شەنگە هاوار كاكەیی
ئاشكرایە هاتنەكایەی كۆمەڵەی زیندانیانی سیاسی وەكو دامەزراوەیەكی فەرمی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم و تاجەگوڵینەی خەباتی نەپچڕاوەی گەلەكەمان بوو، كە لە دەستپێكێكدا هاتە دامەزراندن. لەمەڕ بە هەند زانینی خەباتی چینێكی ماندوونەناس و خاوەن هەڵوێست كە ئەمڕۆمان لە سایەی شان و ماندووبوونی ئەوانەوە دروست بووە. وەكو موئەسەسەیەكی نەوعی هەرێمی كارایە. ئەم كۆمەڵەیە كە دامەزرا رەچەشكێن بوو لە گۆڕەپانی هەرێمیدا و لە هەلومەرجێكدا كەوا میللەتەكەمان بەوپەڕی پەرۆشی و تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی بونیادنانەوەی ئەم بیناسازیی و ئەم تەلارسازییە بوون، چونكە لە هەر سوچێكیدا ئاسەواری برینێك ماوە و ئەو برینەش قسە دەكات و لە ئاخاوتنە ئاخنینەكانی تاكی كوردی دەدوێت، بەوپەڕی راستگۆییەوە، هەڵبەتە لە دەربڕینا كەس ناتوانێت وەكو ئەو بدوێت و لە ئێش و ئازار و میحنەتەكان بگات.
ئەم كۆمەڵەیە هەڵگری زۆر واتایە لە تۆماربوون و گێڕانەوەی سەروەرییەكان و خەباتی كەسانێك دەكۆڵێتەوە ناسراون بە بەگزادەی نیشتمان، بەوپەڕی ماناپاكی و قوربانیدان و خۆبەخشین گیانی خۆیان بەخت كردبوو بۆ واتا بەرزەكانی ژیان، بۆ گەل و نیشتمان. بە خۆشحاڵیشەوە ئەم سەرحە پڕ شانازییە درەوشاوە وەكو سەرحێكی كوردی لە چەقی دەسەڵاتدا. ئێستا چل و پۆپی بە گەشە هات و بە فەرمی پراكتیزە بووە بە یاسای زیندانە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان.
هەڵبەتە هیچ دامەزراوەیەك ئەمڕۆ بەدەر نییە لە كەموكوڕیی، ئەم كۆمەڵەش بە هەمان چەشن رووبەڕووی كۆمەڵێك گرفت و ئاریشە بوونەتەوە، رەنگە ئاماژە و دووان دەربارەی گیرۆدەییەكان بۆ بەرپرسێكی ئەم كۆمەڵەیە شیاوتر بێت و جوانتر بتوانی شرۆڤەی بابەتەكان بكات دەربارەی و كەموكوڕییەكان و گرفتەكان، بەڵام!؟ كاتێك نەنگییەك لەترۆپكا گلەیی لەم حاڵەتە ناكرێ ئیكتیفای هەوڵەكانی چارەسەر تەنها بخەینە ئەستۆی بەرپرسێكی ئەم دەزگایە.
ئەگەر بتوانین لە رێگەی پێشنیارێكی بونیادنەر وەكو پردی پەڕینەوە چارەسەر بۆ ئاریشەكەبخەینەڕوو كە لە بنەڕەتدا ئامانجی سەرەكی هەوڵەكان بۆ بونیادگەریەكی پوخت و تەندروستە دوور لە بەرژەوەندی تاكەكەسی لە خزمەتكردن بەدەر لە هیچ بۆن و مەرامێكی تایبەتی هاندەر و پاڵپشت نەبووە بۆ پێداچوونەوەی پیشنیازەكان تەنها فۆكسی هەوڵەكان بۆ ئەوەیە كەوا مافی بەشێك لەم پێشمەرگانە نەفەوتێ كە بە یاسەیەك جێگیرە و لە لایەن حكوومەتی فیدراڵەوە داڕێژراوە كە دوورە لە مەبدەئی دادپەروەری و یەكسانی و عەدالەت.
