ئاژەڵداران لە ناوچە شاخاوییەكانی باكووری كوردستان كە لە وەرزی هاویندا روو لە كوێستانەكان دەكەن، بە هۆی ساردبوونی كەشوهەوای ناوچەكە و بارینی بەفر كوێستانەكان بەرەو گوندەكانیان جێدەهێڵن. شوانەكان كە لە وەرزی بەهاردا و لەگەڵ گەرمبوونی كەشوهەوا و سەوزبوونی گیا مەڕوماڵاتەكانیان بەرەو كوێستانەكان بردووە، لەئێستادا لەگەڵ ساردبوونی كەشوهەوا لە كوێستانەكان هاتنەخوارەوە و لەگەڵ مەڕوماڵاتەكانیاندا رێگەی گوندەكانیان گرتووەتەبەر. بێ گوێدانە ساردی كەشوهەوای وەرزی پاییز كە ناوبەناو پلەكانی گەرما زۆر دادەبەزێت، شوانەكان چەندین رۆژ بەپێ رێدەكەن و هەوڵی گەیشتن بە گوندەكانیان دەدەن و دیمەنی ئەو رێكردن لەگەڵ مەڕوماڵاتەكانیاندا دیمەنێكی جوانی دروستكردووە.









