خهبات: د.كەیفی ئەحمەد- كۆیە –
هونەرمەند سەفین عەبدولڕەزاق سەرۆكی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیە، لەبارەی تیپی باواجی لەدیمانەیەكی ڕۆژنامەی خەبات بەم جۆرە بۆمان دوا:
تیپی مۆسیقای باواجی كۆیە لە ساڵی 1957 لەسەر دەستی مامۆستا باكوری دامەزراوە، لەسەرەتادا وەك تیپێكی قوتابخانەكان دەستی بە كارەكانی كردووە، لەدواییدا گەشەی كردووە و ناویانناوە تیپە مۆسیقای باواجی كۆیە، كە سەر بە كۆمەڵەی بووژانەوەی هونەرەجوانەكان لە كۆیە بووە، یەكەم دەسپێكیشی لە 27/3/1958 بەناوی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیە بووە، كە یەكەم كۆنسێرتی خۆی لەنێو قوتابخانەی كۆیەی كوڕان پێشكەش كردووە، كە بووەتە مایەی ڕەزامەندی و ئیعجابی خەڵك و مامۆستایانی قوتابخانەكە و دایك و باوكی قوتابییەكان.
بەردەوام بووە لە كاركردن لە ساڵە كانی 1960 - 1963. هەروەها لە ساڵی 1965 كاتێك م.زاهیر محەمەد گەڕاوەتەوە بۆ كۆیە، لەگەڵ مامۆستایان سەردار ئەجمەد و خوالێخۆشبوو ئەنوەر تاهیر دەستیان بەكاری هونەریی و پرۆڤەكردن لەسەر چەند گۆرانییەك كردووە، تا لە بەرواری 1/3/1972 مۆڵەتی فەرمییان بۆ تیپەكەیان وەرگرت و هەر لەو ساڵەشدا 11 بەرهەمیان لە بەغدا تۆمار كردن، دوای ئەوە لە ساڵی 1972 - 1973دا 9 بەرهەمی دیكەیان بۆ تەلەفزیۆنی كەركوك تۆمار كردن. پاشان لەساڵی 1973 8 بەرهەمی دیكەیان لە بەغدا تۆماركرد. لە ساڵی 1974 بە چەند بەرهەمێك بەشداریی لە یەكەم ڤیستڤاڵی كوردییدا دەكەن .. بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 1974 زۆربەی ئەندامەكانیان پەیوەندییان بە ریزەكانی شۆڕشی ئەیلولەوە كردووە، بۆیە لەلایەن رژێمی ئەوكاتی ئێراق مۆڵەتی كاركردنیان لێ سەندراوەتەوە. پاشان بەهەوڵی ئەندامە دڵسۆزەكانی لە ساڵی 1983 دووبارە مۆڵەتی فەرمیان وەرگرتۆتەوە، لەو ساوە تا ئێستا بە گەرموگوڕی و چالاكانە لەخزمەتی هونەری ڕەسەنی كوردیی و جەماوەری كوردستاندا بەردەوامن.
❊ ئێمە دەبینین، كە خەڵكی كۆیە و دەرەوەی كۆیە پێشوازییەكی فراوان لە بەرهەمەكانی تیپی باواجی دەكەن، هۆكاری ئەو پێشوازییە گەرمەی جەماوەر لە كارەكانتا بۆ چی دەگەڕێنیتەوە؟
هۆكاری ئەو پێشوازییە گەرمەی خەڵكی لە كارەكانمان ئەوەیە، كە تیپی مۆسیقای باواجی لەنێو خەڵك هەڵقوڵاوە و هەموو كەس ئەو تیپە بە موڵكی خۆی دەزانێت، بەتایبەتی لە كۆیە و بەگشتی لەدەرەوەی كۆیە.
❊ بەڕای ئێوە لایەنێكی دیكەی ئەوە نییە، كە هەنگاوەكانی یەكەم و دامەزراندنی ئەم تیپە بە پتەویی و لەسەر بنەمایەكی پتەو بنیاتنراون و كەسانی شارەزا و بەتوانا ئەو بنیاتەیان دامەزراندووە؟
بەڵێ ڕاستە هەر لەسەرەتادا، دروستبوونی تیپەكە وایكردووە، كە هەموو وەك یەك خێزان كاربكەن و بناغەیەكی زۆر مەحكەمی بۆ دانراوە، كە تاكو ئەمرۆش هەر بەردەوامە و كاریگەریی هەیە.
