خهبات: رەسوڵ ساڵح
بەرەوپێشچوونەكانی كەرتی پیشەسازی لە هەموو وڵاتێك بەندە بە هەبوونی ناوچە و شاری پیشەسازی رێكخراو لەو وڵاتەدا. بە پێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی كوردستاندا، 42 ناوچەی پیشەسازی هەن كە لە سەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دابەش كراون.
بە پێی دوایین زانیاری و ئامار، كە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بڵاویكردۆتەوە، لە نێوان ساڵانی 2006-2011 پارێزگای دهۆك لە كارگەكانی بچووك و مامناوەندی بە رێژەی 13.86% و 10.1%بەرزترین ئاستی گەشەی وەبەرهێنانی تۆمار كردبوو لە ساڵی 2015 گەیشتە 22% و 10.59% بەڵام دواتر پارێزگای هەولێر لە سالی 2017 ئەم پلەیەی بە رێژەی 10.2%لە كارگەكانی بچووك و پارێزگای دهۆك لە كارگەكانی مامناوەندی بە رێژەی 8.7%پلەی تۆمار كرد.
پارێزگای سلێمانی لە كارگەكانی گەورە بە رێژەی بەرزترین ئاستی گەشەی وەبەرهێنانی تۆمار كردووە لە ساڵی 2011 گەیشتە 84.8% و سالی 2015 ئەم پلەیەی بە رێژەی 50.4% لە كارگەكانی گەورە تۆمار كردووە و پارێزگای سلێمانی لە كارگەكانی گەورە لە ساڵی 2017 بە رێژەی156%پلەی تۆمار كرد.
رۆژنامەی خەبات وەك بەدواداچوونێك بۆ ناوچە و شاری پیشەسازییەكان و پلان و بەرنامەی حكومەتی هەرێم بۆ پێشخستنیان، دیمانەیەكی لەگەڵ د. عەبدولڕەزاق ناوەندی سەرۆكی دەستەی ناوچە و شارە پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان و لە هەمانكاتدا بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە وەكالەت سازدا.
لە سەرەتای دیمانەكەدا د. عەبدولڕەزاق گووتی: كەرتی پیشەسازی لە هەرێمدا، بەرەوپێشچوونێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام بە حوكمی پەیوەندی جالجالۆكەیی نێوان سێكتەری پیشەسازی و سێكتەرەكانی تری ئابووری پەیوەندیدار بەو سێكتەرە گیروگرفتەكانی لە ناوچە پیشەسازییەكان هاتۆتە پێشمان و رێگا چارەسەری پێشنیازكراومان بۆیان هەیە.
وای بۆ دەچین كە ئەگەر حكومەت گرنگی بە كەرتی پیشەسازی نەدات قەیرانەكانی هەرێم قوڵتر دەبنەوە و پێویستە حكومەت عەقڵیەتی پشتبەستن بە یەك سەرچاوەی داهات بگۆڕێت بۆ گرنگیدان بەكەرتە جیاوازەكان بە تایبەتی پیشەسازی.
هەرێمی كوردستان لە كەرتی پیشەسازی بەرەوپێشچوونێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە. ئەگەر لە 2006ـەوە بەراوردی بكەین بۆ 2018، نزیكەی دوو هەزار كارگەی بچووك و مامناوەندی بوون، بەڵام ئەمڕۆ نزیكەی چوار هەزار كارگە بوونی هەیە، كە كارگەی مامناوەندی و گەورەن.
ئامانج لە دانانی كارگە بۆ هەلیكار و بەرهەمهێنانە، لە ساڵی 2006 نزیكەی 9 هەزار هەلیكار لە پێشەسازی رەخساوە، بەڵام خۆشبەختانە ئەمڕۆ نزیكەی 38 هەزار و پێنجسەد هەلیكار، تەنیا لە كەرتی پیشەسازی رەخساوە، كە ئەمەش وادەكات بە هەبوونی پەیوەندی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە نێوان كارگەیەك لە گەڵ كاروباری دیكە دا وەك بازرگانی و رێستۆرانت و…هتد.
