خهبات: نادر روستی
12 كێشەی سەرەكی كە94 هۆكار و18 پیشنیار بۆ چارەسەر لە خۆدەگرێ، هەندێكیان كۆنترۆڵ دەكرێن و هەندێك كۆنترۆلیان سەختە یان ماوەیەكی درێژی پێویستە، گرنگە لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی كاركردنی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان دابن و بە دید و لۆژیكێكی كارگێری و ئابووریانە مامەلەیان لەگەڵ بكرێت. لێرەدا بە پێویستی دەزانم لە زنجیرەك وتار كێشە و هۆكارەكان و ئەركەكان و پیشنیار و چارەسەرەكان بخەمەڕوو.
گەشتیاری لە جیهان بۆتە یەكێك لە سەرچاوە سەرەكیەكانی داهات بۆ بەشێكی زۆر لە وڵاتان بە تایبەت وڵاتە زلهێزەكانی وەك ئەمریكا و فەرەنسا و ئیسپانیا و چین و بەریتانیە…، داهاتی گەشتیاری لە ساڵی2017 گەیشتە 1ترلیۆن و400 ملیار دۆلار، كە زیاتر لە 10%ی داهاتی جیهان پێكدەهێنێت. ژمارەی گەشتیاران لە 2017 لە جیهان گەیشتە 1ملیار و 300 ملیۆن گەشتیار، ئەمریكا زیاتر 200 ملیار دۆلار داهاتی هەیە و بە یەكەم وڵات دادەنرێت لە رووی داهاتی گەشتیاری، فەرەنساش بە89 ملیۆن گەشتیار بە یەكەم وڵات لە ژمارەی گەشتیاران لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت، لە10 هەلی كار یەك هەلی كارلە كەرتی گەشتیاریە لە جیهان.
لە هەرێمی كوردستانیش زیاتر لە 3 هەزار شوێن و ناوچەی گەشتیاری هەیە كە شوێنی مانەوە و خواردن و شوینی سروشتی و مرۆی و چالاكی پێك دەهێنن: 620 هۆتیڵ، 360 موتێل، 90 گوندی گەشتیاری، 1800 ریستۆرانت و كافێ، 170 شوێنی سروشتی و مرۆیی و جۆراوجۆری تری كات بەسەر بردن، ئەگەر هەرشوێنێك 5 هەلی كاری رەخساندبێت دەكاتە 15 هەزار هەلی كار،15 هەزار هەلی كاریش ناراستەوخۆ لە كەرتەكانی دیكە بە هۆی گەشتیاری دروست دەبێت، كەواتە زیاتر لە 30 هەزار هەلیكار فەراهەم دەبێت، هەرچەندە گەشتیاریش پیش بكەوێت و شوینی گەشتیاریش زۆر دەبێت و هەلی كاری زۆرتر دەرەخسێت. ئەگەر هەر هەلی كارێك 500 هەزار دینار دەسكەوتی بێت، دەكاتە 15 ملیار دینار.
سەبارەت بە ژمارەی گەشتیارانیش ئەگەر 2 ملیۆن گەشتیار سالانە بیتە هەرێم و هەرگەشتیاریك مەزندەی 300 دۆلاری خەرجی بۆ بكرێ ئەوە 600 ملیۆن دۆلار دێتە بازارەكانی هەرێم، داهاتی حكومەتیش لە رێگەی رسومات و باج و كرێی مساتەحە كۆدەكرێتەوە، بۆنموونە ئەگەر بەمەزندە وەربگرین ساڵانە 5 ملیار رسومات بێت و 5 ملیاریش باج بێت داهاتی حكومەت دەگاتە زیاتر لە 10 ملیار دینار. باسی سوودەكانی ناراستەوخۆی گەشتیاریش ناكەین كە دەبێتە هۆی بوژانەوەی گوندەكان و ساخ كردنەوەی بەرهەمی كشتوكاڵ و میوەجاتی گوندەكان.
