لەمیانی وتووێژێكی ژیار محەمەد لەبەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا، سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری 6ی هێزەكانی پێشمەرگە دەڵێت” 16ی ئۆكتۆبەر خەنجەرێكی ژەهراوی بوو بۆ پشتی كورد و كوردستان، دەشڵێت” بە بڕوای من بۆیە هیچ لێكۆڵینەوە نەكرا وە پێویستیش بەلێكۆڵینەوە ناكات چونكە یەكێك لەسەركردەی “خائینەكان” كە كاك پافڵ تاڵەبانی بوو و بەخۆی دەڵێ سەركردە، هاتە سەر تەلەفزیۆن و ناوی 36ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیشی بەرزكردەوە كە لەگەڵ خیانەتەكە بوون، جا ئەوان شەرم نەكەن! ئێمە بۆ شەرم بكەین، هەروەها كاك ئاراسی شێخ جەنگی هەمان قسەی كرد لەسەر تەلەفزیۆن، خەڵك خیانەت بكات ئێمە شەرم بكەین؟! هەروەها دەڵێت: هۆكاری 16ی ئۆكتۆبەر لەپێناو “بزنس” و چەند تەنكەرە نەوتێك بوو، لەكاتێكدا كەركووك دڵ و قودسی كوردستانە بەڵام ئەوان فرۆشتیان بە چەند تەنكەرە نەوتێك.
بەدەمی خۆیان دانیان بەخیانەتدا نا
سەبارەت بەوەی ئەی بۆچی هێزەكانیان لە ناوچەكانی مووسڵ و دەوروبەری مەخمور بەهەمان شێوە لەڕۆژانی دوای شازدەی ئۆكتۆبەر كشانەوە؟ سیروان بارزانی گوتی: ئەو كاتەی لە كەركووك كە خیانەتەكەیان كرد وەك كەسێك بوو كە لەبەرەی جەنگ بێت و لێت بدرێت قۆڵێكت بڕوات بەقۆڵ و دەستێكی تر ناتوانی هەمان بەرگری بكەی، بۆیە ئێمەش لەپێناو خۆپاراستن كشاینەوە. گوتیشی: لەبەردەم دادگا ئامادەم قسەكانی خۆیان بكەمە بەڵگە ئەگەر ئەوان لەسەر ئەم قسانە سكاڵام لەسەر تۆمار بكەن، ئیتر لەو بەڵگە زیاتر چی كەخۆیان بەدەمی خۆیان دانیان بەخیانەتدا نا لەسەر تەلەفزیۆن، با ئەوان بێن پێچەوانەكەی بسەلمێنن بەڵام ئەوانە بەڵگەی خۆیانن. بەڵام دەبێت كەسوكاری شەهیدەكان بچن سكاڵا لەسەر ئەو سەركردانە تۆماربكەن، دەبێت دادگای خەڵك ئەو “خیانەتكارانە” دادگایی بكات، بەبۆچوونی من ئەگەر دادپەروەری هەبێت دەبێت دادگای كورد و پێشمەرگە دادگایی ئەوانە بكات، ئیشی من وەك پێشمەرگەیەك بەرگریكردنە لەكوردستان. شەڕ بەبێ قوربانی و شەهید نابێت
سیروان بارزانی لەسەرەتای وتووێژەكەدا گوتی: بۆ من و هەر پێشمەرگەیەكی كوردستان 16ی ئۆكتۆبەر خیانەتێكی هەرە گەورە بوو خەنجەرێكی ژەهراوی بوو بۆ پشتی هەموو كورد و كوردستان، خیانەتەكە كۆمەڵێك بوون لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان خۆ ئەو شتە ئاشكرایە شاراوە نیە. سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری 6ی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ بەشی دەنگی ئەمەریكا دەشڵێت: نەسەرۆك بارزانی نە ئێـمە نە خەڵكیش ئاگاداری ئەو خیانەتە نەبووە، لە تەلەفزیۆن بینیمان كە لەكەركووك كشانەوە، ئینجا شەڕ بەبێ قوربانی و شەهید نابێت، جا ئەگەر شەڕێك بوو دەبێت ئێمە چۆڵی بكەین و بچین بۆ ئەورووپاو بڵێین شەڕە دەكوژرێین؟! بێگومان ئەوخاكەی خوێنی بۆ ڕژاوە دەبێت قوربانی زیاتری بۆ بدرێت نەك چۆڵ بكرێت، سەدان ساڵە دەیان هەزار شەهید بۆ ئەم خاكە دراوە جا ئەگەر وابوایە پێویستی بەو هەموو خەبات و قوربانی دانە نەدەبوو، دەبوو سەدان ساڵ پێش ئێستا خاكمان بۆ دوژمن چۆڵ بكردایە. گوتیشی: ئەو دڵ و قودسی كوردستانەی “مەلا مستەفا” خەبات و شۆڕشی لەپێناودا كرد، بەڵام ئەو “خیانەتكارانە” بەچەند تەنكەرە نەوتێك فرۆشتیان. ڕیفراندۆم بەهانە بوو
