خهبات: سابیر
زۆرێك لەوانەی ئەمرۆ لە تاراوگەن، پەرۆشترن لەوانەی لە زێدی خۆیانن و خەمی پرسە نەتەوەییەكانیان لە ئەستۆ گرتووە. ئەوەتا لە وڵاتی دانیمارك و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا، ئافرەتانی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بەدانان و بەرنامە رێژی سازدانی رێو رەسم و ئاهەنگگێران بۆ هەڵكردنی ئاڵای پڕ شكۆی كوردستان. كۆبونەوە و دانیشتن ساز دەدەن. لەم بارەوە ناسكە خان كە یەكێكە لە رێكخرانی ئەم كۆبوونەوەیەو چالاكە لەبواری فیمینیستی دەربارەی ئەم ئامادەكارییە بۆ رۆژنامەی خەبات رایگەیاند: كەوا پێشەكی دەبێت ئەوە بڵێین كە مەسەلەی یادكردنەوەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان وەكو مەسەلەیەك كەمتر پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە كێ ئەو یادە زیندوو دەكاتەوەو داوای ئەو چالاكییانە دەكات، چونكە ئاڵا پرسێكی نەتەوەییەو پەیوەندی بە هەموو كوردێكەوە هەیە. لەم روانگەوە پارتی دیموكراتی كوردستانیش خۆی بە پارێزەری مافە نەتەوەییەكانی كوردستان دەزانێت بۆیە ئەمرۆ ئەو پرسە نەتەوەییە وەك ئەمانەتە لە ناوخۆو دەرەوە دوروژێنێ. ناسكە خان دووپاتیدەكاتەوە كە پێویستە ئافرەتانی كورد لە تاراوگە و ناوخۆی وڵاتدا كارێك بكەن دوژمنانی كورد زەلیل بكەن و بەرووی داگیر كەران فێری نا گوتن بن، فێری سەركەشی بن، فێر بن، كە پرسی نەتەوەیی عیبارەتە لەشەرەف و كەرامەت، ئاڵاش شوناشی نەتەوەیەكی مەزلومی وەك كوردە، بۆیە پێویست دەكات ئەو رۆژە وەك دەرفەتێك بقۆزێتەوە بۆ رێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد.









