وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان و رایدەگەیەنێت، ئەو حاڵەتانەی لە هەرێم تۆمار دەکرێن تاکەحاڵەتن، دۆخەکە بە تەواوی لە ژێر چاودێریدایە و هیچ ئاماژەیەک بۆ تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکە نییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی تایبەت بە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک (التهاب السحايا) بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی چەند حاڵەتێکی ئەو نەخۆشییە لە چەند پارێزگایەکی عێراق، روونی دەکەنەوە کە هەوکردنی پەردەی مێشک نەخۆشییەکی گواستراوەیە و بریتییە لە هەوکردنی پەردەکانی مێشک و دڕکەپەتک بە نیشانەی گشتی و نیشانەی تایبەت، بە پشکنینی تایبەتیش پشتڕاست دەکرێتەوە و چارەسەرییەکان بەردەستن.
وەزارەتی تەندروستی هاووڵاتییانی دڵنیا کردووەتەوە کە دۆخەکە لە ئێستادا بە تەواوی لە ژێر چاودێری و بەدواداچووندایە و ئەو حاڵەتانەی لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێن تاکەحاڵەتن و هاوشێوەی ساڵانی رابردوون، هاوشێوەی هەموو وڵاتان و پێوەرەکانی پەتازانییە.
جەختیشی کردووەتەوە کە هیچ ئاماژەیەکی پەتازانی بۆ تەشەنەسەندن یان زیادبوونی نائاسایی نییە و تیمەکانی تەندروستی بەردەوامن لە چاودێریکردنی قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی و دەستنیشانکردن.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا وەزارەتەکە رایگەیاندووە: لە ئێستادا پێویست بە دڵەڕاوکێ و هیچ رێکارێکی پێشوەختەی راگرتنی هیچ کاروبارێک و پرۆسەی خوێندن ناکات”، ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە وەزارەتی تەندروستی بەردەوامە لە چاودێریکردنی وردی دۆخەکە و جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی، پشکنین، چارەسەرکردن و بەدواداچوون، لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکی نوێشدا هاووڵاتییان ئاگادار دەکەنەوە.