خهبات: سەید فاتیح بەرزنجی
ئەندازیار “سرود عەبدولمەجید” بەڕێوەبەری ئاوەڕۆكانی هەولێر، دەربارەی هۆكاری گیرانی ئاوەڕۆكان و هەبوونی تیمی ئێشكگری بەردەوام بۆ حاڵەتە نەخوازراوەكان و حاڵەتی دروستبوونی لافاو لەناو گەڕەكەكان و گیرانی ئاوەڕۆكان و پرۆژەكانی ئاوەڕۆ لەشاری هەولێر، بۆ خەبات ڕوونیكردەوە: هەموو ساڵێك بەر لە هاتنی وەرزی زستان و باران بارین دەستدەكەین بە خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان، بۆ ئەوەی لەكاتی بارانی بە خوڕ ئاوەڕۆكان نەگیرێن، بەڵام بەداخەوە لەبەر كەمی ڕادەی هۆشیاری هاووڵاتیان و فڕێدانی زبڵ و پاشماوە بۆ ناو ئاوەڕۆكان وادەكات كە ئاوەڕۆكان بگیرێن، بۆیە ئاو لە شەقامەكان و كوچەو كۆڵانەكان كۆدەبێتەوە، ئەگەرچی تیمە ئێشكگرەكانی خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان شەوو رۆژ لە ئامادەباشیدان، بۆ هەر ئەگەر و پێشهات و دروستبوونی لافاو لە هەر شوێنێكبێت، دەمودەست ئەو تیمانە دەگەنە شوێنی مەبەست و فریای حاڵەتەكان دەكەون.
بەڕێوەبەری ئاوەڕۆكانی هەولێر، ڕونیكردەوە:بۆ ئەوەی لەكاتی باران بارین ئاوەڕۆكان نەگیرێن، هەموو ساڵێك بەر لە هاتنی وەرزی زستان و باران بارین دەستدەكرێت بە خاوێنكردنەوەی هەموو ئاوەڕۆكان لە شاری هەولێر و دەوروبەری جگەلەوەش بەپێی توانا هەوڵی ئەوەش دەدەین كە ئەو سەرە مەنهۆڵانەی كەدزراون، سەرە مەنهۆڵیان بۆ دابنێینەوە، بۆئەوەی كێشە بۆ هاووڵاتیان دروستنەكات، لێرەوە جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بدەین و داوا لە هاووڵاتیان بكەین كە پارێزگاری لە سەرە مەنهۆڵەكان بكەین، چونكە سامانێكی نیشتیمانییە و نابێ بدزرێن، بەداخەوە هەندێ هاووڵاتی نەفس نزم ماوە ماوە هەوڵی دزینی سەرە مەنهۆڵەكان دەدەن، بۆیە پێویستە ئەو كەسانەی كە ئەو سەرە مەنهۆڵانە دەدزن پێویستە بدرێنە دادگا و لێرپرسینەوەیان لەكەڵدا بكرێت، لەبەر ئەوەی بەدزینی ئەو سەرە مەنهۆڵانە زیان بە ئاوەڕۆكان و زیانیش بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت و كیشەیان بۆ دروستدەكات.
لە گەڕەكە تازەكاندا هەر كە شەقامەكان دروستدەكران ئەوا تۆڕی ئاوەڕۆش دروستدەكران، لەسەر بودجەی پەرە پێدان یاخود بودجەی وەزارەتی شارەوانی، پرۆژەی ئاوەڕۆ دروستكراون، بەڵام هێشتا شاری هەولێر پێویستی بە پرۆژەی زیاتری ئاوەڕۆ هەیە، ئەوەتا لە گەڕەكە كۆنەكان پێویستە ئاوەڕۆكان تازە بكرێنەوە بەتایبەتی هەبوونی كێشەی ئاوەڕۆ لەبەرئەوەی ئاستی ئەو كۆڵانانە نزمە یاخود نزیكی ئاوەڕۆی سەرەكی سندوقیەكانن، بۆیە لەگەڵ هەر باران بارینێكی بەخوڕ ئەو ئاوەڕۆیانە زوو پڕ دەبن لە ئاو، بەڵام تیمەكانمان خۆبەخشانە هەموو كاتێك لە ئامادەباشیدانە و بەردەوام لە ئێشكگرتندان، بە هاوكاری لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەكو بەڕێوەبەرایەتیەكانی بەرگری شارستانی و شارەوانیەكان و ئاودێری هەولێر و هاتووچۆ و پۆلیس و قایمقامیەت و چەندین دامودەزگای دیكە، شەوانە تابەیانی ئەو تیمانە لە ئێشكگریدانە و لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی لافاو هەموو كاتێك شەو و رۆژ لە ئەركدایە، بۆ هەر رووداو و پێشهاتێك ئەگەر رووبدات، ئەوا لەحزمەتی هاووڵاتیانداین، داواش لە هاووڵاتیانی چەند گەڕەكێكی ناو شاری هەولێر دەكات هاوكاری تیمەكان بكات و چیتر زبڵ و پاشماوە فڕێ نەدەنە ناو ئاوەڕۆكان،
