
خالید مەجید فەرەج
ساڵی ١٧٥٥ لە لیشبۆنەی پایتەختی پۆرتوگال، گەورەترین بوومەلەرزە ڕوویدا؛ نزیکەی ١٠٠ هەزار کوژراو، سەدان هەزار بریندار و وێرانکارییەکی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هێنا. کارەساتەکە بەوەوە نەوەستایەوە، پاش ئەوە سونامییەک ڕوویدا و ئەوەی زەمین لەرزەکە تەواوی نەکردبوو، ئەو تەواوی کرد. مێژوونووسان دەڵێن ئەو ڕۆژە وەکوو ڕۆژی قیامەت وا بووە یان شوبهێنراوە.
زاناکان گوتیان بەهێزی زەمین لەرزەکە ٩ پلەی ڕێختەر بووە و تەنیا لیشبۆنەی پۆرتوگال و کەنارەکانی ئیسپانیا و پایتەختی ئیسپانیاشی نەگرتبووەوە، بەڵکوو زەوی زۆر شوێنی دیکەی ئەورووپای ڕۆژئاواشی گرتبووەوە تا گەیشتبووە مەغریب و دەیان کەس مردن و بریندار بوون، هەروەها کەنارەکانی جەزائیریشی گرتبووەوە.
چاڵێکی لە بنی زەریای ئەتڵەسیدا دروست کردبوو کە قەبارەکەی ٢٠٠ کم دەبوو، چەند پلەیەک بەرزتر ببووایە شارستانییەتی بەشەریی تەواو دەکرد.
ئەو بوومەلەرزەیە ڕێکەوتی جەژنی قەدیسەکان بوو. کەنیسەکان پڕبوون لە پیاوی ئایینی و نوێژکەران لە ئەورووپا، واتە کەنیسەکان پڕبوون لە ئیمانداران، و ئەوەش وای کردبوو کە ژمارەی قوربانیان زیاد بکات؛ بەو جۆرە کەنیسەکان لە چەند چرکەیەکدا بوون بە گۆڕی دەیان هەزار لە ئیمانداران.
زەمین لەرزەکە بە تەنیا لیشبۆنەی نەهەژاند، بەڵکوو عەقیدە و ئیمانی و لاهووتییەکانی لەگەڵ خۆیدا هەژاند و باڵەخانەکانی ئایین و قودسیەتی لەگەڵ خۆیدا ڕووخاند و بەتەواوەتی، هەر وەکوو لیشبۆنە، کردی بە خاشاک. ئەو ڕۆژە بە تەنیا زەوی نەلەرزی، بەڵکوو هەموو ویژدانی کیشوەری ئەورووپای سەرلەبەر هەژاند.
ئەوەش لەو فاکتەرە گرنگانە بوو کە کاریگەریی هەبوو لەسەر بزاڤی ڕۆشنگەری و ڕێڕەوی فیکر لە ئەورووپا. دوای ئەوەی ئەورووپا لەو کارەساتە خەبەری بۆوە، زەمین لەرزەیەکی لە جۆرێکی دیکە گرتییەوە کە بوومەلەرزەی گومانی فیکری و غەیبی بوو؛ و لەگەڵ خۆیدا ئەو مەفهوومانەی ڕاماڵی کە پێشتر وەک بەڵگەنەویست لێیان دەڕوانین، وەک عەدالەت و ڕەحمەتی ئیلاهی، بەزەیی، وەک مەفهوومی خێری ڕەهای خودا و واتای سەواب و عقاب (پاداشت و سزا)، ئەو چەمکەی کە دەڵێت خودا خۆشەویستییە یان ئینسان ئەشرەفولمەخلوقاتە و هەتا دوایی، هەڵوەشاندەوە.
زەمین لەرزەیەک بوو کە هەموو ئەو عەقیدە ئیمانییانەی ڕاماڵی؛ خەڵک کفری بە دین و عەقیدە و پیاوانی ئایینی و وەعز و مینبەرەکانیان کرد. دەنگەکان بەرزبوونەوە و دەیان پرسیاریان کرد: چی ڕووی داوە و بۆ چی ڕوویدا؟ دەوری خودا لە کوێدایە و چۆن دەتوانرێت پاساوی بۆ بهێنرێتەوە بۆ ئەو خوداوەندە کە خۆشەویستی و بەزەیییە؟ ئایا ئەو بوومەلەرزەیە لەدەستکردی خودایە یان کارێکە لە دەرەوەی ئیرادە و توانای ئەودا؟ ئایا خودا دەیتوانی ڕێگە لەو جۆرە کارەساتە بگرێت و نەیکردووە؟ بێگومان دەیان پرسیاری تر لە ڕەحمی ئەو کارەساتەوە سەریان دەرهێنا.
بەتایبەتیش ئەو کارەساتە لە ڕۆژێکی وا پیرۆزدا بوو، کەنیسە و قەشەکان ویستیان پاساوی بۆ بهێننەوە؛ بۆ نموونە گوتیان: «ئەوە غەزەبی خودایە بەهۆی زۆریی گوناهەوە و دوورکەوتنەوە لە دین و ئیمانەوە تووشیان هاتووە.»