هەرێمی كوردستان بەرەوپێشچوونی باشی هەبووە لە كەرتی پیشەسازی، بەڵام لە ئاست تەموحی پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستاندا نییە و ئێمە بەنیازین زیاتر لەوەی، كە هەیە كەرتی پیشەسازی بەگڕ بخەین، نەك هەر بۆ ناوخۆ، بەڵكو هەناردەی دەرەوەش بكرێ. دەشڵێت “لە هەرێمی كوردستان باشترین جۆری مەڕمەڕ، گرانیت، گەچ و چیمەنتۆ هەیە و ئەمڕۆ هەلێكی زێڕین لە بەردەم هەرێمی كوردستاندا هەیە، كە ئەویش ئاوەدانكردنەوەی موسڵە، كە دەكرێ رۆڵێكی بەرچاو بگێڕین.
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی روونیكردەوە؛ گەیشتن بە گەشەسەندنی گونجاوی پیشەسازی و كاردانەوەی كاریگەری لەسەر ئابووری نیشتیمانی، و بەشداریكردنی ئەو گەشەسەندنە لەسەر ئاسایشی پیشەسازی، و بە سوودوەرگرتن لە توانا مرۆیی و سروشتییە بەردەستەكان، و بەرزكردنەوەی ئاستی دەرهێنانی ماددە كانزاییە خۆماڵییەكان لە GDP، و بەردەست خستنیان لە نێوبازاڕە ئازادەكان،وە بەرێوەبردنی پرۆسە پیشەسازییەكان، و ناساندنی تەكنەلۆژیای مۆدێرن و و دەستبەركردنی هاوبەش لە ئامانجەكانی حكومەتی هەرێم و وەزارەتیانە. و وەك بەرنامەی بەگەڕخستنەوە و چالاككردنەوەی پڕۆژەكانی كەرتی تایبەتی پیشەسازی لە شێوەی پەیوندی نێوان پلاندانان ژ ئابووری ، كە دابەشكراوە بۆ سەر سێ شێوە، كە هەریەك لە هاودەنگ كردنی هاوسەرگیری ستراتیژە جیاكان و رێكخستنیان لەیەك پاكێجی ئاسایشی ئابووری، بۆ وەرگرتنی هەناسەیەك و وچاونە نێۆ هەنگاوی داهاتوو لە چێوارچێوەی متمانەی تۆكمەستراتیژی پێشنیاركراو دەبێت.
قۆناغی یەكەم: پلانی ئێمرجێنسی: “گەشەی ستراتیژی هاوسەنگ”
قۆناغی دووەم: چالاككردنی سێكتەرە بەردەستەكان لە ڕێگای پرۆگرامی پەرەپێدانی پیشەسازی. “ئاڕاستەكردنی پیشەسازی بۆ ستراتیژی ئاڵۆگردنی هاوردەكراوەكان”.
قۆناغی سێەم: هەڵدانی ئایندەی كارگەكانی پیشەسازی لەسەر بنەمای كارگەی پیشەسازیی نوێ. پیشەسازی بۆ هەناردەی ئاڕاستەكراو.
لەیەكەم كارەكانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان پێویستە بیر لە داهاتووی ستراتیژی پیشەسازی بكەنەوە بە پشتبەستن بە هەریەك لە سێكتەرەكانی كانزاسازی و كشتوكاڵ وەك كارگەكانی پیشەسازی ، وەك بنەمای سەرەكی و رێگای راست بۆ گەشەسەندنی هەرێمی كوردستان.
بە پێی شیكاری SWOT ڕونكراوەتەوە، پێویستە هەرێمی كوردستان بەرەنگاری زۆرێك لەو بەربەستانە ببێتەوە و زاڵ بێت بەسەریان كە رێگرن بۆ گەیشتن بە ئامانج و پرۆسەی بەدەستهێنانی ستراتیژیەتێكی باشی پیشەسازی لەماوەیەكی دیاریكراودا.