لەكاتی باران بارینی ئەو چەندرۆژانەی دواییدا لەماوەی ئەو چەند شەوانە تابەرەبەیانی خۆم وەكو بەڕێوەبەری ئاوەڕۆكان، تابەرەبەیانی لە ئێشكگرتن دابم و خزمەتی هاووڵاتیان بكەم، هەوڵماندا هەموو ئەو ئاوەڕۆیانەی كە گیرابوون پاكیان بكەینەوە تا لافاو دروستنەبێت لەگەڕەكی گڵكەندی سێتاقان عەمبارێكی كۆكردنەوەی ئاومان دروستكردووە، لە ژێر باخچەكەی ئەوێ، ئەو شوێنە بۆتە بازرگانی و باڵەخانەكان بەرز بوونەتەوە، بۆیە زیانەكان كەمترن، لەگەڕەكی ژێر پردی سەیداوەش پەمپ دانراوە بۆ ئاوەشۆر كردنی ئاوی باران و شوێنەكە كەندە و لەوەتەی ئەو پەمپانە دانراون لە ژێر ئەو پردانە ئاوەشۆری ئاوی باراندەكرێت و لافاو لەژێر ئەو پردانە دروستنابێت، لەو بارانەی ئەو دواییەدا لە ئەندەرپاسی جیهان هەندێ ئاو كۆبووەوە، ئەوەش چارەسەركرا و ژمارەی پەمپەكان زیادیكرد و بوو بە نۆ پەمپ، لەو حاڵەتەدا ئاوی باران كۆنابێتەوە، لەكاتی زستاندا لافاو لە چەندین وڵاتی دونیا دروستدەبێت و چارەسەری بۆ دەكرێت، ئەگەر هاتوو ئاوەڕۆكان زبڵ و پاشماوەی تیا كۆنەبێتەوە ئەوا هەرگیز لافاو دروستنابێت.
دواتر هەر لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا ئەندازیار “سرود عەبدولمەجید” سەبارەت بەپلانی داهاتوویان گوتی: لەماوەی ساڵانی رابردوودا لەبەر قەیرانی دارایی نەتوانراوە پرۆژەی خزمەتگوزاری ئەنجامبدرێت، بەتایبەتی پرۆژەی ئاوەڕۆ، هەر بۆیە وەكو بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆكانی هەولێر لەپلانماندایە چەندین پرۆژەی ئاوەڕۆی سندوقی دروستبكەین، لە هەموو ئەو شوێنانەی كە پێویستی بە ئاوەڕۆ هەیە بۆی ئەنجامدەدەین، تائەو پرۆژانە ئەنجامدەدرێن پێویستە هاووڵاتیان هاوكاریمان بكەن بۆئەوەی زبڵ و پاشماوە فڕێ نەدرێتە ناو ئاوەڕۆكان، بەتایبەتی فڕێنەدانی پاشماوەی خانوو بەرە، چونكە وادەكات كە ئاوەڕۆكان بگیرێن، لەوماوەیەشدا چەندین پرۆژەی ئاوەڕۆمان ئەنجامدا، بەتایبەت پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ لە شەقامی ئیسكان، توانرا تۆڕی ئاوەڕۆی بۆ تازە بكرێتەوە و لە قۆناغی كۆتاییدایە، لە چەند شوێنێكی دیكەیش پرۆژەی ئاوەڕۆ دروستكرا لەگەڕەكی نازناز و گەڕەكی سیمی خاتووناوەو چەندین شوێنی دیكە، بەپێی توانا كاریان بۆ كراوە، بۆ پاكردنەوەی ئاوەڕۆكان و تیمەكانی ئێمەش شەو و رۆژ لەكاتی باران باریندا بەردەوام لە ئێشكگرتندانە و داواكارین لە حكوومەتی هەرێم كە كرێكاری زیاترمان بۆ دایینبكات بۆ پاككردنەوەی ئاوەڕۆكان.