ئەو پاساوە قوڕەکەی خەستتر کردەوە: کەسێک هەیە قەناعەت بەوە بکات کە دەیان هەزار منداڵ و پیر و پەککەوتە ئەوانەن کە زەوییان پڕ کردووە لە گوناه؟ باشە، گوناهی ئەوانە چییە؟ ئەی عەدالەتی ئیلاهی و بەزەیی ئیلاهی لە کوێدایە؟ دەکرێت عەقڵی مرۆڤ لەوە بگات کە هەژارەکان ڕۆژانە بۆ پارووە نانێک زەحمەت دەکێشن، ئەوانە هێندە فاسق بوون کە موستەحەقی ئەو سزایە بن؟ خۆ ئەگەر توێژێکیش هەبێت موستەحق بێت، ئەی گوناهی ئەوانە چییە؟ وای دابنێین هەموو ئەوانە گوناهبارن، ئەی پاساو بۆ ئەوانەی کە لەناو کەنیسەکەدا بوون و بۆ خوداپەرستی چووبوون و بوون بەژێر دار و پەردووی کەنیسەکەوە چییە؟
ڕوانگەی نوخبە و فەیلەسووفەکان
نوخبەکە، واتە فەیلەسووف و بیرمەندەکان، بیروڕای جۆراوجۆریان لەسەر ئەو مەسەلەیە هەبوو:
• کانت ویستی تەفسیرێکی زانستی بۆ بکات دوور لە تەسەوراتی ئایینی و دژەئایینییەکان.
• هەروەها جان جاک ڕۆسۆ گوتی: «خودا کەونی بە باشترین شێوە دروست کردووە، با لە مەلاولاشدا فەساد هەبێت.»
• بەناوبانگترین فەیلەسووف کە تەبەننای ئەو بۆچوونەی کرد، فەیلەسووفی بەناوبانگی ئەڵمانی لایبنتز بوو، کە دەڵێت: «ئەم جیهانە باشترین جیهانی مومکینە لە خودای خێرخوازەوە دروست بووە، لەسەر بنەمای (ئیمکان نییە لەوەی کە هەیە شتێکی باشتر هەبێت).»
فەیلەسووفەکانی ڕۆشنگەری لە فەرەنسا و ئەورووپا بەرپەرچیان دایەوە و گوتیان: «ئەم بۆچوونانە ڕێز لە ئازاری خەڵک ناگرێت و بەردەوامە لە فرۆشتنی ئەو وەهەمەی کە کۆڵەکەکانی دیوارە داڕزیوەکانی لەگەڵ ڕووخاندنی دیوارەکانی لیشبۆنەدا ڕووخا.»
یەکێک لەوانە ڤۆلتێر بوو کە یەکێک لە کۆڵەکەکانی ڕۆشنگەری بوو، و ڕۆمانی (کاندید)ی نووسی کە تێیدا گاڵتە بە بۆچوونەکەی لایبنتز دەربارەی بیردۆزی خێری گشتگیر و هەروەها خودا باشترین دونیای مومکینەکانی دروست کردووە دەکات، هەروەها گاڵتەکردن بە پاساوهێنانەوەکەی بۆ شەڕ لە کەوندا. ئەو دەڵێت: «وجود لەسەر شەڕ بنیاتنراوە، ئازار و موعانات شتی ڕەسەنن لە وجوددا، کەس دروستی نەکردووە، واقیعی بوونی ئینسان لە نێوان مردن و ژیان و خێر و شەڕدایە.»
ڤۆلتێر قەسیدەیەکی هەیە بۆ لاواندنەوەی قوربانییانی کارەساتەکە و هەروەها وەک بەڵگەیەکیش لەسەر غیابی عینایەتی ئیلاهی:
«ئێوە ئەی فەیلەسووفەکان
کە دەڵێن لە خێر زیاتر نییە!
وەرن سەیری لاشەی ژن و منداڵ بکەن
کە لەژێر دار و بەرددان،
مردن و کەس بە فریایان نەکەوت
بە چاوی کراوەوە سەیری مردنیان دەکرد.
ئێوە دەڵێن ئەو مردنانە دەستکردی یاسا نەمرەکانن؟
دەڵێن خودا هەقی گوناهبارەکانی لێ کردوونەتەوە؟
ئێوە ئەقڵ و ڕەحمەتی ئینسانیتان لەدەست داوە!
تاوانی ئەو منداڵانە چییە
کە لیشبۆنە بووە بە کەلاوە؟
پێم بڵێن:
لیشبۆنە لە پاریس فەسادتر بوو؟
بە چ مەنتیقێک
لیشبۆنە زەوی قووتی داوە و پاریسیش تاوەکوو ئێستا لە کەیف و سەفا و سەمادایە؟
هەموو شتێک لە جیهاندا بەدەست ئازارەوە دەناڵێنێت،
ئێوەش دەتانەوێت بیکەن بە بەختەوەریی ئەدەبی؟
ئێوە هاوار دەکەن و دەڵێن لەسەر زەوی لە خێر زیاتری لێ نییە…
ئێوە درۆ دەکەن! سەیری دەوروبەر بکەن،
مرۆڤ و ئاژەڵ لە ململانێدان، لەسەر زەوی لە شەڕ زیاتری لێ نییە.
ئایا شەڕ لە خاوەنی خێری مەحزەوە (تەنیا خێر) دەر دەچێت؟
کام ئەقڵەیە ئەوە قبووڵ دەکات کە خوداوەندێک لە خێر زیاتری بۆ نەوەکانی ناوێت و لەولاوە شەڕیان بەسەردا دەبارێنێت؟
ناکرێت وجود سەرچاوەی شەڕ بێت. (شەڕ بەواتای جەنگ نایەت لێرەدا، بەڵکوو بەواتای خراپەکاری دێت).
شەڕ لە خودا زیاتر کەسی دیکە نیناردووە، ئەو سەیدی وجودە و خۆی دروستی کردووە.
ئای کە ئەمانە هەقیقەتێکی ئازاربەخش و مەهزەلەیەکی سەیرن!»