خهبات: هاوار مورتكەیی
بینیتا كاپالی Binita Kapaliكچە شەترەنجزانی نیپالی هەڵگری نازناوی شەترەنجی قوتابخانەكان و باشترین یاریزانی ئافرەت بووە لە وڵاتەكەی، ئەو كچەلاوە كە ئێستا تەمەنی 23 سالە شەترەنجی بەێوەیەك خۆش دەوێت كە بۆتە بەشێك لە ژیانی و دەڵێت بەهۆی شەترەنجەوە ناوبانگی و خۆشەویستی زۆرم پەیداكردووە، بینیتا لە دیمانەیەكی لاپەڕەی وەرزشی رۆژنامەی خەبات تیشك دەخاتە سەر ژیانیی شەترەنجی.
بینیتا كە لە ساڵی 1995 لەدایك بووە دەڵێت: هەر لە مناڵیەوە شەترەنج خۆشەویسترین وەرزش بووە لای من، لەبیرمە تەمەنم زۆر بچوك بوو كاتێك باوكم و براكەم منیان فێرە ئەو یارییە كرد و بەشێوەیەك پشتیوانم بوون كە بەشداری پاڵەوانێتییەكان بكەم و ركابەریش بكەم لە ساڵی 2007 بەفەرمی بەشداری پاڵەوانیتییەكانم كرد، هەروەها لە قوتابخانەش بەشداری پێشبركێیەكانم دەكرد، كە لە زۆربەی پێشبڕكێیەكانی قوتابخانە پلەی یەكەمم بەدەست دەهێنا، كاتێك لە پۆلی دەیەم بووم توانیم ببمە پاڵەوانێ قوتابخانەكان، هەروەها باشترین كچە شەترەنجزان لە نیپال.
لەلایەكی دیكە بینیتای نیپالی دەڵێت: سەرەتا خەونی من ئەوە بوو ببمە یاریزانێكی شەترەنج، خۆشبەختانە ئەو خەونەم زوو هاتەدی، چونكە سەرەتا وەك ئارەزووییەك ئەو یارییەم دەكرد، لەو بڕوایەدانەبووم كە رۆژێ لە رۆژان ببمە یاریزان و بەشداری لە پاڵەوانێتییەكان بكەم، چونكە هەمووان دەزانن لە نیپال زۆر سەختە ببیتە یاریزانی شەترەنج، بۆیە لەمناڵیەوە خەونم پێ دەبینی، بەم بۆنەوە بە پێویستی دەزانم سوپاسی راهێنەرەكەم Keshav Shrestha بكەم كە ئەو لەسەرەتادا دەستی گرتم و یاساكانی شەترەنجی پێ ناساندم و و بەشداریی پێشبڕكێیەكانی قوتابخانەشم لە ژێر سەرپەرشتی ئەو بوو، دەسكەوتەكانی ئەوكاتم بۆ خودی ئەو راهێنەر دەگەڕێنمەوە.
دواتر ئەو شەترەنجزانە دەڵێت: بەلای منەوە شەترەنجە وات ە خۆشەویستی، شەترەنج بەشێكە لە ژیانم، هەموو خەڵك وەك یاریزانێكی شەترەنج دەمناسن، ئەو یارییە خۆشەویستی و رێزی خەڵكی پێ بەخشیوم، زۆر جاران بە شاجوانی شەترەنج ناوم دەبەن، ئەمە هەمووی خۆشەویستییە بۆ شەترەنج، بۆیە پێم وایە شەترەنج بەتەنها یارییەك نییە، دەتوانم بڵێم نیوەی ژیانمە، زۆر باش هەست بەوە دەكەم كە ئەوەی شەترەنج دەكات لە كەسانی دیكە جیاوازترن، زۆر هاوكاری مرۆڤە لە تەركیز كردن و بەڕەنگاربوونەوە، یارییەكی هێمنە، دۆڕانی تیانییە، یان بردنەوە یان فێربوونی زیاتر.
لە كۆتاییدا بینیتا كاپالی لەبارەی خۆ ئامادەكردنی بۆ پاڵەوانێتییەكانی داهاتووی گوتی: ئێستا خۆم بۆ پاڵەوانێتی نیپال ئامادەدەكەم، پێش ئەمەش لە كۆتایی ئەم مانگە بەشداری لە پاڵەوانێتی پیشەگەرانی ئاسیای 2018 دەكەم كە بڕیارە لە وڵاتی چین بەڕێوەبچێت، كۆڵ نادەم تا دەبم بەباشترین كچە شەترەنجزان لە جیهان.









