سیامەند سێلكی
پارتی وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان، بۆ پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبەردەم ئەركێكی قورسدایە و بۆ بە جێگەیاندنی ئەو ئەركەش، دەبێ رێگایەكی سەخت و دژۆار و پڕ لە هەوراز و نشێو ببڕێت.
قورسبوونی ئەركەكەش لەبەر ئەوە نییە كە پارتی ناتوانێ حكوومەت پێكبێنێت! نەخێر پارتی 45 كورسیی لە پەرلەمانی كوردستان مسۆگەر كردووە و دەتوانێت بە ئاسانی لەگەڵ كورسی كۆتاكان و هەندێ لایەنی دیكە كە لێیەوە نزیكن، حكوومەت پێكبێنێت. بەڵام پێكهێنانی حكوومەتێكی لەو شێوەیە رەنگە یارمەتیدەر نەبێت بۆ بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز و گرەنتیكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان.
لەم سونگەیەوە پارتی وەكو هێزێكی واقیعبین سەرەدەری لەگەڵ بارودۆخەكە دەكات و ئەو راستییەی لا روونە كە بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز و بەدیهێنانی خواستە رەواكانی كوردستانیان بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان لە هەموو رووێكەوە. لە حاڵەتێكدا بەدی دێن كە لە رووی سیاسی و ئەمنییەوە بارودۆخی كوردستان ئارام و سەقامگیر بێت. دیارە ئەم ئارامی و سەقامگیرییەش بەبێ بەشداری یەكێتی لە حكوومەتدا رەنگە ئەستەم بێت.
هۆكاری ئەمەش ئەوەیە كە یەكێتی تاڕادەیەكی باش خوێندنەوەی بۆ واقیعەكە كردووە و دەزانێت پارتی لەپێناو پراكتیزەكردنی ئامانجەكانی پێویستی بەوە هەیە هێزەكان بێنە ناو حكوومەتەوە،. هەر ئەمەشە وای لە یەكێتی كردووە كە زیاتر لە حەجمی خۆی كە 21 كورسییە، داوای پۆستەكانی حكوومەت و پەرلەمان بكات، بێگومان پارتی لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی كورد بە گشتی و ئاڤاكردنی كوردستانێكی بەهێز بەتایبەتی رەنگە تارادەیەك ئامادەیی ئەوەی تێدا بێت بۆ رازیكردنی یەكێتی نەرمی بنوێنێت. بەڵام ئەوەی لێرەدا بۆ پارتی قورسە ئەوەیە، ئەستەمە بتوانێ داوای جەماوەر و دەنگدەرەكانی پشتگوێ بخات و بەهەند وەرنەگرێت، كە داوا دەكەن حزبەكەیان دەست لە ئستیحقاقی خۆی لە هەلبژاردنەكان هەڵنەگرێت و هەر بەو پێوەرەش سەرەدەری لەگەڵ لایەنەكانی دیكەشدا بكات، بەتایبەتیش یەكێتی، ئاخر بۆ جەماوەر و دەنگدەری پارتی زۆر قورس و گرانە تەحەمولی ئەوە بكەن، بۆ رازیكردنی لایەنێك كە باڵێكی دیاریكراوی ئەو لایەنە خیانەتی شازدەی ئۆكتۆبەری ئەنجامداوە و دەرفەتی سەربەخۆیی كوردستانی لەباربردووە. حزبەكەیان (پارتی) دەست لە ئیستحقاقی خۆی لە هەلبژاردنەكاندا هەڵبگرێت.
كەواتە قورسی ئەركی پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت لەمەدایە: لە لایەكەوە لەژێر گوشاری جەماوەرە دڵسۆزەكەیدایە و لە لایەكی دیكەشەوە تموحی ئەوەی هەیە دوای پێكهێنانی حكوومەت بە جدی كار بۆ بەجێگەیاندنی ئەو بەڵێنانە بكات كە بە جەماوەرەكەی داوە. من پێموایە بە لەبەرچاوگرتنی ئەم واقیعە تاڵە دەبێت جەماوەری دڵسۆزی پارتی هەست بەو ئەركە قورسە بكات كە لەم بارودۆخەدا لەسەر شانی حزبەكەیانە. چونكە پارتی ناتوانێت وەكو لایەنەكانی دیكە لە ئاست ئێستا و ئایندەی كورد و بەرژەوەندییە باڵاكانی بێ باك بێت. ئەگەر خەمی لایەنەكانی دیكەش، خەمی بەدەستهێنانی پۆست و ئیمتیاز بێت لە حكوومەتدا، ئەوە خەمی پارتی خەمی ئاڤاكردنی كوردستانێكی بەهێز و سەقامگیر و ئارامە، خەمی پارتی خەمی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە بە خەڵكی سەربەرز و خۆڕاگری كوردستان.









