وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرای دەکات، کۆبوونەوەی گفتوگۆی نیشتمانی کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت پرسی ڕادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بە گەنجینەی دەوڵەت.

  حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیەی لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بەڕێوەدەچێت، ئامانجی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی تایبەت بە بەڕێوەبردنی دارایی و سامانی نیشتمانیی نێوان هەولێر و بەغدایە.

  بە وتەی عەبوودی، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیدا بە ڕێژەی %12.7 جێگیر کراوە، بەڵام خاڵی ناکۆکیی سەرەکی پەیوەستە بە پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بە ڕادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بە گەنجینەی گشتیی دەوڵەت، کە بەلای حکومەتی فیدراڵەوە بابەتێکە سازشی لەسەر ناکرێت.

جەختیشی لەوە کردەوە کە گفتوگۆکان لەسەر بنەمای دەستوور و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی دەبن و وتی، سەروەت و سامانی نیشتمانی موڵکی گشت گەلی عێراقە لە کوردستانەوە تا بەسرە، پێویستە بەپێی ڕێژەی دانیشتووانی پارێزگاکان و هەرێم و بە ڕەچاوکردنی دەستوور دابەش بکرێت.