14 ساڵە لە بواری گەشتیاری بابەت دەنووسم و بەدواداچوون بۆ پیشخستن و كێشەكانی بەردەم كەرتی گەشتیاری دەكەم.3 كتێبم لە بارەی گەشتیاری هەرێم نووسیوە و 5 توێژنەوەم كردوە و زیاتر لە1000 بابەتی رۆژنامەوانیم لەسەر گەشتیاری بڵاوكردۆتەوە و ساڵانە زیاتر لە100 بەرنامەی و دیداری تەلەفزیۆنی و رادیۆی بەشدار دەبم، بەشداری زیاتر لە700 بەرنامەم كردوە و لەگەڵ دەیان دكتۆر و مامۆستای زانكۆ كەوتومەتە ناو بەرنامه و گفتوگۆ و هاوكاری60 نامەی ماستەر و دكتۆرام لە بواری گەشتیاری كردوە و ناوەكانیان لام تۆمارە، سەرجەم ئەوانەی دیدارم لەگەڵ كردوون زۆربەیان گەواهی پێشكەوتنی كەرتی گەشتیاریان لەم چەند ساڵەی دوایی داوە و لە هەمان كات رەخنەیان لە پێشنەكەوتنی كەرتی گەشتیاری هەبووە و هەریەكەو چەند رەخنەیەكی هەبووە، بەهۆی كەمی چاودێری و دووریان لە كارە پراكتیكیەكانی پیشخستنی كەرتی گەشتیاری زۆرجار رەخنەی هەندێكیان لە شوێن خۆی نەبووە، كە هۆكارەكەشی بۆ كەمی زانیاری و تێڕوانینی رووكەشی هەندێكیان لەسەر كەرتی گەشتیاری بووە، بەڵام تاكو ئەمرۆ شارەزایەك یان دكتۆرێك كاری تایبەتی لەسەر ئاستەنگ و كێشەكانی بەردەم كەرتی گەشتیاری نەكردووە، یان باشترە بلێم من نەمبینیوە، بۆیە پێمباش بوو بیكەم بە نیمچە تویژینەوەیەك و بەدواداچوونێك و بیخەمە روو بۆ هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تایبەت كابینەی نوێی حكومەت بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتیاری بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاویان بۆ دیار بكرێت و گەشتوگوزاریش بكرێتە سەرچاوەیەكی سەرەكی داهات. هەرچەندە دەستەی گشتی گەشتوگوزار ستراتیژیەتێكی بۆبابەتەكە دارشتووە، بەڵام كەمترین پاڵپشتی كراوە و ئەوەی من باسی دەكەم زۆربەی بەدەرە لە ستراتیژەتەكە. رەنگە زۆربەمان بە زمانێكی سادە بڵێین.
گەشتوگوزار گرنگی پینەدراوە، پیویستە گەشتوگوزار پێش بخرێت، ئەم دوو دەستەواژەیە زۆر جار بەكاری دەهێنن، بەڵام لە رووی زانستییەوە چۆن ئەم دەستەواژەیە رێكدەخرێت و پراكتیزە دەكرێت؟ كەواتە پێویستە لە چەمكێكی سادە بیگۆڕین بۆ شرۆڤەیەكی لۆژیكی و بە وردی خاڵەكان و هۆكارەكان و چارەسەریەكان دەستنیشان بكەین.
گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان پێشوەچوونی بە خۆیەوە بینیووە، بەڵام ئەگەر كۆمەلێك كێشە و رێگری و كەموكوڕی نەبووایە گەشتوگوزار زۆر لەوەی هەیە خێراتر و باشتر گەشەی دەكرد. كێشەكان جۆراوجۆرن و لەسەرجەم ئاستەكان كێشە هەیە:حكومەتی عێراق، سەرۆكایەتی حكومەت، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، دەستەی گەشتوگوزار، وەزارەتە پەیوەستەكان، كەرتی تایبەت، كۆمپانیاكان، خوێندن، راگەیەندنەكان، كۆمەڵگە، هاوڵاتی، شوێنەوار. هەرچەند هەندێك لە كێشەكان چارەسەریان ئەستەمە، هەندێكیشیان پێویستیان بە چارەسەری درێژخایەن و پلانی ستراتیژیە، هەندێكیش پێویستی بە لایەنی مادەیە و هەندێكیش پەرەپێدانی توانای مرۆیی. بە باشی دەزانین یەك بەیەك ئاماژەیان پیبدەین:
1- لەسەر ئاستی عێراق
❊ ناوبانگی عێراق: عێراق بە وڵاتێكی نا ئارام و ناوچەیەكی شەڕ ناسراوە، گەشتیار زۆر بە ئاستەم رووی تیدەكات، هەرێمی كوردستان بە بەشێك لە عێراق هەژمار دەكرێ بۆیە ناوبانگی عێراق و دەولەتی عیراق بۆتە كێشەیەكی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەمە وایكردووە گەشتیار نەتوانێت بە ئاسانی بڕیاری گەشت بۆ ناوچەكە بدات، هەندێك لە وڵاتانیش رێگری لە هاوڵاتیانیان دەكەن كە گەشت بۆ عیراق و ناوچەكە بكەن چونكە دەڵێن ژیانیان نەپارێزراوە.
