سهرهتا وتار گەلی کوردستان لە بەرانبەر هەڕەشەی بەغدا و بڕیاری تاکلایەنە
د. سامان سۆرانی
لە مێژووی هاوچەرخی عێراق و لە دوای پەسەندکردنی دەستووری هەمیشەیی ساڵی ٢٠٠٥، پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر وەك پێوەری سەرەکی بۆ چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی و دیموکراسی تەماشاکراون.
ئەو زنجیرە بڕیارە کارگێڕی، ئاسایشی و دادوەرییانەی کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ـدا لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی فالح زەیدییەوە سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و دەروازە سنوورییەکان دەرکران، لەگەڵ ڕاگەیەندراوی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، جارێکی دیکە مشتومڕێکی قووڵی دەستووری و سیاسییان لێکەوتەوە و ئەو ڕاستییەیان خستەڕوو کە عەقڵیەتی ناوەندێتی لە بەغدا جارێکی دیکە خەریکە لە ڕێگەی هێز و زمانی هەڕەشە مامەڵە لەگەڵ قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دەکات.
هەرچەندە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامانجی ئەم هەنگاوانەی بە بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی نەوت و ڕێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکان و کۆنترۆڵکردنی داهاتەکان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی فیدراڵی وەسف کردووە، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسی و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بە ڕوونی دەزانن کە هەرێم خاوەنی مافی ڕەوا و دەستووریی خۆیەتی و زیاتری لەو مافانەی لە دەستووردا جێگیر کراون داوا نەکردووە، بەڵکو ئەم بڕیارانە پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی دەستوور و لادانن لە بنەماکانی فیدراڵیزم.
لە ڕووی دەستووری و یاساییەوە، بڕیارەکانی وەرگرتنەوەی دەروازە سنوورییەکان، کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانی سنووری کەرکووك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین، و ڕاگرتنی هەناردە بە شێوەی تاکلایەنە، ناکۆکن لەگەڵ ماددەکانی (١١٠، ١١٢، ١١٤ و ١١٥)ی دەستووری عێراق کە بەڕێوەبردنی نەوت و دەروازە سنوورییەکانیان لە چوارچێوەی دەسەڵاتە هاوبەشەکان ڕێکخستووە و لە دەرەوەی دەسەڵاتە حەسرییەکانی ناوەندیشدا ئەولەویەتیان داوەتە یاسای هەرێمەکان.
هەرێمی کوردستان کە یەکێك بووە لە دامەزرێنەرانی ئەو سیستەمە فیدراڵییەی دەستووری ٢٠٠٥ بنیاتی ناوە، هەمیشە پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای ماف و ئەرکە دەستوورییەکان ڕێکخستووە، بۆیە هەر هەنگاوێك لە دەرەوەی میکانیزمە دەستوورییەکان پێشێلکردنی مافەکانی گەلی کوردستانە.
هاوکات، ڕاسپاردنی سوپا و هێزە چەکدارەکان بۆ داخستنی ڕێگەکان و بەکارهێنانی زمانی سەربازی لە دۆسیەیەکی کارگێڕی و دارایی، پاشەکشەیەکی مەترسیدارە لە چەمکی دەوڵەتی مەدەنی و بازدانە بەسەر نەخشەڕێگەی ماددەی (١٤٠)دا.
ئەزموونیش سەلماندوویەتی کە ئاخاوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە زمانی سەربازی هیچ کێشەیەك چارەسەر ناکات و لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی وڵاتدا نییە.
لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانە، هەڵوێستی سەرکردایەتی و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان خاوەن قورساییەکی مێژوویی، نیشتمانی و دەستووریی بەهێز بوو.
سەرۆك مەسعود بارزانی وەك مەرجەعی باڵای کوردستان لە پەیامێکی ڕوون و یەکلاکەرەوە جەختی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی سەد ساڵەی گەلی کوردستان و خوێنی سەدان هەزار شەهیدە و ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە ڕووخاندنی دیکتاتۆریەت و بنیاتنانی عێراقی نوێ، بۆیە لە کاتێکدا هەرێم پاڵپشتی لە چاکسازی و بنبڕکردنی گەندەڵی و قاچاخچێتی دەکات و بە کردەوە هاوکار بووە، بە هیچ شێوەیەك ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری و سەپاندنی ئیرادەی هیچ کەس و لایەنێکەوە، چونکە دەبێت عەقڵ و دەستوور حاکم بن نەك میزاج و زانیاریی هەڵە.