خۆ ئەگەر مافی ماددییان فەوتا لەم سەروبەندەدا دەكرێ بە قاڵبێكی نوێ ئامانجەكەمان بپێكین بە دەستەبەربوونی مافە مەعنەوییەكانیان وەكو ئەوەی لە هەیئەتی ئیستیشاری دابمەزرێن و وپرۆشۆر و نامیلكە و كتێب دەربارەی ئەو كەسە جوانانە بە چاپ بگەیەنن وەكو چۆن لە قوتابخانە سەرەتاییەكان وێنەی قوتابییە زیرەكەكان بەقەد دار و دیوار هەڵ دەواسن، بەم شێوەیە بایەخیان پێ بدرێت و لە ماڵە گەرمەكەی خۆیان گەرم ببنەوە و جیا نەكرێنەوە، هەروەها قەرەبوو بكرێنەوە بۆ وەلانانی ئەو مەغدوریەتەی كەوا كەلەكە بووە لە ناخ و دەروونیاندا بە پێوەری مەنتیق و ئینساف لە مامەڵە و هەڵسوكەوتەكان مرۆڤ دۆست بن، لە واقیعا ئەم یاسایە هەموو پێوەرەكانی ئینسافی بەزاندووە، دیارە كۆمەڵێك زیندانیان بەپێی ئەم یاسایە شەرەفی ئەوەیان پێ نابەخشرێت كەوا ئینتمایان بۆ ئەم كۆمەڵەیە هەبێت، هەرچەندە لە گرتووخانەكان ماوەیەك زیندانیان بەسەر بردووە، هەموومان درك بەو راستییە دەكەین كە دەڵێ تیشكی هەتاو بە بێژنگ ناگیرێت.
ئەگەرمەبەست دانانی مەرج بۆ مەودای زەمەنیان ماوەكەی دوور و درێژە، ئەوە باپیرانمان فەرموودەیەكی جوانیان هەیە لەم بارەیەوە كە دەڵێن، هەموومان مشكی یەك قەیسەرین. دەكرێ ئەم كۆمەڵەیە لیژنەیەك پێكبهێنێ بۆ وەرگرتنی زانیاری دەرخستنی راستییەكان بۆ ئەوەی ئەوانەی مەنەفێستی بە ئەنقەستیان بۆ خۆیان دروستكردووە و ناونووسكراون و تا ئێستاش بەردەوامن و بێبەش نەبوونە لە وەرگرتنی پاداشتە مادییەكان رووی راستی زیندانیان ئاشكرابێت.
لە هەمان كات ناكرێ لە بری دەستگوشین پێ زانین خەباتی كەسانێكی خاوەن هەڵوێست وەكە ئەمڕۆ لە تەمەنێكی بە ساڵاچوون بە داواكاری تەعجیزی بچینەپیریانەوە وەكو ئەوەی بۆ نموونە داوای شاهیدی شاهید بكەن، چونكە ئەو هەوڵانە بۆ تاكێكی بە تەمەن ئەستەمە، لەوانە هاوەلەكانیان كۆچكردوو بن، یا تاكەكە باری تەندروستی لەبارە كە لەتوانای نییە ئەم ئەركە جێبەجێبكات، بۆیە وا باشترە كۆمەڵە خۆی بەو مەهامە تەنفیزییە هەستێت خەمخۆری بێت، چونكە ئەوەی تێبینی بووە پشتگوێخستنی كۆمەڵێك زیندانی سیاسی ساڵی شەستەكانە كە هەندێكیان وەكو رۆژی نێوەڕۆ دیارن، كەوا بەندكراوبوونە لەسەر هەڵوێستی كوردانەیان كەچی! ئەمڕۆ بەپێی یاسایەك كە دەتوانم بڵێم ستەمكارە، بێبەش بوونە لە شەرەفی وەرگرتنی ناسنامەی زیندانی سیاسی و بێبەشیش بوونە لە پاداشتی ماددی و مەعنەوی كە ئەمە بەپێی عورفی مرۆڤایەتی و ئینسانی گوناهە و تاوانێكی گەورەیە دەرهەق بە چینێك كە پڕ بن لە بەگزادەیی و بێگەردی و مرۆڤگەلێكی زۆر جوان و زۆر پاك، كە رۆژێك لە رۆژان بۆ نواندنی ئەم هەڵوێستە جوامێرانەیان گەنجترین تەمەنی خۆیان بەخشی لە گۆشەگیری لە بەندیخانە و كرۆكی بەندبوون بە هۆی كەلەپچەی مەچەكیان ئەم رۆژگارە پڕ شكۆیانە بۆ تاكی كوردی دروست بوون.