سەبارەت بە گرفتە یاساییەكان گوتی: لەئێستادا وەزارەتی بازرگانی كار بە یاسای ژمارە 25ی ساڵی 1991 دەكات. نەبوونی ژینگەیەكی یاسایی لە زۆربەی بوارەكانی پیشەسازی چونكە گۆڕینی سیاسەتی ئابووری لە كەرتی گشتی بۆ كەرتی تایبەت بازاری ئازاد بۆشاییەكی یاسایی دروست كرد. و ئێمە پێشنیازمان كردووە بۆ پێشخستنی كەرتی تایبەت، پێویستە بە زووترین كات پڕۆژە یاسای پیشەسازی و بازرگانی لە هەرێم ئامادەبكرێت و ئاسانكاری بكرێت بۆ تەواوكردنی ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا كاری بۆ كراوە، و تا ئەو كاتەی یاساكە پەسند و كارا دەكرێت بە رێنمایی پێویست گرفتەكان چارەسەربكرێن. بەشداری پێنەكردنی كەرتی تایبەت لە پرۆسەی دەرچوونی یاسا و رێنماییەكان وەك پێویست نەبووە، لەكاتێكدا كەرتی تایبەت هاوكاری سەرەكییە بۆ بوژاندنەوەی ئابووری كوردستان بۆ حكوومەت. لە وڵاتانی پێشكەوتوودا، كەرتی تایبەت بەشێكی سەركییە لە دەركردنی بریاڕو یاساكان، بۆیە پێویستە كەرتی تایبەت بەشداری بەرچاوی هەبێت لە گشت لێژنە ئابووری و بازرگانییەكانی سەر بە حكومەت لە پرۆسەی بڕیارداندا.
هەروەها كۆن بوونی یاسای بازرگانی عێراقی و نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان یاسای بازرگانی هەرێم و عێراق و هاوكات، نەگونجانی لەگەڵ سیستەمی بازاری ئازاددا كێشەیەكەی دیكەیە كە رووبەڕوومان دەبێتەوە، بۆیە پێویستە توێژینەوەی ورد لە یاسای بازرگانی عێراقی و هەرێمی كوردستان بكرێت و چاوپێداخشاندنەوە بە یاساكان و هەمواركردنەوەیان بكرێت بە شێوەیەك لە خزمەتی بازاڕی ئازاددا بێت.
پرسیارمان كرد سەبارەت بە كۆنتڕۆلی جۆری، لە وەڵامدا بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی پیشەسازیی و ئابووری گوتی: یاساكە خۆی لە ئاستی پێویست نیە و لە ستانداردی نێودەوڵەتی دوورە. لەگەڵ ئەوەشدا جێبەجێ نەكردنی یاسای كۆنترۆڵی جۆری كێشەیەكی دیكەیە و دەبێت یاسای كۆنتڕۆڵی جۆری، هەموار و بەهێزتر بكرێت و بە پێی پێوەری نێودەوڵەتی، پشكنین بۆ كاڵاكان بكرێت، بە تایبەت لە خاڵە سنوورییەكان و هەروەها ئامادەكردن و دانانی كادیری تەكنیكی و شارەزا لە تاقیگەی پشكنین.
