ساسان دەروێش-هۆڵەندا:
لە ئاكامی كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی و سەركەوتنی براوەكان تێیدا، لە وڵاتانی زلهێز و چاوخشاندنەوەیان بە داڕشتنی نەخشەی سیاسی و جوگرافی ناوچە داگیركراوەكان و بەخشینەوەیان وەك شیرینی جەنگ، كوردستانی گەورە یەك لەو بەرنامانە بوو بە رێككەوتننامەیەك بۆ دابەشكردن و لكاندنی بە وڵاتانی جیاواز لە سەد ساڵی رابردوودا، دوژمنان و داگیركارانی كوردستان لە هەر پارچەیەكی كوردستان وێڕای شۆڕش و راپەڕینەكانی كورد و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەییمان، لە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و كولتووری و تواندنەوەی كوردبوون، لەگەڵ ئەوەشدا مێژوویان چەواشەكردووین و بێگانەكان بە ویستی خۆیان لێمان دواون، بۆ ناشیرینكردنمان مێژوویان بۆ نووسیونەتەوە، جگە لە چەند سەرچاوەیەكی بەرچاوی چەند نووسەرێكی بە ویژدان و مەیدانی گەڕیدە بە نێو خاكی كوردستانی داگیركراودا رووناكییان خستووەتە سەر بەشێكی شاراوەی مێژووی رابردوومان كە ئەمڕۆ بوونەتە سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی لە بەردەست، لەگەڵ ئەو خەرمانەی هەمیشە لەژێر گوشار و هەڕەشە و سووتاندا بووە لە هەوڵەكانی مێژوونووسانی كورد، لە دوای ئەو هەموو نەهامەتییەش لە هەر پارچەیەكی كوردستان خۆشبەختانەش نە كورد توایەوە و نە كوردیش مێژوویی خۆی لە بیر نەكرد، باشترین دەرفەتیش وەك ئەستێرەیەكی گەش لە مێژووی كورددا لە دوای راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 لە باشووری كوردستانەوە درەوشایەوە، لە سایەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و یاسایی چاپ و بڵاوكردنەوەوە چەندەها پەرتووك و رۆژنامە و گۆڤار لە دایكبوون و كتێبخانەی كوردییان ئاوەدانكردەوە، لە درێژەی ئەو پرۆسەیەش زۆر لە پێشمەرگە و سەركردەكانی دیاری نێو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەییمان یاداشتەكانیان تۆمار كرد و خستە بەردەستی نەوەی نوێ، ئەوەتا لە چەند رۆژی رابردوودا لە شاری دهۆك لە ئاهەنگێكدا بە ئامادەبوونی چەندین كەسایەتی دیاری كوردی سیاسی و رۆشنبیری و كولتووری و چالاكوانی مەدەنی و میوانێكی بەرچاو بە فەرمی پەرتوكی رێگای خەبات لە لایەن خەلیل سنجاری پێشمەرگە و نووسەر و رۆژنامەوان و سیاسی واژۆكرا و هاوكات فیلمێك لە سیناریۆی پەرتووكەكە نیشاندرا و چەند كەسایەتێكیش لەو بارەیەوە وتەیان پێشكەشكرد.
پەرتووكی رێگای خەبات، باس لە خەبات و تێكۆشانی بێوچانی 50 ساڵ لە خەباتی شارەوای پێشمەرگەیەك دەكات لە پێناو گەل و خاك و رێبازەكەی بە درێژایی تەمەن و جوانی خۆی لەو پێناوەدا لە ململانێ دابووە و خەبات و تێكۆشانی ئەنجامداوە و بەسەر كۆسپ و ئاستەنگەكاندا زاڵ بووە و بێئومێد نەبووە لە ئایندە هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە هەستی نیشتمانپەروەری و زوڵم و زۆرداری داگیركاران لە دڵ و دەروونیدا پاڵی پێوە دەنێن كە لە تەمەنی 17 ساڵیدا و لە ساڵی 1968 ببێتە پێشمەرگە و بەشداری شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بكات تا نسكۆی شۆڕش و ئاوارەبوونی بۆ ئێران و دواتر بۆ هۆڵەندا و جارێكیتر لەگەڵ بڵێسەی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان بگەڕێتەوە، كوردستان بۆ ماوەیەك و نزیكەی 42 ساڵ زیاترە لە وڵاتی هۆڵەندا نیشتەجێیە، وەك پەنابەر لەو نێوەندەشدا كاری گەیاندنی پەیامی كوردستانی و شۆڕش بووە بە دۆستەكانی كورد لە دەرەوە و دواتر قۆناغێكی تر دەستپێدەكات لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 و ئازادكردنی عێراق و جەنگی تیرۆریستانی داعش، كە تێیدا زۆر دەستكەوتی گرنگ و مێژوویی بۆ كوردستان دەستەبەركردووە لە ڕۆڵ بینین لە پێشمەرگایەتیی ئەیلوول و گوڵان و تاراوگە.