وەكو زەرورەت پێوێستە ئاوڕدانەوە بەو یاسا وەزعییەی كەوا بۆ ئەم دامەزراوەرێك خراوە بكرێت ناویان بەبێ قەیدوشەرت تۆمار بكرێت، چونكە مافی نازادنیان لە ئەستۆی دەسەڵاتی كوردییە، كەوا بەدەم داخوازییەكانیانەوە بێت. ئەگەر خەڵكانێك هەبن خزێندراون بۆ ناو ئەو كۆمەڵە بە لاملی بۆ وەرگرتنی پاداشتە داراییەكان لە دەرگەی عەیبە و نەنگیان حەقە دوور بخرێنەوە لەم كۆمەڵەیە، لە بێژنگ بدرێن و داوی رەش و سپی لە یەك جیا بكرێنەوە. ئەوەی خۆزگە و ویستە چاو پێداخشاندنەوە بەو یاسایەدا بكرێت كە لە سنووری هەرێمی كوردستان بەرجەستەیە و ئامانج و خۆزگەمان بەو ئاراستەیە كەوا بە حیكمەتی هزری كوردی بە قەڵەمی كوردی باڵاپۆشی ئەم یاسایە بكرێ نەوەك بە زهنەیەتێكی عەرەبگەرایەتی و قەڵەمی عەرەبی. چونكە هەمیشە وەڵامی گلەییەكان دراوە بەوەی سەرچاوەی ئەم نادادییە پابەندبوونە بەو یاسایە و بیانگەیەكە كە حكوومەتی عێراق بناغە رێژی بۆ خۆشكردووە، بۆیە ئەستەم نابینین و دەكرێ لە لە سنووری خۆمان بە ئیزافە و مەهارەتێكی تازەوە پەردەپۆشی بكەن، بەوەی لەپەرواوزێكی و كوردیدا وێنابێت كە لە خزمەتی ئەو مرۆڤانە پەرەبسەنێت، كە بە هەڵوێستی ئازادانە و مەردانە هەڵوێستیان نواندییە و كوردپەروەرانە نەخشەی ژیانی پڕ شكۆیانكێشاوە دەرگەی هەڵوێستیان واڵا بووە بۆ بۆ پرسە باڵاكانی نیشتیمان هەمیشە ئەوان خاوەن مافی كۆمەڵی زیندانیانن، بە لای كەم لە رووی مەعنەوی پاداشت بكرێن و هەڵگری ئەو ناسنامەیە بن. دوور نەخرێن لەو سەكۆیەی كە بە دەستوبازووی خۆیان كەرپووچ كەرپووچ دایان ناوە.
هەڵبەتە نە بڤەیە و نە تاوانە بانگێشت بكرێن بۆ كۆڕ و كۆبوونەوەكان بەشداری و هەماهەنگ بن لە بیروڕای راوێژكاری نابێت، ئەو چینە فەرامۆش بن لە كاتێكدا خۆیان خاوەن ماڵن. ناكرێ گەورەی ماڵ هیچ زانیارییەك و وردەكارەیەكی پێ نەبێت. دەربارەی بەر دەرگای خۆی. هیوامان وایە لەم كابینە تازیەدا ئەرك و ماندووبوونی رۆڵەكانی نیشتمان بەرز بنرخێندرێت، بەرچاو بێت بە دەستەبەربوونی یاسایەك لە خزمەتیان سڵ نەكات و لە هەر هەوڵێك هەبێ نكۆڵی نەكەن كە بۆ جێبەجێگەیاندنی خواستەكان بێت و لە خزمەتیان دابێت لە بەرژەوەندی مافە زەوتكراوەكان دابێ، خۆزیا دەسەڵاتی كوردی خەمسارد نەبێت تا لە ژیانن ئەم خواستەیان مەیسەر بكات.
ئەگەر لە خۆمان بپرسین، بەرەو كۆێ ئەڕۆین، ئەوە هەر یەكێك لە ئێمە زهنییەتمان بۆ چەند چركەساتێك بچینە دواوە بۆ زەمەنی رابردوومان ئەوە كۆمەڵێك ناوی ئەو مرۆڤە جوانانە لە دڵ و دەروون و زاكیرەمان سەیڤە وەكو بەڵگە، ئیمكانە كەڵكی لێ وەر بگێرێت بە سەرچاوەی زانیاری دروست ئەژمار بن، زاتی خۆم سێ كەس لە بنەماڵەكەم زیندانی سیاسین لە مافی ئینتمابوون بێبەش بوونە، ئەوەی ماوە بڵێم رژێمی بەعس لە ساڵانی رابردوو پێشمەرگەی ناوزەند كردبوو بە موخەریب، ئایا؟ پێشمەرگە موخەریب بوون و بەپێی یاسای بەعسی پێشمەرگە موخەریبە؟ بۆیە ئەمڕۆ لە یاساناسانی كورد دەپرسین، ئەگەر ئەمانە لە چوارچێوەی ئەم كۆمەڵەیە مافیان دەستەبەر نەبێت، ئەی لە كۆێ خۆیان بدۆزنەوە؟ ئەی كەواتا پێشنیاریان چییە لە چ دامەزراوەیەك خۆیان ببینەوە ئەگەر وەلام وەرنەگرنەوە؟ ئەگەر دەسەڵاتیان سنووردارە بە دەست و ئەژنۆ وەستاون و هیچتان پێ ناكرێ، بە لای كەمی مافی كوردبوونیان لێ مەسەننەوە. چونكە ئەوان رۆڵە و قەڵغانی وڵاتن.
❊ كچی زیندانێكی سیاسی









