فارس قادر فەقێ عەبدوڵڵا❊
هەروەك دەزانین كە كورد لە مێژوودا گیرۆدەی كۆمەڵێك گرفتە، گرفت لە ناو گرفت گرفتی تریشی بۆ دروست كردووە، ئەوەی زۆر كاریگەر و بە ئێش و ئازارە، دەكرێ بگوترێ چەند خاڵێكی گرنگن وەك دابەشبوونی كوردستان لە نێوان چوار وڵاتی زۆردار و مێژوو خوێناوی، هەروەك دەزانین پاش جەنگی یەكەمی جیهانی و گۆڕانی نەخشەی جیهان، تەرازووی هێز بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕا و پاش رووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئەو كوردستانەی كە لە مێژووی خۆیدا زیاتر لە400 ساڵ لە شەڕی چالدێرانەوە لە ساڵی1514 بە دواوە تا كۆتایی جەنگی یەكەمی جیهانی بووە گۆڕەپانی جەنگێكی كاولكاری چوارسەدەیی لە نێوان ئیمپراتۆریەتی سەفەوی فارسی و عوسمانی توركی. ئەم شەڕانەش كۆمەڵێك ئاسەواری خراپیان بە دوای خۆیاندا بە جێهێشت، ئەویشیان بە دابەشبوونی كوردستان لە نێوان شەڕەكانی ئەم دوو ئیمپراتۆریەتە و لە كوشتن و بڕینی خەڵكی ناوچەكە بە ویست و بەبێ ویست و راكێشان و تێكەڵبوونی گەلی كورد بۆ ناو ئەم جەنگە كاولكاریە. لە هەمووشی خراپتر لەم جەنگانە كورد لە هەموو كەسێك و لایەنێك زیاتر زەرەرمەند بوو ئەگەرچی بە ئیرادە و ویست بڕیاری كوردیش نەبوو، بەڵام لە بەرئەوەی ناكۆكییەكان لە سەر خاكی كوردستان بوو دەرئەنجام زۆرترین خوێن و زۆرترین كاولكاری بەر كورد كەوت. كەواتە خوێنی كورد و سەروەت و سامانی كورد و ماڵی كورد و خاكی كورد و عەقلی كورد و شوێنەواری كورد و مێژووی كورد هەمووی لە ناوبردرا و ئەوەی ماوەش بە سەرلێشێواوی و چەواشەیی ماوە تا ئەو رادەیەی ئێستا گومان لە ناسنامەی زۆربەی ناوچە سنووریەكانی كوردستان دەكرێ یان گۆڕانێكی وایان بەسەردا هاتووە لە دەستچوونە بە شێوازێك لە شێوازەكان شێوێندراون كە شوێنەوار و ناسنامەی تاكەكانیش شێوێندران هەروەك سەدان زانای گەورەی كورد ئێستا لە مێژوو بە تورك و یان بە عەرەب یان بە فارس ناسراون، بۆ نموونە لە ناو عەرەب “احمد شوقی شاعیر و جەمیل سدقی زەهاوی، عەبدولباست عەبدولسەمەد دەنگخۆشی قورئان خوێن و كۆمەڵێك كەسانی تر لە مێژوونووسان و لە هونەرمەندان و كەسانی تر كە لە مێژوو بە نەتەوەی تر ناسراون بەڵام بنەچە كوردن. ئەگەر زیاتر بگەڕێینەوە دواوە تا ئەو رادەیەی مێژووی سلاحەدین ئەیوبیشیان لە هەندێ سەرچاوە شێواندووە وەك سەركردەیەكی عەرەبی پێناسەیان كردووە، چونكە لە مێژوودا ئەم زاتە مایەی شانازی بووە بۆ موسلمان و كردوویانە بە عەرەب و لە واقیعیشدا بۆ ناسنامەی كوردایەتی پێویستی بە بەڵگە نییە و كوردایەتی