❊ باواجی خاوەنی ستایل و شێوازێكی تایبەت بەخۆیەتی، ئەمە لەچییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
باواجی خاوەنی شێوازو ستایلی تایبەت بەخۆیەتی، كۆیە لەڕووی ئەدەب و سروود و گۆرانی زۆر دەوڵەمەندە، هەروەها خاوەنی شێواز و ستایلی خۆیەتی، باواجیش ئەم شێوازەی بەسەردا زاڵە، كە جێگای شانازییە بۆ هەموومان.
ئەی كاریگەری ئەوەشی لەسەر نییە، كاتێ تیپی باواجی لەسەر دەستی چەند كەسێكی ئەكادیمی و چالاك دادەمەزرێت، زۆربەی بەرهەمەكان لەلایەن ئەو چەند كەسە ئامادەدەكرێن، بۆ نموونەم.زاهیر محمد، واتە شێوازێكی تایبەتی خۆیان هەبووە، ئیدی باواجیش لەسەر ئەو ستایلە بەردەوام دەبێت و لاسایی دەكەتەوە و نەیتوانیوە خۆی لەو كاریگەرییە دەرباز بكات؟
هەموو ئەو مامۆستایانەی لەم تیپەدا كاریان كردووە، زۆربەیان بەشێوەیەكی زانستی كارەكانیان ئەنجامداوە، بۆ نموونە مامۆستا زاهیر محەممەد یەكێك بووە لەو كەسانەی كە دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی بەغدا بووە، كە بەپلەی یەكەم دەرچووە، زۆربەی گۆرانییەكانی باواجی مامۆستا زاهیر و هەوروەها مامۆستا وریا ئەحمەد ئامادەیان كردووە ، شێوازی خۆیان و تایبەتمەندی نێوچەی كۆیە لەنێو بەرهەمەكانیاندا رەنگیداوەتەوە.
هەروەها بەرهەمەكانی باواجی ژەنین و دەنگی ئامێرەكانی وەكو نەی و فلوت و شمشاڵی مامۆستا سەردار احمدی بەسەردا زاڵە و سیمایەكی تەواو و ئامادەیی ئەوی پێوەدیارە؟
بەرهەمەكانی تیپی باواجی دەنگی ژەنینی شمشاڵ و فلوتی مامۆستا سەردار ئەحمەدی تێدا دیارە، چونكە ئەو هونەرمەندە مەزنە یەكێكە لە ژەنیارە هەرە باشەكانی تیپەكە و كوردستان، لەبەرئەوەی ژەنینی مامۆستا سەردار كوردانە و شێوازێكی كۆییانەیە، دەچێتە دڵتەوە ، هەموو كەسێك پێی خۆشە و چێژی لێ وەردەگرێت.
❊ سروشت و دابونەریت و كلتوری نێوچەی كۆیە كاریگەریی لەسەر ئەو شێوازە تایبەتە هەیە؟
بەڵێ بێگومان، چونكە شێواز و سروشتی كۆیە زۆر جوان و خۆش و دڵگیرە، بۆیە كاریگەریی لەسەر تیپی باواجی و هونەرمەندەكانی كۆیە هەبووە .
❊ ئێوە لەزۆربەی چالاكییەكانی كۆیە و نێوچەكە و كوردستان ئامادەییتان هەیە، ئەو رۆحییەتەی كاركردنی ئەندامەكانتان لەچییەوە سەرچاوەی گرتووە؟ هاوكارییان دەكەن؟ كاریگەریی بۆسەر ژیانتان نابێت؟
ئێمە وەك تیپی باواجی لە هەموو كار و چالاكییەكانی كۆیە و كوردستان و دەرەوەی وڵات، ئەگەر بانگهێشت كربین، ئەوا ئامادەییمان هەبووە، كە ئەدامان زۆر بە سەركەوتوویی بەڕێوەچووە. ئەندامەكانمان بۆ هەر كارێك كە تەكلیفیان لێ بكەین بەو پەڕڕی سینگ فراوانییەوە ئامادەیی كاركردن دەردەبڕن و هەموو كارێكی تایبەتی خۆیان بەجێدێڵن و دێن بۆ باواجی. كە ئەو هەڵوێستەیان مایەی شانازی و رێز و سوپاسی ئێمە و هەموو لایەكە. كە بەبێ هیچ قەرەبوو كردنەوەیەكی ماددیی ئەندامەكانمان ئامادەی بەشداریكردنن.