پەرتووكی رێگای خەبات لە نووسینی خەلیل سنجاری و نووسینی پێشەكی لە لایەن پڕۆفیسیۆر تیسیرئالوسی و دەرهێنانی بەرگ و چاپكردنی حەسەن عومەر و ئامادەكردنی رۆژنامەنووس حسۆ هورمی یە و زیاتر لە 400 لاپەڕەیە، دەوڵەمەندە بە چەندین زانیاری بە سوود و سەلمێندراو بە بەڵگە، لەگەڵ ئەلبومێك لە وێنەی گرنگی كەسایەتییەكانی كورد و بیانی و بابەتی رۆژنامەگەری لە تاراوگە و بابەتی هەمەڕەنگ لەسەر پرسی كورد و نەتەوەییمان بۆ ناساندنی دۆزی رەوای گەلەكەمان لە هۆڵەندا ئەنجامداوە، وێڕای چەندین كاری راگەیاندن لە بردنەوەی ئامێری ئێزگەی دەنگی كوردستان بۆ شۆڕشی گوڵان و لە راپەڕینیشدا رادیۆی ئێف ئێم و تەلەفزیۆنێكی لۆكاڵی لە دهۆك دامەزراندووە و هاوكاری دامەزراندنی كەناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی بووە لەسەر خاكی پیرۆزیی كوردستان و پەروەردەكردنی كادیر و خولی تایبەت لە هۆڵەندا بۆ كارمەندەكانی و لە پاڵیشیدا كردنەوەی ستۆدیۆی كوردستان تیڤی لە ئەڵمانیا، وەك پردێك كاری بەردەوامی تیا ئەنجامدا و بەمەش بووەتە كەسایەتییەكی ناسراو لە لە تاراوگە و نیشتمان و بە پارستنی هەموو ئەم بەڵگە و گێڕانەوەی رووداوەكان و چاپكردنیان كتێبخانەی كوردی پێ دەوڵەمەندتر كرد وەك لاپەڕەیەكی گەش و لایەنی شاراوەی خەبات و تێكۆشانی خۆی و شۆڕش و بیرخستنەوەی رووداوە گرنگەكانی كوردستان.
لەمبارەیەوە نووسەری كتێبەكە بۆ خەبات، گوتی: سەرەتا بە دەرفەتی دەزانم سوپاسی ئەرك و ماندووبونتان بكەم بۆ ئەم دەرفەتە و هەموو كار و چالاكییە بەردەوامەكانتان كە هەمیشە خەمخۆری دۆزی كورد و گەیاندنی پەیامی كوردستانییان بوون بۆ خەبات، لاپەڕەكانی خەباتیش لە رابردوو ئێستاشدا رووێكی جوانی نەتەوەیی و نیشتمانی پێوەدیارە لە بەسەركردنەوەی تێكۆشەران و سەروەرانی كوردستان، پەرتووكی رێگای خەبات كە بریتییە لە خەبات و تێكۆشانی 50 ساڵ لە ژیانی خۆم بە هیوام ببێتە لاپەڕەیەكی گەشی مێژوومان كە زۆر بەڵگە و زانیاری لەسەر رووداوەكانی كوردستانی لەخۆگرتووە كە خۆم تێیدا كارەكتەر بووم وەك پێشمەرگەیەك، لە دوای چەندین ساڵ لە ئەرشیفكردنی بەڵگە و زانیارییەكانم و خەبات و تێكۆشانی شاراوەم لە شۆڕش و تاراوگە و نزیك بوونەوەم بە 50 ساڵ لەو گۆڕەپانە سیاسییەی كە بە لاوێتی كەوتمە نێویی، خێزان و منداڵ و هاوڕێ و كەسوكارم، گوشاریان بۆ هێنام كە تاكەی ئەو زانیارییانە رووناكی نەبینن و نەكەونە بەردەستی نەوەی نوێ، كە ئەم ئازادی و سەقامگیریەی كورد لە خۆڕا دروست نەبووە، بەڵكو شۆڕش و لەشكرێك لە شەهیدانی كوردستان و ماڵوێرانی خەڵكی لە پشت بووە، بۆیە ئەمانە هەموو بۆ من بوونە هاندان و پشتگیری كردنم بۆ كۆكردنەوەیان و لە چاپدانیان لە پەرتوكێكدا كە بە هیوام ئەم هەنگاوەم ببێتە بەشێك لە لاپەڕە گەشەكانی مێژوومان، بەداخەوە دوژمنان زۆر هەوڵی لەناوبردن و چەواشەكردنیان بۆ داوە، بەڵام ئیرادەی خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە و سەرۆك بارزانی هەموو خەونی نەزۆكیانی خستەچاڵ.