ئەم سەركردە مێژوویە دیارە و بە كەس ناشێوێندرێ! دەیان نموونەی تری زیندوو لەبەردەست دان و ناسنامەیان شێوێندراوە تا رادەیێك زۆر خانەوادەی وا هەیە لە ناو كورد وایلێهاتووە خۆشی شك لە ئەسلی خۆی و كوردبوونی خۆی دەكا، بە تایبەت لە نێوان تورك و كورد لە كوردستانی باشوور لە هەردوو شاری كەركووك و هەولێر و لە كوردستانی باكوریش “توركیا” وەك ئیستەنبول و دیاربەكر و ئەنقەرە كە كوردیان تێدا تاوایتەوە، لەوەش زیاتر سەرگەردانبوونی كورد بۆ سەرتاسەری جیهان بە تایبەتی لە هەردوو شەڕی جیهانیدا لە یەكیەتی سۆڤیەتی پێشوو پەرت و بڵاوبوونیان بۆ ناوچەكانی دەوراوپشتی دوورونزیك. بەڵێ زۆر خانەوادەی كورد هەن قەناعەتیان لا دروستبووە كە توركن یان فارسن یان عەرەب، بەڵام لە واقیعدا وا نییە و مێژوویان شتێكی ترە، بە هەرحال ئەمەش كۆمەڵێك هۆكاری خۆی هەیە رەنگە بۆ ئەم بابەتەم كاتی ئەوەمان نەبێ شرۆڤەی بكەین، چونكە دیراسەیەكی وردتری دەوێ، ئەمەش بەهۆی داگیركاری و ترس و تۆقان و پێداویستی ژیان و قەدەغەكردنی زمانی كوردی و پێویستبوون بە زمانی فەرمی بۆ ئەوكات، بە تایبەت لە كاتی حوكمڕانی عوسمانیەكان زمانی فەرمی توركی بووە، چونكە تورك حاكمبوون، هەر بۆیە شێخ عەبدولسەلامی بارزانیش شۆڕشی بەرپاكرد و یەكێك لە داواكاریەكانی بە فەرمی ناساندنی زمانی كوردی بووە بۆ ئەو سەردەم لە ئەنجامیشدا لە ساڵی1914 گرتیان و لە سێدارەیان دا. عەرەبیش بە هەمان شێوە و شێواز بوون زیاتریش لە لایەن عەرەب ئیستغلالكردنی قورئانی پیرۆز بووە تا كاتی ئێستاشمان تا ئەو رادەیەی وایان لە خەڵك گەیاندبوو بۆ دونیای ئەودیو گوایە ئەوەی عەرەبی نەزانی لە رۆژی قیامەت پەكی دەكەوێ و ناتوانێ وەڵامی خوای گەورە بداتەوە. بەهەرحاڵ بە هەموو شێوازێك شەڕ لەگەڵ كورد كرا بۆ لە ناوچوونی لە رێی خاك و عەقل و ناسنامە و بوونی كەسایەتی هەموو لایەنەكانی تر. خاڵێكی تری گرنگ كە كورد بەهۆیەوە بووە بە سوتەمەنی هەروەك لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێكرد شەڕی ئیمپراتوریەتی عوسمانی و سەفەوی سیراعێكی گەورە بوو لە نێوان تورك و فارس و لە هەمان كاتدا ئەم بیرۆكەیە پەرەی پێدرا لەو400 ساڵەدا زۆر بە جدی كاری بۆ كرا تا ئەو رادەیەی توانرا ئاینی ئیسلام دابەشبكرێت بۆ دوو بەش وەك دوو تایفەی جیا لە ناو یەك ئاین دژ بە یەك و وەك دوو ئاین بە ناوی سونە و شیعە دونیای ئیسلام و عەرەبیش كەوتنە ناو ئەو ماڵوێرانیە، بەڵام لە واقیعدا ئەسل و ئەساسی نییە، هەرچی لایەنی ئاینی هەیە لەو بیرۆكەیە نیەو تەنها خۆ حەشاردان و شاردنەوەی هزری