فاتیح عەبدولسەلام
لە عێراقدا، هەموو لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنن، هەموو لەگەڵ دەسەڵاتن، هەموو لەدژی گەندەڵین، هەموو لەدژی تیرۆرن، هەموو لەگەڵ پەڕاگەندە و كۆچبەرانن، هەموو دەستیان لەو هەموو كارەساتە نەبووە، كە بەسەریاندا هاتووە، هەموو لە دژی میلیشیا و هێشتنەوەی چەكن بەدەستی دەوڵەتەوە، هەموو لەگەڵ شەفافیەتن، هەموو لەدژی دیكتاتۆریەتن، هەموو لەگەڵ ئاشتەوایی نیشتمانین، هەموو دەستیان بە خوێن سوور نەبووە، هەموو ئایندەی وڵاتیان بەلاوە گرنگە، هەموو داوای راوەدوونانی دز و فەرهودكەرانی سامانی گشتیی دەكەن، هەموو لەگەڵ بنیاتنانی سوپای عێراقن بەشێوەیەكی نیشتمانیی، هەموو لەگەڵ فیدراڵیەتن، هەموو لەگەڵ داواكاریی هەمواركردنەوەی دەستوورن، هەموو نەفرەت لە بەشبەشێن دەكەن، هەموو لەدژی داگیركارین، هەموو دەیانەوێت كۆچ بكەن، كە دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێت، هەموو لەگەڵ هاوبەندییەكانی برایەتی عەرەبی و ئیسلامین، هەموو هاوخەمی هەژار و نەدارانن، لەو وەرزانەشدا دەگرین، كە پێویست بە گریان دەكات، هەموو لە ئاهەنگەكانی بووك گواستنەوە سەما دەكەن، هەموو داوای بەدیهێنانی شتە رەوا و لێدانی شتە ناڕەواكان دەكەن، هەموو بەدەنگی داواكارییەكانی شەقامەوە دەچن، هەموو بە ئاسان لە خۆپیشاندانەكانی شەقام دەدەن، ئەگەر بە قەد تاڵە مووێك بەرەو شۆستە لا بدەن، هەموو لەگەڵ خۆپیشاندەران، خۆپیشاندان دەكەن، هەموو لەگەڵ هەڵگرتنی سزاكانی ئەمەریكان لە سەر ئێران، هەموو گوێیان لەهیچ سزایەكی ئەمەریكا بۆ سەر توركیا نەبووە، هەموو لەگەڵ بەعسەكانی سووریان، هەموو لەدژی بەعسی قەدەغەكراون، هەموو لەگەڵ مافەكانی مرۆڤن لە بەحرێن، هەموو بایەخ بە هەمان مافەكان لە سووریا نادەن، هەموو وا دەزانن یاساكانی سزای عێراق نایانگرێتەوە، هەموو پێیان وایە، فورات لە باشووری عێراقەوە بڕاوە و لە خاكەكانی سووریاوە بۆمان نایەت. هەموو پێیان وایە، ئەوان ئەمەریكایان ناچار كردووە لە عێراق بكشێتەوە، هەموو وا گومان دەبەن، ترەمپ مەبەستی ئەوان نییە، كە دەڵێت، ئەمەریكا چیتر هیچ سیستمێكی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وجیهان بە خۆڕایی ناپارێزێت. بە كورتی، هەموو لە دژی هەموون، هەمووش لەگەڵ هەمووانن لە عێراقدا.
و: رەمزی میرەكانی
سەرچاوە www. azzaman. com









