خەبات: سەردار حوسێن – 
خانمە شاعیری كورد ئەڵماس مستەفا 19 ساڵە شیعر دەنووسێت و لە دیمانەیەكی تایبەتی رۆژنامەی خەباتدا دەڵێت: شیعرلە رۆحی مندا چەكەرەی كرد، هەموو دەمێك گوڵە شیعرێك لە ئینجانەی ماڵەكەمدا دەڕوا، لەدوای ئەوە غوربەت خۆی بە باڵای بێنازیمدا هەڵواسی و راپێچی شەوە زەنگەكانی تاراوگەی كردم و ماوەی 17 ساڵە لە وڵاتی سوید ژیان بەسەر دەبەم. هاوكات دەشڵێت: من پەخشانیش دەنووسم لەگەڵ شیعردا لە ریزبەندی یەكترین، شیعری كلاسیك زۆر دەخوێنمەوەو خوولیایەكی باشم بۆی هەیە.

ئەڵماس مستەفا لە وەڵام بە یەكەمین پرسیاری رۆژنامەی خەبات سەبارەت بەوەی لەنێو هەموو بوارەكانی ژیان و بەتایبەتیش لە بواری ئەدەبیاتدا بۆچی شیعرتان هەڵبژارد؟ دەڵێت: من شیعرم هەڵنەبژارد شیعر خۆی منی هەڵبژارد، هات و منی راپێچی دنیای خۆی كرد، شیعر بە منی گوت: دەتوانی هەستەكانت لای من بدركێنی، من بۆت دەخەمە سەر خامەو كەمێك لە نیگەرانییەكانت بۆ كەم دەكەمەوە.

لەبارەی ئەوەی كە لەزمانی شیعریی ئەڵماس مستەفادا وشەگەلێكی ناسك و چیرۆك ئاسای رۆمانسی بەدی دەكرێت، ئاخۆ ئەمە زادەی خەیاڵی خۆیەتی، یان پەیوەستە بەژیانی واقیعییەوە؟ ئەو گوتی: هەردووكیان، هەم زادەی خەیاڵی خۆم و هەم پەیوەستە بە ژیانی واقیعی خۆمەوە، هەمیشە لەناو شیعرەكانمدا رەنگدانەوەی هەستی خۆمم تیا بەدیكردووە.

لە ئەڵماس مستەفامان پرسی: چێژی شیعر لەلای ئێوە زیاتر لە شیعری ئازاد یان كلاسیك بەرجەستە دەبێت؟ ئەو گوتی: شیعرەكانی من دوولایەنن، هەم لە شیعری ئازاد و هەم لە شیعری كلاسیكدا خۆم بینیووەتەوە.
ئەو خانمە شاعیرە نهێنی ئیلهامە شیعرییەكانی بۆ خوێنەرانی خەبات ئاشكرا دەكات و لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كێ ئیلهامی شیعرەكانی بووە؟ گوتی: ئیلهامی شیعرەكانی من دایكم و خۆشەویستەكەم بووە.

ئەڵماس مستەفا لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەی خەبات سەبارەت بەوەی چەند شیعری كراوەتە گۆرانی و مەرجی چییە بۆ ئەو گۆرانیبێژەی بیەوێت شیعرەكانی بكاتە گۆرانی؟ گوتی: هیچ دەقە شیعرێكی من نەكراوە بە گۆرانی، زۆرجار گۆرانیبێژەكە پێی گوتووم، من زات ناكەم ئەم شیعرەی تۆ بكەمە گۆرانی، لەبەر ئەوە شیعرەكانم هەروا ماونەتەوە، تەنها مەرجیشم ئەوەیە دەبێ گۆرانیبێژەكە دەنگی زۆرخۆش و لێهاتووبێت لە هەردوو بوارە میوزیكی و هونەرییەكەیدا.

تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەمان لەگەڵ ئەڵماس مستەفای شاعیر بەو پرسیارە دەستی پێكرد، ئایا لەرووی كۆمەڵایەتییەوە بوێرییەكانت لە شیعردا كێشەیان بۆ درووست كردوویت؟ ئەو دەڵێت: ئەوەندەی شیعرەكانم كێشەی بۆ ناومەتەوە، هیچ شتێكیتر لە ژیانی مندا ئاوا تووشی كێشمەكێشی نەكردووم، هەركاتێك شیعرێكی تازەم بڵاوكرابێتەوە، نامەگەلێكم بۆ هاتووە، كە سەرزەنشتیان دەكردم، بۆچی ژنێكی كورد بێ پەردە لە خۆشەویستی دەدوێ یان باسی ماچ و رووتبوونەوە دەكات لە دەقە شیعرییەكانیدا، كۆمەڵگەی من هێشتا مابووی بۆ ئەوەی ژنێك بەوجۆرە بێتە مەیدانی ئەدەب و بوێرانە باس لە خواستەكانی بكات، بەڵام من بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەك لە دابونەریت پەرەم بەو رێبازە شیعرییەمدا.

