دەیان هەزار کەس لە دانیشتووانی تایوان رژانە سەر شەقامەکانی شاری
تایپی پایتەختی هەرێمەکەیان. خۆپیشاندەران رەخنەیان لە سیاسەتی حکومەتی چین
گرت لە بەرامبەر چڕکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ ئەوەی ئەو هەرێمە بخاتەوە ژێر
دەسەڵاتی خۆی.
تایوان بە 22ـەمین هێزی ئابووری جیهان دادەندرێت، پێشکەوتنەکانی بواری
تەکنەلۆژیای ئەو هەرێمە سوودی گەورەی بۆ دانیشتووانەکەی و خەڵکی وڵاتانی
دیکەی جیهانیش هەبووە، بەڵام ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی تایوان پێیانوایە،
سەربەخۆیی هەرێمەکەیان یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی زیاتر و باشتر خزمەت بە
جیهان لە بواری تەکنەلۆژیاوە بکەن.
رێکس یانگم، چالاکوانی تایوانی دەڵێ “لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، تایوان
وەکو کەسێکی بێ دایک و باوک وایە. تایوانییەکان دەیانەوێت وڵاتەکەیان ببێتە
وڵاتێکی ئاسایی. وەک وڵاتێکی سەربەخۆ، ئێمە دەتوانین زیاتر یارمەتی
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدەین”.
رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە دەڵێن، ئەمە گەورەترین کۆبوونەوەی جەماوەرییە بۆ
پاڵپشتیکردن لە سەربەخۆیی لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵی رابردووی بەڕێوەبردنی
دیموکراسییانەی هەرێمەکەدا.
بەگوتەی رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە، زیاتر لە 100 هەزار کەس لەم
کۆبوونەوەیەدا ئامادەبوون و ئەوانیش بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەیان داوای
ئەنجامدانی گشتپرسیان لە پارتی دەسەڵاتداری هەرێمەکەیان کرد.
سای وێنلی، چالاکڤانی تایوانی دەڵێ “تەنیا لە رێگەی گشتپرسییەوە، دەتوانین
وەکو خەڵکی تایوان مافەکانمان بۆ هەبوونی دەوڵەتێکی نوێی سەربەخۆ پیشانی
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدەین و بە جیهان بڵێین کە ئێمەش وڵاتین”.
تایوان خاوەنی دراو، سیستەمی سیاسی و دادوەری تایبەت بە خۆیەتی، بەڵام
هیچکات سەربەخۆیی فەرمی رانەگەیاندووە، چینیش وەکو بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی
سەیری تایوان دەکات و هەردوولاش لە ساڵی 1949ـەوە جیاواز بەڕێوەدەبردرێن.