دەربارەی ئەوەش كە دەگوترا ڕیفراندۆم هۆكاری هێرشی عێراق بوو بۆسەر كەركووك؟ سیروان بارزانی ڕەتیكردەوە و گوتی: ڕیفراندۆم بەهانە بوو، ئەگەرنا ئەوان هەمان شت لەبەرنامەیان هەبوو، لەكوێی دەستووری عێراقیدا هاتووە كە عەبادی بتوانێت كام چەك و تۆپی پێشكەوتوو هەیە لەسەر عێراقیەكان بەكاریبهێنێت؟ بێگومان بەحسابی ئەوان ئێمە تا ئێستاش عێراقین بەڵام لەبابەتی بودجەی پێشمەرگە و مافەكانمان عێراقی نین، تەنها لەگەندەڵیەكانی عێراق حسابی عێراقیمان بۆ دەكەن. كە ئەوان شەرم نەكەن! ئێمە بۆ شەرم بكەین
سیروان بارزانی ئاماژەی بەو كەسانەش دا كە بە گوتەی خۆی”خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریان” ئەنجامداوە و گوتی “لەپێناو بەرژەوەندی و یەكڕیزی نیشتمانی قسەمان نەكردووەو گوتوومانە بەڵكو خوایە بۆ جارێكێش بێت كورد یەكگرتوو بێت، بەڵام ئیتر ئێمە بۆ شەرم بكەین؟ ئێمە شەهیدمان داوەو بەرگریمان كردووە، شەرم بۆ بكەین؟ لەكاتێكدا یەكێك لەسەركردەی “خائینەكان” كە كاك پاڤڵ تاڵەبانی بوو بەخۆی دەڵێ سەركردە هاتە سەر تەلەفزیۆن و ناوی 36ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیشی بەرزكردەوە كەلەگەڵ خیانەتەكە بوون جا ئەوان شەرم نەكەن! ئێمە بۆ شەرم بكەین هەروەها كاك ئاراسی شێخ جەنگی هەمان قسەی كرد لەسەر تەلەفزیۆن، خەڵك خیانەت بكات ئێمە شەرم بكەین؟!نەخێر شتی وانیە. لێكۆڵینەوە پێویست نییە
سیروان بارزانی لێكۆڵینەوە لەبارەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بەپێویست نازانێت و دەڵێت: كاتی خۆی “جەنابی سەرۆك” پەرلەمانی ڕاسپارد بەڵام ژمارەیەك پەرلەمانتاری یەكێتی واژۆیان نەكرد، لەگەڵ ئەوەشدا بەبۆچوونی من لەدوای ئەو چاوپێكەوتنە تەلەفزیۆنانەی “سەركردە خائینەكان” لەسەر تەلەفزیۆن ئیتر لێكۆڵینەوە پێویست نییە، كاتێك تۆماتبارەكە خۆی بێت لەسەر تەلەفزیۆن فۆرم بهێنێت و بڵێت ئەم هەڤاڵانەش واژۆیان كردووە و من خیانەتەكەم كردووە لەسەر تەلەفزیۆن شانازی پێوە بكات ئیتر لێكۆڵینەوەی چی و بۆچی، لێكۆڵینەوە بۆ كارێكە كە بكەرەكەی دیارنەبێت نەك بۆ “خیانەتێك” كە تۆماتبارەكە خۆی بێت بەشانازیەوە لەسەر تیڤیەوە بڵێ من كردوومە؟. سیروان بارزانی گوتیشی دەبێت كەسوكاری”شەهیدەكان” و قوربانیەكان بچن سكاڵا لەسەر ئەو خیانەتكارانە تۆماربكەن، دەبێت دادگا و ناوەندە یاساییەكان لەكوردستان لێپرسینەوە و ڕێ و شوێن بگرنە بەر. “131شەهید و نزیكەی 150بریندار
بەرپرسی میحوەری شەشی هێزەكانی پێشمەرگە گوتیشی: لە خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر خاڵی ئیجابی هەبوو ئەویش دەوترا دوای شەڕی داعش شەڕی ناوخۆ ڕوودەدات، بەڵام ئەوە بۆخۆمان و بۆ دنیاش سەلما سەرەڕای “فرۆشتنی” كەركووك بەڵام هۆشیاری و خەمخۆری سەركردەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی پێشمەرگە سەلماندی كە جارێكی تر شەڕی ناوخۆ ڕوونادات لەكوردستان. لەبارەی ژمارەی قوربانیانی هێزەكانی پێشمەرگە بەهۆی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە؟ سیروان بارزانی گوتی: ئاماری قوربانیانی مەدەنیم لانییە، بەڵام بۆ پێشمەرگە بەكەركووك و مەخموور و سحێل و ناوچەكانی تر نزیكەی 131شەهید و نزیكەی 150بریندار كەوتەوە.
سهرهتا چاوپێكهوتن سیروان بارزانی: 16ی ئۆكتۆبەر لێكۆڵینەوەی ناوێ چونكە خیانەتكاران خۆیان هاتنە سەر تیڤی...