رەگەزپەرستی قەومیە و داپۆشراوە بە ناوی ئاین كەچی بەو رادەیە كاری بۆ كراوە ئەم بۆچوونە زال بوو بە سەر عەقلیەتی هەموو تاكەكان تا ئەو رادەیەی زانا و پرۆفیسوور خاوەن ئایدیۆلۆجیای جیاجیا كە دەكەونە داوی عەقلیەتی مەزهەبی سونی و شیعی خوا و ئاین لە بیردەكەن لە واقیعیشدا بۆ كورسی و دەسەڵاتەو نەوە دوای نەوەش وا پەروەردەیان دەكەن هەر یەك ئەوی تر بسرێتەوە. بۆ نموونە بەر لە ماوەیەك گەنجێكی شیعی لە مەزارگەیەكی كەربەلا لە سەر شاشەی تەلەفزیون دەیگووت نەجەف و كەربەلا زیارەت و سەردانیكەریان زیاترە لە مەككە و فەرموون تەماشاكەن بزانن ئێرە یان مەككە! وە یان حەجی سعودیا كە ئەمەش زەنگێكی زۆر خەتەر و ترسناكە!! بە هەرحاڵ بۆ ئەوی لە بابەتەكەمان دەرنەچین كوردیش چۆن لە مەسەلە قەومیەكە لە نێوان تورك و عەرەب و فارس (عەجەم) بوو بە سووتەمەنی بە هەمان شێواز لەگەڵ عەقلیەتە مەزهەبیەكەش سووتەمەنیە، جارێك سوننە و جارێك شیعە، جارێك تورك و عەجەم و عەرەب! هەروەك مەسەلە كوردیەكە گووتەنی “لە موسا بووە لە عیساش بووە” ئەگەر ب كورد ە مەزهەبیش نەگیرێ ئەوا بە قەومیەت دەگیرێ، ئەگەر بە قەومیەتیش نەگیرێ بە خاك دەگیرێ، بە هەرحال كاتێك لە بەشێك لە بەشەكان كاریان بە كوردبوو یەكیان دەڵێت یەك خوێنین؟ لە بەشەكەی تر دەڵێن یەك تایفەو مەزهەبین؟ لە بەشەكەی تریش دەڵێن مێژوومان یەكەو لە رەچەلەكدا دەگەڕێینەوە سەر یەكتر و كورد بەشێكە لە ئێمە! گەر گەیشتە سەر حەق و حیسابیش هەروەك بینیمان لە 16ی ئۆكتۆبەری2017 هەموو یەك دەگرن لە كۆڕو كۆبوونەوە لە سەر شاشەی تیڤیەكان بە گاڵتەجاڕیەوە ناوی كورد دێنن و هەر كاتێكیش ویستیان سنور لە نێوان شارەكان دادەخەن و بازگە و سەرانەو مەرانەی عوسمانیەكان نوێ دەكەنەوە! لەولاش شەڕی بۆگەنكردنی شفتی و تەماتە لەگەڵ كورد دەكەن و جارێك تەماتە لە بازاڕ دەڕزێنن و جارێكیش بۆ فەقیر و هەژار بە نرخی زێڕ دەینەخشێنن و دەینرخێنن!!! بەهەرحاڵ كە شەڕ كەوتەوە ناو ماڵی خۆیان جارێكی تر كورد دەدوێنن، هەروەك ئێستا دەبینین خەریكە لە نێوان عێراق و توركیا و ئێران كورد بكەن بە برا بەڕێز و خۆشەویستەكەی هەمووان ئەویش بۆ پارسەنگ كردنەوەی تەرازووە بەتاڵ و لەنگ و بێ سەنگەكانیان، جا هەر یەك بە شێوازێك بۆ خۆی بە بەژن و باڵای كوردا هەڵدەدات و رایدەكێشێ. لە هەمان كاتدا هەلی كار و بازرگانی و چاوچنۆكی زلهێزەكان و دابینكردنی سەرچاوەی سەروەت و سامانیان و ساغكردنەوەی كاڵا و چەكە قورسەكان ئەمەش خاڵێكی تری گرفتەكانی كوردە، چونكە هەروەك خۆیان گوتوویانە ئینگلیزەكان لە مێژووش