خەبات- مەریوان نەقشبەندی
كونسوڵی گشتی میسر لەهەرێمی كوردستان خۆشحاڵی بۆ هشەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێم لە رووبەڕووبوونەوەی فكری توندڕۆیی و ئازایەتی پێشمەرگە لە بەزاندنی تیرۆرستانی داعش دەربڕی و گوتی: خەڵكی میسر و خەڵكی كوردستان رووبەڕووی تیرۆر و توندڕۆیی بوونەتەوە و هەردووكمان ئامانجمانە هەماهەنگی و هاوكاری یەكتر بكەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرست و توندڕۆكان.
كامل محەمەد ئەلئەباسیری كونسوڵی گشتی نوێی كۆماری میسر لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی خەبات باسی لەپەیوەندی مێژوویی گەلی كورد و گەلی میسر كرد و گوتی بەهەموو توانایەك كاردەكەین بۆ بەردەوامبوون و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانمان بەتایبەتیش لەبواری رۆشنبیری و كولتووری و زانستی ئیسلامی.
كونسوڵی گشتی میسر هەروەها گوتی: ئارامیی و ئاسایشی كوردستان نیشانەی ئازایەتی و توانای حكوومەتی هەرێم و لایەنە ئەمنی و سەربازی و رۆشنبیرییەكانی ئەم هەرێمەیە كە پێكەوە بەپشتیوانی خەڵك رووبەڕووی تیرۆر و توندوتیژی بوونەتەوە و ئێمەش لەمیسر بەهەمان شێوە هەڵمەتێكی گەورەی چاكسازی ئاینیمان دەستپێكردوە و بە رێنمایی راستەوخۆی سەرۆك عەبدولفەتاح سیسی و مەشیەخەی ئەزهەر و موفتی وڵات پلانی هۆشیاركردنەوەی خەڵك لە مەترسیەكانی تیرۆر و توندڕۆیی جێبەجێ دەكرێت.
كونسوڵی میسر هەروەها خۆشحاڵی بۆ پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان خستەڕوو و گوتیشی: هیوادارم هەموو خەڵكی ناوچەكە چاو لەم پێكەوەژیانە ئاشتیانەی هەرێمی كوردستان بكات.
سهرهتا چاوپێكهوتن كونسوڵی میسر بۆ خەبات: لەگەڵ حكوومەتی هەرێم هەماهەنگی دەكەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندڕۆیی...