بە هەمان گیانی بەرپرسیارێتی و پاراستنی مافەکانی گەلی کوردستان، هەردوو سەرۆکایەتیی هەرێم، حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان، شانبەشانی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە توندی زمانی هەڕەشە و ئاخاوتنی سەربازییان ڕەتکردەوە و دووپاتیان کردەوە کە قەوارەی دەستووریی هەرێم و ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان «هێڵی سوورن» و دەبێت دەستوور تاکە دادوەر و حەکەم بێت لە نێوان هەرێم و بەغدا.
لەسەر ئاستی دامەزراوە فیدراڵییەکانیش، هەریەک لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ئاماژەدان بە ماددەکانی (٩٣ و ٩٤)ی دەستوور، ڕوونیان کردەوە کە پابەندبوون بە دەستوورەوە ئەرکێکی ناچاری و پابەندکەرە بەسەر هەمووانەوە، و تەنها دادگای باڵای فیدراڵی دەسەڵاتی لێکدانەوەی دەقە دەستوورییەکان و یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی هەیە، هاوکات جەخت لە پەسەندکردنی بودجەیەکی دادپەروەر و هاوسەنگ کرایەوە کە مافی سەرجەم پێکهاتەکان بپارێزێت.
بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زانستی، دیپلۆماسی و کاریگەر بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکات و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی عەقڵیەتی ناوەندێتی و بڕیاری تاکلایەنە بگرێت، پێویستە حکوومەت و سەرکردایەتیی هەرێم کۆمەڵێك ڕاسپاردەی ستراتیژی جێبەجێ بکەن.
لە پێش هەموویانەوە، پێویستە ئەو یەکڕیزی و کۆدەنگییەی لە پەیامەکانی سەرۆك بارزانی، هەردوو سەرۆکایەتی، حکوومەت، پەرلەمان و ڕاگەیەندراوی هاوبەشی پارتی و یەکێتیدا ڕەنگی دایەوە، بگۆڕدرێت بۆ هەماهەنگییەکی دامەزراوەیی تۆکمە و پێکهێنانی شاندێکی باڵای یەکگرتووی حکوومی و سیاسی بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و شەفاف لەگەڵ بەغدا.
هاوکات، هەرێمی کوردستان پێویستە بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووریی تۆکمە، لە ڕێگەی تیمێکی پسپۆڕەوە سکاڵا و تانەی فەرمی لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆمار بکات دژی هەر بڕیار و ڕێوشوێنێکی نادەستووری و سەربازی کە دەستدرێژی بێت بۆ سەر دەسەڵاتەکانی هەرێم، تاوەکوو ململانێکان لە چوارچێوەی دەقی دەستوور و ڕێکاری یاسایی بمێننەوە.
لەسەر ئاستی ناوخۆیی و کارگێڕییش، لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێم بە شەفافییەت کار دەکات و هەنگاوی کردەیی و بەردەوامی بۆ چاکسازی، ڕێکخستنەوەی داهات و دەروازەکان ناوە، گرنگە بە هەمان گیانی هاوکاری و لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمان و دامەزراوە چاودێرییەکان درێژە پێ بدات و بە شێوەیەکی دەستووری مامەڵە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات، تاوەکو هەم ماف و سەروەریی هەرێم بە تەواوی پارێزراو بێت و هەم ڕاستیی هەوڵە چاکسازییەکانی هەرێم بۆ هەمووان ڕوونتر بێت و هیچ بیانوویەك بۆ تۆمەتی ناڕەوا و هەڵمەتی چەواشەکارانە نەمێنێتەوە.
لە کۆتاییشدا، پێویستە هەرێمی کوردستان دیپلۆماسیەتێکی چالاك و ئارام لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و هێزە نیشتمانییە پابەندەکان بە دەستوور لە عێراق بگرێتە بەر، بۆ ئەوەی پەیامی گەلی کوردستان وەك فاکتەری سەقامگیری و پارێزەری بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان بە ڕوونی بگاتە هەموو لایەك.