❊ كێ هاوكاری سەرەكی و هاندەری بەردەوامتانە بۆ كارەكانتان؟
هاندەری سەرەكی ئێمە هەموو خەڵكی كۆیەیە، هەروەها پێشان و بەر لە قەیرانە داراییەكە لەلایەن حكومەتەوە نەسریەمان هەبوو، هەموو مانگێك یارمەتیمان لە وەزارەتی رۆشنبیریی وەردەگرت،كە ئەوە بۆ ئێمە و هەموو تیپەكانی دیكە كارێكی زۆرباش و هاندەرێكی باش بوو، چونكە بەو یارمەتییە كارەكانی خۆمان پێ ئەنجامدەدا، بەڵام دوای بڕینی ئەو یارمەتییە، هەر بەردەوامین لەسەر كار و چالاكییەكانمان، دەمەوێ ئەوەش بڵێم لە دەرگای هەر كەسێكمان دابێت، هەر گیز دەرگایان بەروودا دانەخستووین و یارمەتییان داوین، كە مایەی سوپاس و دەستخۆشییە.
❊ كێشە سەرەكییەكانتا لە هەموو بوارەكاندا چین؟
كێشەی ئێمە تەنها بودجەیە، ئەگەر بودجمان هەبێت، ئەوا كاری باشتر و گەورەتر و زیاتر ئەنجامدەدەین.
❊ ئێوە كەسانێكی دیاریكراوتان هەیە، كە بەرهەمەكانتان بۆ ئامادە بكات یان پێشوازی لە هەموو كەس و تواناكان دەكەن و دەرگاتان واڵایە بۆ هەمووان؟
ئێمە لە تیپ چەند كەسێكمان هەیە، كە كاری ئامادەكردن و ئاوازدانان دەكەن، كە زۆر بە سەركەوتوویی كارەكانیان رایی دەكەن، هەروەها پێشوازی لە خەڵكانی دیكەش دەكەین، ئەگەر هاتو لە دەرەوەی تیپیش بن، كە خاوەنی توانا و سەلیقە بن. ئەوا ئێمە لەخزمەتیان دادەبین و پێشوازییان لێ دەكەین و كاریان لەگەڵدا دەكەین، خۆ ئەگەر گەنج و تازەش بن ئەوە باشتر.
❊ هەوڵی دۆزینەوە و هێنانە پێشەوەی دەنگ و توانای تازە دەدەن یان ئەوە بەكاری خۆتان نازانن؟
بەڵێ هەوڵی دۆزینەوەی دەنگی تازەش دەدەین، زۆر خۆشحاڵ دەبین ئەگەر هەبێت، كاری جدیشمان كردووە بۆ هێنانە پێشەوەی دەنگی نوێ و بەرهەمی نوێ و ژەنیاری گەنج و بەتوانا، چەند بەرهەمێكیشمان بۆ ئەو جۆرە كەسانە تۆمار كردووە، بۆ نموونە تۆماركردنی چەند بەرهەمێك بۆ گۆرانیبێژ بێژەن جەلال، كە هۆنراوە و ئاواز و ئامادەكردنی مامۆستا وریا قادرە. كلیپیشی بۆ كراوە و لە تەلەفزیۆنەكان بڵاوكراوەتەوە. دەتوانم بڵێم بەرهەمێكی جوان و سەركەوتووە.