❊ ریزبەند كردنی عێراق لە گۆڤار و ماڵپەرەكانی جیهان وەك یەكێك لە دە وڵاتە گەندەڵەكان، یان یەكێك لە نائارامەكان، یان نەبوونی دادوەری كۆمەڵایەتی، یان كارنەكەر و تەمبەڵ و …، ئەمانە ناوبانگی هەموو ناوچەكەیان خەراپ كردوە و بۆتە هۆی دوركەوتنەوەی گەشتیاری بیانی لە ناوچەكە.
❊ نەبوونی دەسڵات بۆ پێدانی ڤیزە یان هەڵگرتنی ڤیزە، یان هەرگۆرانكاریەك كە تایبەت بە هەرێمی كوردستان بێت و كارئاسانی بۆ گەشتیار بكات. ئەگەر وڵاتێكی سەربەخۆ بواین دەمانتوانی وەك هاندان ڤیزە لە نێوان كوردستان و هەندێك وڵات هەڵبگرین و لە كاتی پێویستیش بۆ هەندێك وڵات پارە لە ڤیزە پێدان وەربگرین و بیكەین بە داهات.
❊ نەبوونی هێلی فڕۆكەوانی تایبەت بە كوردستان: ئەگەر وڵات بین و كۆمپانیای هێلی تایبەتمان هەبێت ئەوە داهاتی گەشتیاری لە رێگەی هیلەكانی فڕۆكەوانی بۆ كوردستان زیاد دەبێت.
❊ عێراق خاوەنی ئاسمانی كوردستانە، نەبوونی خاوەنداریەتی ئاسمانی فرۆكەوانی. هەروەها كۆنترۆڵكردنی فرۆكەخانەكانیش هەندیك جار رەنگە كێشە دروست بكات، بەو هۆیە هەندێك جار كێشە بۆ گەشتەكان دروست دەكرێت، ئەمەش بێمتمانەی بۆ گەشتیار لەو ناوچەیە دروست دەكات.
❊ نەبوون بە ئەندام لە رێكخراوی گەشتوگوزاری جیهان بە هۆی عیراق. ئەگەر ئەندام بین ئەوە كوردستان زۆر زیاتر لە رووی گەشتیاری دەناسرێت و متمانەی زیاتر بە دەست دەخات و لە كۆنفرانسەكانی جیهان بەشدار دەبێت و چالاكی دەكات و گەشتیار و كۆمپانیی جیهانی رادەكێشێت، هەروەها دەتوانێت سوود لە توانای مرۆیی رێكخراوی گەشتوگوزاری جیهان وەربگرێت.
❊ بەشداری پێنەكردنی شاندی گەشتوگوزاری هەرێم لەگەڵ شاندەكانی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق بۆ كۆنفڕانس و پێشانگاكانی جیهانی. هەرچەند زیاتر بەشداری پێشانگا و كۆنفرانسی جیهانی بكەین باشتر كوردستان وەك ناوچەیەكی گەشتیاری دەناسرێت و متمانە دروست دەكات.
چەند پیشنیارێك بۆ چارەسەری كێشەكانی سەر ئاستی عیراق.
1- هەوڵبدرێ كە دەستەی گشتی گەشتوگوزاری عێراق بدرێت بە كورد، بۆ ئەوەی هەماهەنگی زیاتر لە رووی گەشتیاری لەنێوان عیراق و هەرێمی كوردستان دروست بكرێت و چەند بڕیارێك لە بەرژەوەندی كوردستان دەربكرێ.
2- شاندی گەشتیاری عێراق بۆ پێشانگاكانی گەشتیاری نێودەولەتی كە ساڵانە زیاتر لە10 پێشانگە و كۆنفرەنس سازدەكرێ بەشداریبكات و نوێنەرایەتی گەشتیاری كوردستانی لەگەڵ بێت، بۆ ئەوەی ناوبانگی ناوچەكە بگەرێتەوە ومتمانەی كۆمپانیاكان و گەشتیاران دروست بكرێتەوە.
3- پێویستە كێشەی بە ئەندام بوونی هەرێمی كوردستان لە رێكخراوی گەشتیاری جیهان چارەسەر بكرێ، ئەگەر دەستەی گەشتوگوزاری عێراق بە كورد بدرێت، ئەوە كێشە بە ئاسانی چارەسەر دەبێت، بەڵام ئەگەر نەشدرێت بە كورد پێویستە چارەسەر بكرێت.
4- پێویستە نوینەرایەتی حكومەتی هەرێم لە وڵاتانی جیهان، هەروەها نوینەرایەتی عێراقیش لە ولاتان گرنگی بە گەشتوگوزار و چالاكی گەشتیاری بدەن، یان بەشی گەشتیاری بكنەوە یان كەسێك بۆ ئەم بابەتە تەرخان بكرێت و هەوڵی ناساندنی كوردستان بدات و كۆمپانیا و گەشتیار بۆ كوردستان و عێراق بنیرێن.









