سوورە مەرگەیی
ئەگەر خوێندنەوەیەكی مێژوویی بۆ پرسی كورد و رێگاكانی چارەسەر كردنی بكەین، هیچ گومانێك لەسەر ئەو راستییە نامێنێ كە لەو رۆژەوەی كوردستان وەك نیشتیمانی كورد داگیر و بەش بەش كراوە، داگیركاران هەوڵیانداوە ناسنامەی نەتەوەیی بوون لە شۆڕش و راپەڕینەكانی بستێنن و بەرگی ساختەی ئایدۆلۆژی بەبەردا بكەن، بەوەش هەركاتێ مەبەستیان بووبێ توانیویانە لە رێگای كەسانی بەرژەوەندی پەرست پرسی كورد لە رێڕەی خۆی لابدەن و خیانەتكار و وڵاتفرۆشان بكەنە بەشێك لە هێزی سیاسی و سەربازی خۆیان.
مێژووی دوورو نزیكی ئێمەی كوردی چەوساوەو خاك داگیركراو و تورك و فارس و عەرەبی چەوسێنەرو داگیركار، دەری دەخەن كە كورد لە هەر بەشێكی كوردستان و لە هەر كاتیكدا باسی لە ماف و ئازادیە نەتەوەییەكانی خۆی كردبێ، ئەوا بەشێك لە كوردە توندڕەوە ماركسیەكانی ئەو وڵاتە داگیركارە بوونە دەهۆڵ كوتی داگیركاران و تۆمەتی كۆنەپەرست و بەكرێگیراوی ئیمپریالیزمیان داوەتە پاڵ سەربەخۆخوازانی كورد، ئیسلامیەكانیش تۆمەتی گومڕا بوون و دەرچوون لە دینیان داونە پاڵ و بە ئیسرائیلی دووم ناویان بردوون، ئیسلامیە سیاسیەكان بەوەشەوە نەوەستاون و بە (اللە اكبر)ی سیاسی كەوتوونە چاوبەستنی خەڵكی ساویلكە و كوشتنی سەربەخۆخوازانیان بە رەوا زانیوە و بەناوی برای دینی داگیركارانیان كردوونە فریادڕەس و بە كەنیزە كردنی ژن و كچی كوردیشیان بۆ حەڵاڵ كردوون.
بە درێژایی مێژوو كورد لە باكوور و باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا لەسەر كوردبوون كوژراوە و هەوڵی لەناوبردنی دەراوە، كوردی ئەوەندە دەبەنگ و نەزانیشمان هەن، یان راستتر بڵێم كوردی ئەوەندە خیانەتكار و وڵاتفرۆشمان هەن بە ناوی سۆشیالیزم دەبنە بەشێك لە دوژمن و داوا كردنی مافی نەتەوەیی بوون بە نەتەوەپەرست و سەربەخۆیی كوردستان بە ئێكسپایەر و ماوە بەسەچوو ناو دەبەن، لەوەش خراپتر گرووپگەلی وامان هەن دەبنە پارێزەری یەكپارچەیی وڵاتانی داگیركار و وەك ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەر روویدا، بە خیانەت و وڵاتفرۆشی وەڵامی خواستی سەربەخۆیی دەدەنەوە و رێگای دەرچوون لە نەهامەتی و كارەساتە نەتەوەییەكانی سەر گەلەكەی خۆیان دەگرن.
ئەرێ بەڕاست تورك و فارس و عەرەب كێشەی چینایەتی و جیاوازی دینییان لەگەڵ كورد هەیە، یان كێشەی كوردبوون و جیاوازی زمان و خاك و فەرهەنگ و مێژوو؟ رووی ئەو پرسیارەم لە تورك و فارس و عەرەب نییە، رووی ئەو پرسیارەم لەو دەستە و گرووپە كوردیانەیە كە روویان لە كوردبوون وەرگێڕاوە و بەناوی برایەتی و هاوچارەنووسی ئایدۆلۆژیا كورد دەبەنەوە ژێر تیخی داگیركاری تورك و فارس و عەرەب.
لە كۆتایی ئەو باسەدا بەو دەستە و گرووپە كوردیانە دەڵێم: فەرموون بگەڕێنەوە بۆ مێژوو، ئەوە مێژووە پێمان دەڵێ: كوردبوون و رەتكردنەوەی ژێردەستەیی و داوا كردنی مافە نەتەوەییەكان، زۆرترین جار توركێكی عەلمانی و فارسێكی مەزهەبخواز و عەرەبێكی شۆڤێنی لەسەر مێزی پیلانگێڕی دژ بە كورد كۆكردوونەوە، جا ئەگەر كوردبوون لای ئەوان تاوان بێ، ئەی بۆچی ئێوە ناگەڕێنەوە بۆ سەنگەری كوردایەتی؟! خۆ هەرچی بكەن دوژمن وەك كورد سەیرتان دەكا و تا ئەو كاتە ئێوەی دەوێ كە شەڕی شۆڕشگێڕ و وڵات پەروەرانتان پێبكات، مێژووی خەباتی گەلانی بندەستیش سەلماندوویەتی كە خائین و خۆفرۆشان لە هەموو حاڵەتێكدا دۆڕاون، ئەگەر گەلانی بندەست سەركەون ئەوا ئەوان بە ریسوایی دێنەوە بەر لیقای گەل، خۆ ئەگەر داگیركاران سەركەون ئیشیان بە وڵاتفرۆشان نامێنێ و بەرەڵا دەكرێن، هەر وەكو مامۆستا هەژار دەڵێ.
جەحشی وەحشی بووی
لە تاوی پارە بیرناكەیتەوە
جەنگی كوردستان نەمێنێ جاش بەلاش دەخولێتەوە