تۆماركراوە كە دەڵێن “لە سیاسەت دۆستایەتی هەتا سەر نییە، بەڵام بەرژەوەندی هەتا سەر هەیە”. ئەمانە گرفتی زۆر گەورەی كوردن كە لەم سێ خاڵە كۆدەبنەوە وەك دابەشبوون لە نێوان سێ نەتەوەی جیا و دژ بە یەك و كەوتنە ناو ئاگری مەزهەبی سوننی و شیعی و بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەكان و لە پاڵ ئەم هۆكارانەش ئەوەی ماڵوێرانیە بۆ كورد نەبوونی تەبایی و یەكڕیزی و یەكقەراری نێو ماڵی كوردی یە و دووبارەكردنەوەی هەڵەكانی مێژووی سەردەمی ئیمارەتەكانە و خەریكە كورد بە ویست و بێ ویست دابەش بكرێت لە نێوان هەردوو عەقلیەتی سەفەوی و عوسمانی ئەمەش دووبارە بوونەوەی هەمان مێژووی رەشە كە بەرۆكی گەلی كوردی گرتووە لە سەدەكانی رابردوو كەواتە لە پاڵ ئەو سێ هۆكارە دەرەكییەی كە باسمانكرد هۆكارێكی تری زۆر ترسناك و زۆر كوشندە نەبوونی یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیە و دابەشبوونی كوردە بە سەر جەمسەرەكان، بۆیە دەبێ بزانین گەر سێ هۆكارە دەرەكییەكە نەكرێ كاری لەگەڵ بكرێ و نەكرێ بەرەنگاری ببینەوە بە ئاسانی، بەڵام دەكرێ و زۆر ئاسانە هۆكارەكانی ناوخۆ عیلاج بكەین گەر راست بكەین بۆ كورد كار بكەین؟! دەبێ ئەوەش بزانین هەر كەسێك لەم هاوكێشەیەی برایەتی و تەبایی و كوردایەتی و بەرژەوەندی گشتی دەربچێ بێ شك لە مێژوودا هەمان چارەنووسی خۆفرۆشانی دەبێ ئەویش هیچ پێناسەیەكی جیاوازی نابێ لەگەڵ پێناسەی دوژمنانی كورد لە مێژوودا و كوردیش هەمان سووتەمەنی دەبێ كە پێشتر بووە لە مێژوو و پێچەوانەكەشی راستە، هەركات بتوانین ئەم خاڵەی ناوخۆ چارەسەربكەین بە دڵنیایەوە خاڵە دەرەكیەكانیش بە بەر تەوژمی برایەتی دەدەین و لە رێگای كورد لایان دەدەین، بۆیە دەبێت لە حەقیقەت لانەدەین و گوێ لە راستییەكان بگرین و سوودیش لە هەڵەی مێژوو وەربگرین و ئەو پەندە كوردیەش هەر نەنووسین و نەوە بۆ نەوە كاری پێ نەكەین، بەڵكو بنووسین و كاری پێ بكەین و نەوەكانیش لە سەر ئەم پەندە پەروەردە بكەین بڵێین “برا لە پشت برا بێت مەگەر قەزا لە لای خودابێ” لە یادیش نەكەین بارزانی نەمریش فەرموویەتی (گەر دڵی میللەت لە گەڵمان بێ دوژمن هەزار هێندە بە قوەت بێت، ناتوانێت بمان شكێنێت). بەڵێ وایە لە ناوخۆ رێكبین هەموو هێزێكی دەرەكی دەڕوخێنین و سەربەخۆییش بە دەستدێنین، دەشبێ هەموومان بزانین ماف نادرێ، بەڵكو دەسەنرێ، ئەویش تەنها بە یەكگرتن بەدەستدێت دەبێ راستگۆبین، یەكتر بدوێنین و دوژمن نەدوێنین.
❊ ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگای هەولێر (پ. د. ك).