ئەڵماس مستەفا سەبارەت بە پرسی ژن و كۆمەڵگە لەنێو شیعرەكانیدا دەڵێت: شیعرم بۆ سەربەخۆیی ژن نووسیووە، لە زۆربەی دەقە شیعرییەكانمدا باسم لە گرفتی ژنان و چەوساندنەوەی تاكی كۆمەڵ كردووە
لە ئەڵماس مستەفامان پرسی: لەكاتێكدا كتێب بۆ زۆرێك لەو نووسەر و ئەدیبانە چاپكراون كە نووسین و شیعرەكانیان دەنگدانەوەی زۆریان نەبووە، ئێوە چەند كتێبی چاپكراوتان هەیە ؟ ئەو گوتی: ماوەی 19 ساڵە شیعر دەنووسم، بەڵام تا ئێستا كتێبێكی چاپ كراوم نییە.!

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە هەمیشە جورئەتێك لە شیعرەكانی ئەڵماس مستەفا بەدی دەكرێ، تا چەند توانیوویە، شیعر بۆ پیاوان بنووسیت؟ یان باشترە بڵێین ئازادبووە لەوەی ئەو ئیلهامە شیعریانەی لەناخیدا هەن وەك خۆی دەریببڕیت؟ ئەو خانمە شاعیرە گوتی: هەموو شیعرەكانم بۆ رەگەزی بەرانبەر نووسیووە، توانیومە بێ سڵەمینەوە لە هیج شتێك، ئەوەی لە رۆحی مندا پەنگی خواردبێتەوە بینووسم و بیخەمە گوڵدانی شیعرەوە.

لە ئەڵماس مستەفا دەپرسین: وێڕای نووسینی شیعر هەندێكجار پرسە كۆمەڵایەتییەكان دەكەیت بەنووسین و قسەی خۆتان لەسەر هەندێك بواری كۆمەڵایەتی و ژیانی ئاسایی مرۆڤ هەیە، ئەوەیان تایبەتمەندی و ئەكادیمی بوونە، یاخود هەر وەك تاكێكی وشیار باسی لێوە دەكەن؟ ئەو گوتی: وەكو تاكێكی وشیار پێمخۆشە باس لە گرفتەكانی كۆمەڵگە بكەم، تیشك بخەمە سەر ئەو باسانەی كە تاكی كورد و بەتایبەتیش ژن، كە هەمیشە لە لایەن پیاوانەوە دەچەوسێندرێنەوەو سەرزەنشت دەكرێن و هیواكانیان لە گۆڕ دەنرێن.

ئەڵماس مستەفا لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەیدا نیگەرانی دەردەبڕێت لەوەی پلەبەندی بۆ شاعیران بكرێت و دەڵێت: چۆن دەبێ شاعیری یەكەم و دووەم هەبێت، ئاخر هەست كوا ژمارەی بۆ دانراوە، بەڕاستی ئەوە لای من كارەساتە و زۆر نیگەران دەبم، هەر ئەوە مابوو لەناو هونەردا بێشێوێنن ..!

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی زۆرجار شیعری شاعیرانی دیكە بە دەنگ تۆمار دەكەن و لەو بوارەیشدا ناسراون، ئەڵماس مستەفا زۆرتر خوێندنەوەی شیعری كام شاعیری هەڵبژاردووە؟ ئەو گوتی: بەڵێ من شیعر دەخوێنمەوە بە تایبەت شیعرەكانی خەیام و بەكر عەلی، ئەوانە لەگەڵ تۆنی دەنگی مندا زۆر گونجاون .
لە دوایین پرسیاری رۆژنامەی خەبات دا، داوامان لە ئەڵماس مستەفا كرد، ئەم وشانە پێناسە بكات:
نیشتیمان – واتا دایك، هەموو مرۆڤێك پێویستە ئینتیمای هەبێ بۆ خاك و نیشتیمان بۆ ئەوەی بەئازادی لەسەری بژیت.

پێشمەرگە – ئەو مرۆڤە خۆبەخشەیە، كە مەرگی خۆی پێش كەسانی نیشتیمانەكەی دەخات بۆ ئەوەی میللەت بە ئازادی بژین.
سەربەخۆیی – واتا ئەو هەوا ئازادەی بەسەربەستی هەڵیدەمژیت نەوەك لە ژێردەستەیی، ئەمەش خۆبەختكردنی دەوێت.
شاعیر – ئەو مرۆڤە هەست ناسكەیەكە وشەگەلێك هەڵدەڕێژێت بۆ جوانكردن و لێكدانەوەی جوانییەكانی تر.
كتێب – واتا جوانكردنی هزری مرۆڤ و مرۆڤایەتی.
لە كۆتایی دیدارەكەیدا خانمە شاعیر ئەڵماس مستەفا شیعری (خۆزگە) دەكاتە دیاری بۆ خوێنەرانی خەبات:
(خۆزگە)

خۆزگە ئەبووی بە چنارێك منیش لاولاو ئاسا بە باڵاتدا هەڵسامایە..
گوڵەكانی ئەو لاولاوەم وەك تاجێك بۆسەرت بكردایە..
گەڵای دارم بەسێبەری هەناسەی رۆحت دانایە..
قەدی لاولاوەكەش بپێچم لەقەدت لەگەڵ خۆمدا جووت بوونایە..
رەگی ئەو دارەش وەك شاخوێنبەرێك لەگەڵ دڵما بۆ دڵت بچووایە..
ئەو كاتە بمكردایە ماچی لێوت تا تاسەم لێت بشكایە..