سهرهتا وتار یەکڕیزی و تەبایی قەڵغانی بەڕەنگاربوونەوەی ناوەندگەراییە
کاروان محەمەد سینۆ
بە درێژایی قۆناغەکانی دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو و پەسەندکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥دا، هەرێمی کوردستان بە ئیرادەیەکی نیشتمانی و بەرپرسیارانە هەوڵی داوە عێراقی نوێ لەسەر بنەمای فیدراڵییەتی ڕاستەقینە، دیموکراسی و هاوبەشی لە بڕیار و ساماندا دابمەزرێت. بەڵام ئەو هەڵچوونە سیاسی و میدیایی و بڕیارە یەک لە دوای یەکانەی لە بەغداوە دژی هەرێمی کوردستان دەگیرێنە بەر، بەتایبەت هەوڵەکانی پەکخستنی مەلەفی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم و کۆنترۆڵکردنی تەواوی دەروازە سنوورییەکانی کوردستان، کە ڕۆژی سێشەممە 24ی تشرینی دووەم 2026 بە شێوەیەکی تاکلایەنە لەلایەن حکوومەتەکەی عەلی زەیدییەوە دەرچووە، نەک تەنیا پێشێلکردنی ڕوونی بنەماکانی فیدراڵی و هاوبەشیی ڕاستەقینەیە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ عەقڵییەتی ناوەندگەرایی و پەراوێزخستن.
جەوهەری دەستوور و مافە فیدراڵییەکانی هەرێم
پەیامە نیشتمانییەکانی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە پابەندبوون بە دەستوور تاکە زامنی مانەوەی عێراقە وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی و دیموکراسی. کاتێک بەغدا هەوڵی پەکخستنی مەلەفی نەوتی هەرێم دەدات، ڕاستەوخۆ پێچەوانەی ڕۆح و دەقی ماددەکانی (١١١ و ١١٢)ی دەستوور دەجووڵێتەوە؛ چونکە ماددەی (١١١) نەوت و غاز بە موڵکی هەموو گەلی عێراق دادەنێت (بەخەڵکی کوردستانیشەوە) و ماددەی (١١٢)یش بەڕوونی باس لە هاوبەشی لە بەڕێوەبردنی نەوت و غاز لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم و دابەشکردنی (دادپەروەرانەی) داهاتەکەی دەکات. پەکخستن یان ڕێگریکردن لەم مەلەفە لە ڕێگەی بڕیاری تاکلایەنە و پشتگوێخستنی یاسای نەوت و غاز، نەک تەنیا مافی دەستووریی هەرێم پێشێل دەکات، بەڵکو زیان بە تەواوی ئابووریی وڵات دەگەیەنێت و بڕیارەکانی عەلی زەیدی بە نادەستووری دەکات. هاوکات، هەوڵەکانی کۆنترۆڵکردنی تاکلایەنانەی تهواوی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک کە ماف و تایبەتمەندیی دەستووریی هەرێم و پێکهاتەی فیدراڵیی دەوڵەت پشتگوێ بخات، بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ماددەی (١)ی دەستوور هەیە کە تێیدا شێوەی دەوڵەتی عێراقی وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی دیاری کردووە، هەروەها ماددەی (١١٤) سەبارەت بە تایبەتمەندیی هاوبەشی نێوان هەرێم و بەغدا لە بوارەکانی گومرگدا و ماددەی (١٢١) کە دەسەڵات و مافەکانی هەرێم لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵیدا ڕێکدەخات، گەواهیدەری ئەوەن کە سیستەمی فیدراڵی لەسەر بنەمای هاوبەشی و ڕێککەوتن و هاوسەنگیی دەسەڵاتەکان دامەزراوە، نەک سەپاندنی بڕیاری تاکلایەنە و کەمکردنەوەی ماف و دەسەڵاتەکانی هەرێم.
