووم لە ناو سەنتەری شار ئەم قوتابخانەیەم بكردباوە بەڵام بەهۆی ئەوەی من دەوامم لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دەشتی هەولێرە هاوكاریم لەم سنورە زیاتر بۆ كراوە هەروەها بە هۆی نەبونی بینا لەناو سەنتەری شار.
ئایا وەزارەتی پەروەردە پڕۆگرامی تایبەتی بۆ ئەم جۆرە خوێندنە هەیە كە بتوانێت خزمەتی ئەم چینەی پێ بكات ؟
نەخێر هەمان پڕۆگرامی ئاسایی قوتابخانەكان دەخوێندرێت لەم قوتابخانەیە، بەڵام بەشێوەیەكی لەسەرخۆترو كەمی ژمارەی قوتابیان لە پۆل و گوتنەوەی وانەكان لەلایەن مامۆستایی پەروەردەیی تایبەت.
چەند ساڵە ئەم قوتابخانەیە كراوەتەوە و تاچەند قوتابیەكانی سوود مەند بوون لە هەندێ ڕووەوە وەك باشتربوونی هزروبەرەوپێشچوونی عەقڵیان؟
ئەم ساڵ كراوەتەوە مانگی 2018/2 بۆ ئەم پرسیارە جارێ زووە بۆ وەڵامێكی ڕاست و دروست ، چونكە تازەیە وەك لە پێشتر ئاماژەم پێ كردووە بەڵام وەكو پرسیارێك ڕۆژانە لە قوتابیان و كەس و كارییان دەكەم دەڵێن بەرەو پێش چوونیان پێوە دیارە و زۆریش دڵیان خۆشە كەوا منداڵەكانیان قوتابخانەیەكی تایبەتیان بۆ كراوەتەوە لە لایەن حكومەتەوە و گرینگیان پێ دەدرێت
كێن ئەوانەی لە قوتابخانەكەی ئێوە بە بیركۆڵ ناو دەبرێن؟
ئەم قوتابیانەن كەلە ئێستادا لە قوتابخانەكەی ئێمە قوتابخانەی (دلینی تایبەت) وەرگیراون دوای ئەوەی لەلایە لێژنەیەكی تایبەت لە پزیشكە بەڕێزەكان سەر بەوەزارەتی تەندروستی كە 7 پزیشكن پشكنینیان بۆ دەكرێت ، ئەو منداڵەی ڕێژەی ئۆ تزمی زۆربێت ڕەوانەی سەنتەری ئۆتزمی دەكەن لە ئیسكان، ئەو منداڵەی شەلەل دەماخی هەبێت ڕەوانەی سەنتەری هێلینەی دەكەن ئەو منداڵەی لەڕووی گەشەی عەقڵییەوە دوا كەوتووە درەنگ فێردەبێت ڕەوانەی لای ئێمەی دەكەن لە قوتابخانەی دلینی تایبەت لە ناحییەی دارەتوو.
چەند قوتابیتان هەیە ؟
34قوتابیمان هەیە، لەپۆلی یەكەمی بنەڕەتی تا چوارەمی بنەڕە تیمان كردۆتەوە.
كێشەكانتان چییە؟
زۆرن كێشەكان لەوانە مامۆستاكانمان هەندێكیان گرێ بەستن نەكراون بە فەرمی بەردەستمان نییە، پاسەوانمان نییە ،كەل و پەل وەكو مێزوكورسی و قەنەفە و كەرە وێت و دۆڵاب و هۆكارەكانی فێركردن وزۆبا و نەوت مان نییە.نەبوونی باخچە،كەل و پەلی یاری كردن بۆ قوتابیان،نۆژەن كردنەوەی بینای قوتابخانەمان پێویستە.









