خەبات: سەید فەخرەدین
وا بڕیارە پانزەهەمین فستیڤاڵی شانۆی كوردی لە 28ـی تشرینی دووەم بە بەشداری شانۆكارانی باشوور لە سەقز ساز بكرێت و ماوەی 4 ڕۆژیش بەردەوام بێت. شانۆگەریی ماڵێك لە بێدەنگی، كە لە نواندن و دەرهێنانی كرمانج مستەفا ڕەئوف و لەیلا مەجیدیـیە، بەشداربێت لەو فستیڤاڵە هونەرییەدا.شانۆگەریی ماڵێك لە بێدەنگی باس لە چیرۆكی فۆتۆگرافەرێك دەكات، كە بەهۆی ڕووماڵ و بە دیكۆمێنت كردنی گرتەكانی بەرەكانی جەنگ، ماوەیەكی دوور و درێژ لە خێزانەكەی دوور دەكەوێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆكارێك بۆ توڕەكردنی هاوژینەكەی، كە بەبێدەنگی لە سووچێكدا بە تەنیایی ژیان بەڕێدەكات و تەنیایش تەنگی پێهەڵدەچنێ، تەنانەت دەگات بەو ئاستەی كە وەك كەڕ و ڵاڵێك لە نێو چوار دیواری ماڵەكەی دا مان بگرێت.كرمانج مستەفاـی دەرهێنەر لەو بارەیەوە دەڵێت: جەنگ بەها كۆمەڵایەتی و ژیانی هاوسەرگیریی ?ەڵدەوەشێنێتەوە، تاكی نێو ئەو كۆمەڵگەیەش لە ژیان بێ هیوا دەكات، بۆیە دەكرێت ئەگەر لە نێو جەرگەی شەڕیشدا بین، هەستە مرۆییەكان لەدەست نەدەین، چونكە ناكرێت بە پاساوی شەڕ، ئێمە خۆشەویستی لە دەست بدەین.