یەکڕیزی و تەبایی؛ پێوەر و ئەرکی نیشتمانی لە قۆناغە هەستیارەکاندا
لە بەرانبەر ئەم هەڵچوونە ناسرووشتییانەی بەغدا، ڕاستییەک هەیە کە نابێت خۆمانی لێ لابدەین: سەرەڕای بوونی ناتەبایی و ناکۆکیی سیاسی لە نێوان لایەنە کوردستانییەکاندا «لە ئێستادا»، بەڵام کاتێک مەسەلە دەگاتە سەر مافە دەستوورییەکانی هەرێم و خەڵکی کوردستان، شکۆ و سەروەریی هەرێمی کوردستان و قەوارە سیاسییەکەی، یەکڕیزی و تەبایی و یەکدەنگیی هەموو حزب و لایەنەکانی کوردستان دەبێتە پێوەری سەرەکیی هەڵوێست و ئەرکێکی نیشتمانیی لەپێشینە. ناکۆکیی نێوخۆیی هەرچەندە قووڵ بێت، نابێت ببێتە هۆی لاوازکردنی پێگەی کوردستان لە بەرانبەر ئەو گوشار و بڕیارانەی ئامانجیان پاشەکشەپێکردنی مافەکانی گەلی کوردستانە. یەکدەنگیی نیشتمانی هێز و بڕوایەکی زیاتر دەبەخشێتە هەرێمی کوردستان بۆ بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا.
وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان
پاراستنی هەرێمی کوردستان و ڕێگریکردن لە پەراوێزخستن و بێبەشکردنی لە مافەکانی، تەنیا ململانێیەکی سیاسی یان ئیداری نییە، بەڵکوو وەفادارییەکی ڕاستەقینەیە بۆ خوێنی شەهیدانی کوردستان، ئەوانەی لە شۆڕشەکانەوە تا ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی خاک و کەرامەتی کوردستان گیانی خۆیان بەخشی. ئەرکی سەرشانی هەمووانە قەوارە و مافە ڕەواکانی کوردستان بپارێزن و نەهێڵن هیچ بڕیارێکی نادەستووری یان ئیرادەیەکی سەپێنراو پاشەکشە بەو دەستکەوتانە بکات. هەڵبەت وەڵامی هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان، پێش هەموو شتێک بە پتەوکردنی بەرەی ناوخۆ، تەبایی و یەکڕیزیی حزب و لایەنە سیاسییەکان، و پابەندبوون بە پرەنسیپە نیشتمانییەکان دەبێت. بەم یەکدەنگییە، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی بکات و بە وەفادارییەوە لە ئاست گەورەیی قوربانیدانی شەهیداندا بمێنێتەوە.
قەوارەی هەرێم بەرهەمی خهبات و قوربانیدانی سەد ساڵەیە و مل بۆ بڕیاری نادەستووری کەچ ناکات
لە بەرانبەر هەر هەوڵێکی تاکلایەنە و گوشارێکی ناوەندی (بەغدا)، دەبێت بە ڕوونی بگوترێت و جەختیشی لێ بکرێتەوە کە هەرێمی کوردستان لە دەرئەنجامی خەبات و قوربانیدانی سەد ساڵەی گەلی کوردستان و بە خوێنی سەدان هەزار شەهید هاتۆتەكایەوە و خاوەن مافی ڕەوای خۆیەتی. بۆیە بەهیچ شێوەیەک هەرێمی کوردستان ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری و سەپاندنی ئیرادەی هیچ كەس و لایەنێك. ئەم بنەما جەوهەرییە تەنیا هەڵوێستێکی سیاسیی کاتی نییە، بەڵکوو ناسنامە و قورسایی مێژوویی و دەستووریی کوردستانە؛ قەوارەیەک کە بە قوربانیدانی گەورە بەدەست هاتووە، لە هیچ بارودۆخێکدا لە ژێر گوشاری بڕیارە نادەستوورییەکاندا سازش لەسەر ماف و ئیرادەی خۆی ناکات.