وەبەرهێنەران و ئەو كەسانەی دەیانەوێت لە كەرتی پیشەسازی كار بكەن گرفتی دابینكردنی زەوی و خزمەتگوزارییە پێویستەكانیان هەیە، سەبارەت بەم بابەتەوە، ناوەندی گوتی: گرفتی دابینكردنی زەوی لە شێوازی دابەشكردن و ڕووبەری دابینكراو بە گوێرەی پڕۆژەكەو نرخی زەوی بەرزكردنەوەی نرخی زەوی لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و هەندێجار بەكارنەهێنانی زەوی لەلایەن وەبەرهێن و خاوەن كارگە پیشەسازییەكان بۆ مەبەستی دیاریكراو یا جێبەجێ نەكردنی پڕۆژەكە، نەبوونی زانیاری پێویست لەسەر كارگەكان لە كێشە سەرەكییەكانی ئێمەن و بۆیە دەبێت دابەشكردنی زەوی لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیییەوە بێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان. هەروەها ماستەر پلانی پێویست ئامادەبكرێت بۆ شار و ناوچە پیشەسازییەكان و دانانی پێوەرێكی ئەندازەیی بۆ دابینكردنی زەوی بە گوێرەی پێویستی پڕۆژەكە و دابەزاندنی نرخی زەوی، لێسەندنەوەی زەوی لەو وەبەرهێنەی، كە پڕۆژەكەی جێبەجێ نەكردووە و دانانی میكانیزمی پێویست بۆ كۆكردنەوەی زانیاری. هەروەها كێشەیەكی ترمان، كە لەو بوارەدا هەیە رێگەنەدان بە دامەزراندنی پڕۆژەیە لەسەر زەوی كشتووكاڵیی خاوەن كار لە لایەن وەزارەتی كشتووكاڵ. كە داوا دەكەین مۆڵەت بدرێت بە دروستكردنی كارگە و پڕۆژەی پیشەسازی لەسەر زەوی كشتووكاڵی خاوەنكار و ئاسانكاری بۆ پێدانی زەوی بۆ بازرگان و خاوەن كار.
جگە لە دابینكردنی زەوەی، ئێمە دەبێت گشت خزمەتگوزارییەكانین دابین بكەین، لەوانە؛ كارەبا، سەرچاوەی ئاو، رێگاوبان ، ئاوەرۆ، قیر و .. هتد و پلان دادەنێین بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی دیكە، كە رۆژانە لەوانەیە بێنەپێش و كێشەی ژینگە و چارەسەركردنیان لەگەڵ دەستەی ژینگە. چارەسەركردنی كێشەی كارەباو دانانی نرخی گونجاو.
هەروەها دابینكردنی سووتەمەنی و كارەبای پێویست بۆ سەرجەم پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت، لەوانە؛ نەوتی رەش وەك پێویستی سەرەكی و دابەشكردنی بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای پێویستی فعلی كارگەكان و بە دادپەروەی لە نێوان پارێزگاكان، و بە نرخی گونجاو، چارەسەركردنی هەموو ئەم گرفتانە بە هەماهەنگی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان و كاركردن بە فەرمانی سەرۆك وەزیران ژمارە 8964 لە 24/11/2015.
گرفتی گومرگ، باج و رسووماتی سەر پڕۆژە و كارگەكان تەورێكی دیكەی دیمانەكەمان بوو، كە د. عەبدولرەزاق ناوەندی گوتی: گرفتەكانی خاڵە گومرگییەكان لەسەر هاوردەكرنی بەرهەم و كەلوپەل و كەرەستەی خاو دووبارە گومرگ وەرگرتن بۆ نموونە دانانی خاڵی گومرگی عوزیم لەلایەن حكومەتی عێراق كێشە بۆمان دروست كردووە و بۆ چارەسەركردنیان ئێمە پێشنیازمان كردووە بە بەخشینی خاوەن كارگەكان لە باج بۆ ماوەی 10 ساڵ و بەخشین لە رسومات بۆ ماوەی 5 ساڵ. و بەرزكردنەوەی ڕێژەی گومرگی لەسەر شمەكی تەواو لە 3% بۆ 15% و دابەزاندنی رێژەی گومرگی لەسەر كەرستەی خاو لە 5% بۆ 1%. و چارەسەركردنی كێشەی دووبارە وەرگرتنی باجی گومرگی بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراقی. هەروەها بە هۆی هەبوونی یاسای جیاواز لە نێوان پارێزگاكان بۆ باجی گومرگی كێشە بۆ وەبەرهێنەران و پیشەسازان دروست دەبێت كە پێشنیازی یەكخستنی یاسا و ڕێنماییەكان بۆ باجی گومرگی لەسەرجەم پارێزگاكان دەكەین.
