خەبات- هاوار مورتكەیی
رۆژیار فریاد “تەمەن 12 ساڵان”ی خەڵكی شاری هەولێرە، ماوەی دوو ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە، یەكێكە لە یاریزانە تازەپێگەیشتووەكانی یاری تۆپی پێ لە وڵاتی ئەڵمانیا، بەهۆی ئاست بەرزیەكەوە چاوەڕوانی ئایندەیەكی گەشی لێ دەكرێ.
ئایندەیەكی گەش
رۆژیار فریاد محەمەد لە لێدوانێك دا باس لە ئارەزووەكانی دەكات بۆ یاری تۆپی پێ و دەڵێت: لە تەمەنی شەش ساڵیەوە ئارەزووی یاری تۆپی پێم هەبووە، كاتێكیش لە كوردستان بووم لە ساڵی 2014 لە شاری هەولێر بەشدارییم لە خولێكی پێگەیاندنی یاریزانانی تۆپی پێ كردووە بۆ تەمەنی 10 ساڵان.
ئەو یاریزانە كوردە كە چاوەڕوانی ئایندەیەكی گەشی لێ دەكرێت ئەوە روون دەكاتەوە لە ئێستەدا لە تیپی تۆپی پێی یانەی شاری كێڤڵای بەشدار لە خولی پلە دوو بۆ ئاستی تازە پێگەیشتووان ناسراوە بە Leistungsklasse یاری دەكات.
زوو ئاستی خۆی دەرخست
وەك رۆژیار روونی دەكاتەوە بە هۆی ئەو ئاستەی ئەمساڵ لە ریزی تیپەكەی لە یارییەكاندا پێشكەشی كردووە دەبێتە جێی رەزامەندی دەستەی راهێنەرانی ئەكادیمیای یانەكە، وتیشی: لە ئێستەوە راهێنەرەكەم ئاگاداری كردۆمەتەوە بە هۆی ئەوەی ئەمساڵ ئاستێكی باشم پێشكەش كردووە لە یارییەكان دەستەی ئەكادیمیای یانە بڕیاریان داوە بۆ تیپی ئاستی C1 سەر بخرێم، ئەو تیپەش لە خولی پلە یەكی ناوچەكەمان بەشدارە، ئەگەرچی لە ساڵی ئایندە تەمەنم دەبێتە 13 ساڵ و سەرجەم یاریزانەكانی تر لە سەرووی 13 ساڵیەوەن، بەڵام بە هۆی ئەوەی ئەمساڵ ئاستێكی باشم پێشكەش كردووە بۆ تیپی C1 سەر خراوم.
جێگای خۆی دەكاتەوە
ئەو وەك یەكێك لە یاریزانە نوێیەكانی تیپەكەی هەر زوو جێگەی خۆی لە پێكهاتەی سەرەكی دەكاتەوە، دەڵێت: بۆ ئەوەی لە پێكهاتەی سەرەكی تیپەكەت دا بیت، گرنگە پابەندی كۆمەڵێك بنەما بی، پێشكەش كردنی ئاستێكی باش لە یارییەكاندا، هەروەها پابەند بوون بە مەشق و راهێنان و گوێڕالی راهێنەر بیت.
رۆژیار كە یاریزانی هێلی ناوەڕاستە باس لەوە دەكات لە زۆربەی یارییەكاندا راهێنەر داوام لێ دەكات لە دواوەی هێرشبەرەكان بم ovensive، بە گشتی لە كۆی سەرجەم یاریزانەكان زۆرترین ئەسیستم هەیە، راهێنەر دوو ئەركی سەرەكی پێسپێدراوم، كاتێك تۆپ لای یاریزانانی ئێمە دەبێت دەرفەتی گۆڵ بۆ هێرشبەرەكان دروست بكەم، لەوكاتەی تۆپ دەكەوێتە لای یاریزانانی تیپی بەرامبەر كۆتایی بە هێرشەكانیان بهێنم.
خەونی گەورەی
هەروەها دەشڵێت، راهێنەرەكەم زۆر بە ئاستم سەرسامن، ئەوان زۆرجار بە لە بڕی ناوی خۆم بە ناوی یاریزانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا مسعود ئۆزێل بانگم دەكات، ئەوان بە ئاستم سەرسامن، ئەو سەر سامییەی ئەوانیش هانم دەدا پتر مەشق و راهێنان بكەم و پەرە بە ئاستم بدەم.
لە بارەی خەونەكانیشی، وتیشی: خەونی گەورەم ئەوەیە لە ریزی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و وەك یاریزانێكی پێشەگەریش لە یەكێك لە خولەكانی ئەورووپا یاری بكەم.









