خهبات: عەلی بانیشاری
ئەگەرچی حكوومەت هاوردەكردنی ئاژەڵی بە فەرمی لەوڵاتانی دراوسێووە قەدەغەكردووە، بەڵام بازرگانانی ئاژەڵ دەڵێن هاوردەكردنی ئاژەڵ بە قاچاخ لە ئێران و سووریاوە بەردەوامە. خاوەن ئاژەڵەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن هێنانی ئاژەڵ لە وڵاتانی دراوسێووە زیانێكی زۆری لێداون و بەو هۆیەوە ئاژەڵەكانیان لە بازاڕدا ساغ نابێتەوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانیخەبات پاش گەمارۆ ئابوورییەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و دابەزینی بەرچاوی بەهای تمەنی ئێرانی هاوردەكردنی ئاژەڵ لەو وڵاتەوە بۆ خاكی باشووری كوردستان زۆر زیادیكردووە. قەسابێكیش دەڵێت لەو هەفتەیەدا رۆژانە دوو هەزار سەر ئاژەڵی ئێرانی هێنراوەتەوە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر.
مەولود محەمەد، قەسابێكی شاری هەولێرە و رۆژانە سەردانی مەیدانی ئاژەڵان دەكات، ئەو دەڵێ: ماوەی چوار مانگە لە ئێرانەوە بەشێوەیەكی بەرچاو ئاژەڵ هاوردەی باشووری كوردستان دەكرێت”. وەكو مەولود دەڵێت: ئەو ئاژەڵانەی دەهێنرێنە مەیدانی هەولێر لە سنوری سیدەكانەوە بە قاچاخ هاوردە دەكرێن. دەشڵێت: پێش ئەوەی ئاژەلأ بە قاچاخ بهێنرێت یەك كیلۆ گۆشتی زینە قەپان 4500-5000 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بۆ 3500 دینار دابەزیووە. ناوبراو ئاشكرایكرد رۆژانە دوو هەزار سەر كاوەڕ لە خاكی ئێرانەوە دەهێنرێتە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر.
مەولود محەمەد گوتیشی: هێنانی ئاژەڵ لە وڵاتانی دراوسێووە بۆ ئێمە و هاوڵاتیان قازانجە، چونكە یەك كیلۆ گشتی سوور بۆ قەسابەكان كەمتر لە 11 هەزار دینار رادەوەستێت. ئەگەرچی نرخی ئاژەڵ دابەزینێكی زۆر بەخۆیەوە بینووە، بەڵام نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەكانی باشووری كوردستان لەگەڵ چەند مانگی رابردوو جیاوازی نییە و یەك كلیۆ گۆشتی سوور بە ئێسقانەوە 12-13 هەزار دینارە و بێ ئێسقانیش 13-14 هەزار دینارە.
رزگار عبدولڕەحمان، بازرگانێكی ئاژەڵە، ئەو دەڵێت: هاوردەكردنی ئاژەڵ بە قاچاخ لە سووریا و ئێرانەوە بەردەوامە. دەشڵێت: پاش دابەزینی نرخی تمەنی ئێرانی هێنانی ئاژەڵ زۆر زیادیكردووە، چونكە بەشێكی زۆر خاوەن ئاژەڵەكانی ئێران دەستیان بە فرۆشتنی ئاژەڵ كردووە. ناوبراو گوتیشی: ئێستا مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر و سلێمانی پڕ بووە لە ئاژەڵی ئێرانی و ئاژەڵەكانی باشووری كوردستانیش پارەی رابردوو ناكەنەوە. ئەو بازرگانەی ئاژەڵ ئاماژەی بەوەشدا ئاژەڵی ئێرانی بە چەندین قۆناغی دەگاتە خاكی كوردستان و ئەو بڕە پارەیەشی ئەوان دەیدەنە ئاژەڵی ئێرانی بۆ خاوەن ئاژەڵەكانی ئەو وڵاتە زۆرە، چونكە بەهای تمەن دابەزیووە.
بەكر رەشید، نزیكەی 50 سەر مەڕ و بزنی هەیە و لە ناحیەی كەسنەزانی سەر بە پارێزگای هەولێر دادەنیشێت. ناوبراو دەڵێ: پێش هێنانی بە لێشاوی ئاژەڵ لە ئێرانەوە جووتی مەڕ 450-500 هەزار دیناری دەكرد، بەڵام ئێستا جووتێك مەڕ بە بەرخیشەوە 350 هەزار دینار دەكات. دەشڵێت: ئەگەر بەو شێوەیە بڕوات بەخێوكردنی ئاژەڵ كەڵكی نابێت و دەبێت خاوەن ئاژەڵەكان دەست لە بەخێوكردنی ئاژەڵ هەڵبگرن. ئەو خاوەن ئاژەڵە گوتیشی: رۆژانە ئاژەڵێكی زۆر و بە نرخێكی كەم لە سووریا و ئێرانەوە دەهێنرێتە شارەكانی كوردستان، هەر ئەوەیش وایكردوو كەس لە ئاژەڵی ئێرە نەپرسێت. بەكر رەشید داواشیكرد حكوومەتی هەرێم هەرچی زووە بە قاچاخ هاوردەكردنی ئاژەڵ بوەستێنێت، تا خاوەن ئاژەڵەكان زیانی زیاتریان پێ نەگات.