هاووڵاتییان داوای پاراستن و گرنگیدان بە بەرهەمە خۆماڵییەكان و رێگەگرتن لە هاوردەكردنی كاڵا بی بەرنامە دەكەن چونكە دەبێتە هۆی شكست هێنان بە بەرهەمی ناوخۆیی، سەرۆكی دەستەی ناوچە و شاری پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان لە وەڵامدا رایگەیاند: ئێمە داوامان كردووە دەسەڵات بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بدرێت، كە هەیە لەكاتی گونجاو باج لەسەر ئەو ماددانە دانێت لەسەر بەرهەمی خۆماڵی. بەخشینی بەرهەمی كشتووكاڵی ناوخۆیی لە رسومات. هەروەها گرفتی هێنانی خۆراكمان هەیە لە پارێزگایەك بۆ پارێزگایەكی تر بە شێوەی رۆژانە و دواكەوتنی دەبێتە هۆی تێكچوونی خۆراكەكە. كە داوای هەبوونی هەماهەنگی و دان پێدانان دەكەین بۆ پاڵپشتی پارێزگای بەرهەم هێن و دوانەكەوتنی ناردنی بەرهەم بۆ پارێزگاكەی دیكەی هەرێم. هەروەها دواكەوتنی هێنانی كەرستەی خاو بە هۆی هەبوونی رۆتینی زۆر و كردنی نووسراو هەموو جارێك و بە شێوەی بەردەوام كێشە بۆ بەرهەمهێنەر و پیشەسازان دكات، كە لە پلانمان دایە ئەم رۆتین و كیشانە بگەیننە كەمترین ئاست.

گوتیشی: گرفتی دابینەكردنی قەرزی پیشەسازیمان لە هەرێم هەیە، كە پێشنیازمان كردووە بە بەردەوام بوون لە پێدانی قەرزی پیشەسازی و سیستەمی بانكی لە پێدانی قەرز بە بازرگانەكان لاوازە و كارئاسانی و خزمەتگوزاری بانكییەكان بە پێی پێویست نییە و دەبێت هەماهەنگی هەبێت لە نێوان بانكی ناوەندی هەرێم و بانكی ناوەندی عێراقی بۆ ئەكتیڤكردنی بانكەكان بۆ پێدانی قەرز بۆ بازرگانان كورت خایەن- ناوەند خایەن- درێژخایەن.
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی لەبارەی گرفتی شێوازی تۆماركردنی كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستان،رایگەیاند: كار بۆ بەیەكەوە بەستنی ئەلیكترۆنی نێوان ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی / ب.گشتی تۆماری كۆمپانیاكان دەكەن، كە دەسەڵاتی پێدانی ناوی بازرگانی لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی بگوازرێتەوە بۆ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی.
د. عەبدولرەزاق ناوەندی بۆ خەبات ئاشكراشی كرد ئەندازیار و پسپۆرانی راوێژكاری لە كارگەكان بە پێی پێویست نین و ئەگەر هەشبێت بەشدارییان پێناكرێت ، بۆیە دەبێت نووسینگەی راوێژكاری ئەندازیاری و نووسینگەی راوێژكاری ئابووری زیاتر لە هەرێم دابمەرزرێن و هەروەها بە مەرجكردنی هەبوونی ئەندازیار لە كارگەكاندا. و لەگەڵ ئەوەشدا زانكۆ و پەیمانگاكان بۆ پێگەیاندنی كادیر و پسپۆڕی تایبەت و هێزی كار بۆ كەرتی پیشەسازی و بازرگانی كارانەبوونە و دەبێت میكانیزمێك بۆ پەیوەندی زانكۆ و پەیمانگاكانی پیشەیی لەگەڵ كەرتی تایبەت دابندرێت و كار بۆ بەستنەوەی سیستەمی خوێندنی باڵا بە پێداویستی هەنووكەیی و بە پراكتیزەكردنی لایەنی بازرگانی و پیشەسازی لە كوردستان بكرێت. هەروەها پێویستە سەنتەر و بنكەی تایبەت هەبێت بۆ بەردەوام پەرەپێدانی توانای كارمەند و كادیرانی كەرتی تایبەت لە هەموو ئاست و پلەكان بە كردنەوەی خولی راهێنان و سیمینار و وۆرك شوپ…هتد ، و ساڵانە وەبەرهێنەر و خاوەن كارگەكان پلان و بوودجەی تایبەتیان هەبێت بۆ ئەو بوارە.
