ماركۆ سێلڤا راهێنەری یانەی ئیڤرتۆن دووپاتیكردەوە كە لە یارییەكەی ئەمشەویان بەرامبەر لیڤەرپوول لەدێربی میرسیساید ئامانجیان بردنەوەیە، كە لەسەر یاریگای ئانفێڵد لەمیانی گەڕی 14ی خولی پریمەرلیگ بەڕێوەدەچێت. سێلڤا لەلێدوانێكی بۆ تۆڕی سكای سپۆرتس ی ئینگلیزی دەڵێت: تیپەكەم هەرگیز واتای ترسی نەزانیوە، رێز لەلیڤەرپوول دەگرین هەروەكو بەرامبەر مانچستەر و ئارسناڵ و چێڵسی ئەنجاممان دا، بەڵام لەپێناو سەركەوتن یاری دەكەین، ئاماژەی بەوەكرد كە ژمارە پێوانەییەكان بۆ ئەمە دروستبوون كە بشكێندرێن. ئیڤرتۆن لەدوای ساڵی 1999ەوە هیچ سەركەوتنێكی لەسەر یاریگای ئانفێڵد تۆمار نەكردووە، كەهەندێكیان بەوە دەیناسێنن كە بەربەستی بەردەم تیپەكەیان بێت. هەروەها دەڵێت: بەشێوازی خۆمان بەرامبەر لیڤەرپوول یاری دەكەین، جۆری یاریكردنمان ناگۆڕین، گرنگ ئەوەیە چێژ لەم یارییە وەرگرین و بە ئاستی پێویست دەركەوین، باش دەزانین ئەمە یارییەكی تایبەتە، بەڵام ئەمەش واناكات شێوازی یاریكردنمان بگۆڕین. هەروەها دەڵێت: هیواخوازم یاریزانمان بەمشێوەیە دەربكەوین كەلەسەری راهاتووینن هیچ شتێكی جیاوازی تێدا نییە لەسەر ئەوەی لەیارییە گەورەكان ئەنجاممان داوە، دڵنیاشم كە هاندەران ئەمەیان دەوێت كە لەپێناو سەركەوتن بجەنگێین، راهێنەری پورتوگالی دەڵێت: تیپەكەم هیچ پێكانێكی لەم كاتە نییە، ئاماژەی بەوەشكرد كە یاریزانی لاو لۆكمان ئامادەیەو یەكەمین یاری وەكو یاریزاین سەرەكی لەپریمەرلیگ ئەنجام دەدات، دوای ئەوەی ئاستێكی بەرزی بەیەدەگ پێشكەشكردووە. یانەی ئیڤرتۆن ئێستا بەكۆكردنەوەی 22خاڵ لەپلەی شەشەم دایە، بەجیاوازی 11خاڵ لەگەڵ یانەی لیڤەرپوولی خاوەن پلەی دووەم كە هیچ شكستێكی لەم وەرزە نەبووە.









