ناوەندگەرایی لە تەفسیری دەستووریدا.. هەڵسەنگاندنێک بۆ بڕیاری (٢٦٨)ی دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر هەرێمی کوردستان

5

سەنار سۆركان شێرۆكی*
بڕیارە تەفسیرییەکەی دادگای باڵای فیدراڵی بە ژمارە (٢٦٨/اتحادیە/٢٠٢٦) کە لە ڕێکەوتی ٢٥/١١/٢٠٢٦ لەسەر داوای سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی دەرچووە، لە ڕووی فەرمی و ڕێکارییەوە (پشتبەستوو بە ماددەی ٩٣/دووەم و ٩٤ی دەستوور) بڕیارێکی بنبڕ و پابەندکەرە بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان، بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆک و لۆژیکی دەستوورییەوە، تەفسیرێکی ناوەندگەرایی توندە (Centralist Interpretation) کە هاوسەنگیی فیدراڵی تێکدەدات و بە زۆرینە دەرچووە (دوو ئەندامی دادگا دژی وەستاونەتەوە و ڕای جیاوازیان هەبووە).
لێرەدا هەڵسەنگاندنی دەستووریبوونی هەر حەوت بڕگەکەی بڕیارەکە بەرانبەر دەقی دەستووری عێراقی ٢٠٠٥ دەخەینە ڕوو:
١)- پرسی سنوورە نێودەوڵەتییەکان (بڕگەی یەکەم)
ناوەڕۆکی بڕیارەکە: پاراستنی سنوورەکان و بڵاوکردنەوەی هێزە فیدراڵییەکان لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتمەندیی حەسریی بەغدا دادەنێت بەپێی ماددەکانی (١٠٩ و ١١٠/دووەم).
هەڵسەنگاندنی دەستووری: هەرچەندە پاراستنی سنوور و بەرگریی نیشتمانی بەپێی ماددەی (١١٠/دووەم) تایبەتمەندیی حەسریی فیدراڵییە، بەڵام دادگا ماددەی (١٢١/ پێنجەم)ی دەستووری پشتگوێ خستووە کە دەسەڵاتی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی هێزەکانی پاراستنی ناوخۆ و پاسەوانی سنووری هەرێمی داوەتە حکوومەتی هەرێم.
٢)- دەروازە سنوورییەکان، گومرگ و سیستەمی ئەلیکترۆنی (بڕگەکانی دووەم، سێیەم و پێنجەم)
ناوەڕۆکی بڕیارەکە: سەرپەرشتی و کۆنترۆڵکردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان، بەستنەوەی ئەلیکترۆنی (ئەتەمەتە)، و کۆکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکان دەداتە دەسەڵاتە فیدراڵییەکان بە پشتبەستن بە ماددەی (١١٠/سێیەم) و یاسای دەستەی دەروازە سنوورییەکان (ژمارە ٣٠ی ساڵی ٢٠١٦).
هەڵسەنگاندنی دەستووری: لە ڕووی دەستوورییەوە، ماددەی (١١٤/یەکەم) بە ڕاشکاوی (إدارە الكمارك – بەڕێوەبردنی گومرگەکان)ی کردووە بە تایبەتمەندیی هاوبەش لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمەکاندا. هەرچەندە دادگا ئاماژەی بە هەماهەنگی کردووە، بەڵام جەختکردنەوە لەسەر «کۆنترۆڵکردن» و «بەستنەوەی ڕاستەوخۆ بە وەزارەتە فیدراڵییەکان» هاوبەشییە دەستوورییەکە دەگۆڕێت بۆ کۆنترۆڵی تاکلایەنەی ناوەند.
٣)- دۆسیەی نەوت و گاز (بڕگەی چوارەم)
ناوەڕۆکی بڕیارەکە: دەسەڵاتی تەواوی چاودێری، وردبینی و گرێبەستەکانی نەوت و گاز دەداتە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە پشتبەستن بە بڕیاری پێشووی خۆی (٥٩/اتحادیە/٢٠١٢).
هەڵسەنگاندنی دەستووری: ئەم بڕگەیە درێژەپێدەری هەمان پێشێلکارییە دەستوورییەکەی بڕیاری (٥٩)ـە؛ چونکە ماددەی (١١٢/یەکەم)ی دەستوور بەڕێوەبردنی نەوت و گازی تەنیا لە کێڵگە بەرهەمهێنەرەکانی ئێستا (الحقول الحالیە – واتە پێش ٢٠٠٥) بە هاوبەشی لە نێوان بەغدا و هەرێم دیاری کردووە، و بەپێی ماددەی (١١٥) کێڵگە نوێیەکان لە دەسەڵاتی هەرێمدان.
٤)- سنووری جوگرافی و ناوچە دابڕێنراوەکان (بڕگەکانی شەشەم و حەوتەم)
ناوەڕۆکی بڕیارەکە: سنووری کارگێڕیی هەرێمی کوردستان تەنیا بەو زەوییانەوە دەبەستێتەوە کە لە ڕێکەوتی ١٩/٣/٢٠٠٣ لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمدا بوون (بەپێی ماددەی ٥٣/أی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی ڕاگوزەر و ماددەی ١٤٣ی دەستوور)، و ڕایدەگەیەنێت کە بەڕێوەبردنی فعلی لە دەرەوەی ئەو سنوورە هیچ شەرعییەتێکی دەستووری دروست ناکات. هەڵسەنگاندنی دەستووری: لە ڕووی دەقەوە ئەمە خوێندنەوەیەکی ڕاستە بۆ ماددەی (١٤٣)ی دەستوور تا کاتی جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠). بەڵام مەترسییەکەی لەوەدایە کە بەبێ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی ماددەی (١٤٠) (ئاساییکردنەوە، سەرژمێری، ڕاپرسی) کە ئەرکێکی دەستووریی لەسەر شانی حکوومەتی فیدراڵییە، دەسەڵاتی ڕەهای کارگێڕی و سەربازی لەو ناوچانەدا دەبەخشێتە بەغدا، ئەمەش دەبێتە هۆی سڕکردنی ماددەی (١٤٠) لە بەرژەوەندیی ناوەند.
پوختە:
ئەم بڕیارە لە ڕووی یاسایییەوە پابەندکەرە چونکە لە دادگای فیدراڵییەوە دەرچووە، بەڵام لە ڕووی فەلسەفەی دەستووری ٢٠٠٥ـەوە پێچەوانەی بنەمای فیدراڵیزم و ماددەی (١١٥)یە (کە ئەولەویەت دەداتە یاسا و دەسەڵاتەکانی هەرێم لە کاتی ناکۆکیدا). دادگا لەم تەفسیرەدا دەسەڵاتە هاوبەشەکانی (ماددەی ١١٤) و دەسەڵاتەکانی هەرێمی (ماددەکانی ١١٧ و ١٢١) بچووک کردووەتەوە لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتە حەسرییەکانی ناوەند (ماددەی ١١٠)، هەر بۆیەش دوو ئەندامی دادگاکە ڕەتیان کردووەتەوە دەنگی پێ بدەن.

*ماستەر لە یاسای گشتی – بریارەكانی دادگای باڵی فیدراڵی