تەواو بوونی گرێبەست بەردەوامی لە كاركردن، نەدانی كرێ بە وەزارەت و جیاوازی نرخی كرێ و كەمی كرێكان، بەكارهێنانی كارگە لەلایەن، لایەنی تر و یەكلانەبوونەی مولكدارێتی، بەكارهێنانیان بۆ كاری تر، لەكاركەوتنی بەشێكیان، كۆمەڵە گرفتێكن لە شێوازی بەڕێوەبردن و بەكرێدان و چاودێری كردنی كارگە حكومییەكان كە ناوەندی گوتی: ئێمە دەستنیشانی ئەم كێشە گرفتانەمان كردووە و بەدواداچوونی وردمان بۆ هەموو كارگەكان لە هەرسێ پارێزگاكە كردووە و كار دەكەین بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەی گونجاو بۆ چارەسەری گرفتەكان و وا بەباش دەزانرێت بە پێی ڕێنماییPPPـی وەزارەتی پلاندانان كار بەو كارگەیانە بكرێت و گرفتەكان چارەسەر بكرێن.
سەبارەت بە گرفتەكانی كەرتی كشتووكاڵ و پێشنیاز و چارەسەرەكان بۆ ئەوەی بگاتە ئەو ئاستەی كە جگە لە دابینكردنی پێداویستی ناوخۆیی، هەناردە بكرێت و هەلی كار بۆ كوردستانیان دروست بكات، سەرۆكی دەستەی ناوچە و شارە پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان گوتی: ئێمە لە حكومەتی هەرێم بە گشتی و بەتایبەتی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەساز كارمان كردووە بۆ هاندانی وەبەرهێنەران بۆ برەودان بەو كەرتە و بەردەوام كارئاسانیمان بۆیان كردووە. هەروەها كار بۆ پەیڕەو كردنی یاسایەك بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفتی هاوردەكردنی كالا و راگرتن باڵانس بۆ نرخ و پێداویستی ناوخۆ بۆ ئەو بەرهەمانە بە دانانی نرخی گومرگی زیاتر بۆ ئەو بەرهەمە هاوردەكراوانەی لە ناوخۆ بەرهەم دێت بە نرخی باش و كوالیتی بەرز. و لەگەڵیدا هاندان و هاوكاری كردنی جووتیار و بەرهێنەران بۆ بەرزكردنەوەی كوالیتی بەرهەمی ناوخۆیی و پەیرەكردنی ڕێكاری گونجاو و ستانداردەكان لە ئامادەكردنی بەرهەمەكانیان بۆ نێو بازاڕ بۆ زیادكردنی خواست لەسەر بەرهەمەكانیان. هەروەها پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی پەلەوەر و لە بواری پیشەسازی پەلەوەر و هاوكاری كردنیان بۆ پێشخستنی سیستەمی تەواوكاری پیشەسازی پەلەوەر.
لە جیهاندا زۆر گرینگی بە هێما و بالكوت و ستاندارد و پێوەری بەرهەم دەكرێت، لەوبارەیەوە ناوەندی گوتی: هەبوونی نیشانە و ناوونیشانی بەرهەم زۆر گرینگە و دەبێت بەرهەمهێنەرانمان گرینگی بە نووسینی شوێنی بەرهەم Made in Kurdistan بدەن و خاوەن كارگەكان كار بۆ بە دانانی نیشانە و ناوونیشانی بەرهەمەكانیان بكەن. بە جیددی لە هەوڵداین بۆ گەڕخستن و دانانی یاسای نیشانە بازرگانییەكان و پاراستنی مافی داهێنەران