❊ ئێوە ساڵانە یادی هونەرمەندی كۆچكردوو تایەر تۆفیق دەكەنەوە، بەناوی یادی ئەو هونەرمەندە و یادی رۆژی هونەر لە كۆیە. بۆچی هەوڵنادەن لەرووی ماوە و بەشداریی و جۆری بەرهەمەكان فراوانتری بكەن؟
ئێمە یادی رۆژی هونەر لە كۆیە دەكەینەوە، پێشمان خۆشە كە ماوەكەی زۆرتر بێت و بەشداربووەكانیش زۆرتر بن و جۆری یادەكەش و بەشداربووەكانیش زۆرتر بن و جۆری یادەكەش بگۆڕین، بەڵام پێداویستیی و بودجەی ئێمە دیاریكراوە و لە ئێستادا هەر ئەوەندەمان لەتوانادا هەیە.
❊ ئێوە ساڵانە پلان بۆ ساڵێكی كاركردن دادەڕێژن؟ یان بەپێی بوار و ئیمكانیاتی بەردەست كارەكانتان ئەنجامدەدەن؟
پلانی ساڵانەمان هەیە و بەپێی توانای ماددیی تیپەكەمان كاری بۆ دەكەین.
❊ پلانی درێژخایەن و كورت خایەن و لەناكاوتان هەیە بۆ كارەكانتان؟
پلانی درێژخایەن و كورتخایەنمان دیارە، بەڵام كار هەیە دێتە پێشەوە، بەبێ ئەوەی پلانمان بۆ دانابێت،
هەوڵدەدەین كە كارەكە بە سەركەوتوویی ئەنجام بدەین.
❊ بۆ تۆماركردنی بەرهەمەكانتان پلانتان چییە؟ دەی فرۆشن یان بێبەرامبەر دەیدەن بەو دەزگایانەی كە ئەركی داراییەكە دەخەنە ئەستۆی خۆیان؟
بۆ تۆماركردنی بەرهەمەكانمان ، پلانمان هەیە، كە لەستۆدیۆی خۆمان یان هەندێجار وا دەخوازێت، كە لەدەرەوەی ستۆدیۆی خۆمان بەرهەمەكە تۆمار بكەین، ئەوەش ئەرك و ماندوو بوون و لایەنی ماددیی و مەعنەوی زۆری دەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەر كردوومانە.
❊ گۆڕانكاریی لە دەستەی بەڕێوەبەردا بە هەڵبژاردنە؟
بەڵێ دەستەی بەڕێوەبەری تیپ بە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، بە ئامادەبوونی دادور پرۆسەكە بەڕێوە دەچێت.
❊ دەستەی هەڵبژێردراو بۆ ماوەی چەند بەردەوام دەبێت؟
دەستەی بەڕێوەبەر دوو ساڵ لەسەر كارەكەی دەبێت، دواتر هەڵبژاردنی نوێ بۆ هەڵبژاردنی دەستەیەكی نوێ ئەنجام دەدرێتەوە.
❊ تۆ چەند ساڵە لە دەستەی بەرێوەبەر كاردەكەی؟ ئەی چەند خول سەرۆكی تیپەكە بووی؟
من لە ساڵی 1983 ئەندامم لەم تیپەدا، لە ساڵی 1993 وە لە دەستەی بەڕێوەبەرم، هەر كاتێك كە خۆم كاندیدكردبێت ، بە دەنگی یەكەم هەڵبژێردراوم، واتە بەزۆرینەی دەنگ دەرچوومە، پۆستی سەرۆك یان بەڕێوەبەری هونەریم وەرگرتووە، ئێستاش سەرۆكی تیپی مۆسیقای باواجیم.
❊ بەرنامەی كاركردن و پلانتان بۆ ئایندە چییە؟
پلانمان بۆ داهاتوو تۆماركردنی چەند بەرهەمێكی تازە و فۆلكلۆر ە، بەدەنگی تازە و نوێ، هەروەها پێشكەشكردنی چەند كۆنسێرتێكە لە ناوەوە و دەرەوەی كۆیە.
❊ دوا وتە و پەیامت چییە؟
لە كۆتاییدا دوو داواكاریمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی رۆشنبری هەیە:
أ.گەڕانەوەی یارمەتی منحە ی مانگانەی تیپە رەسەنەكان، كە مانگانە لە رابردوودا وەرمان دەگرت.
ب.تەواوكردنی هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هونەریی كۆیە، كە 60% كارەكانی تەواو بووە، بەڵام لە ساڵی 2014 كارەكانی راگیراوە.











