سهرهتا دهرهوه ڕاپەڕینی گەورەی هیندستان (١٨٥٧): خاڵی وەرچەرخان لە حوكمڕانیی بەریتانیادا

ئا: دلڤین سیودین
پێشەكی
ڕاپەڕینی ١٨٥٧ وەرچەرخانێكی بەرچاو بوو لە مێژووی هیندستاندا و زۆرجار وەك یەكەم جەنگی سەربەخۆیی سەیر دەكرێت. ئەم ڕاپەڕینە یەكەم هەوڵی بەرفراوان و ڕێكخراوی هیندییەكان بوو بۆ ڕووتاندنی دەسەڵاتی كۆلۆنیالی بەریتانیا. ڕاپەڕینەكە لەلایەن سەربازە هیندییەكانی (Sepoys) سوپای كۆمپانیای هیندی ڕۆژهەڵاتی بەریتانییەوە دەستی پێكرد و بە خێرایی گۆڕا بۆ ڕاپەڕینێكی جەماوەری كە توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگەی هیندی گرتەوە. ڕاپەڕینێكی كتوپڕ نەبوو، بەڵكو ئەنجامی كۆبوونەوەی ساڵانێكی درێژ لە ناڕەزایەتی دژی دەسەڵاتی بەریتانیا بوو. ئەمە یەكەم بەرگری گەورەی هیندییەكان بوو دژی دەسەڵاتی بیگانە. سیاسەتی بەریتانیا لەگەڵ ڕێكارە ئابوورییە چەوسێنەرەكان بووە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتییەكی بەرفراوان. یاسای دەستبەسەرداگرتن پەیڕەو كرا، ڕۆڵێكی سەرەكی بینی لە هەڵگیرساندنی جەنگەكەدا، چونكە زۆربەی دەسەڵاتدارە هیندییەكانی لە مافی دەسەڵاتداریی بێبەش كرد.
هۆكارەكانی سەرهەڵدانی ڕاپەڕین:
یاخیبوونەكە لە ئەنجامی چەندین هۆكاری جۆراوجۆر بوو لەوانە:
– هۆكاری سیاسی.
– هۆكاری ئابووری.
– هۆكاری كۆمەڵایەتی و ئایینی.
– هۆكاری سەربازیی
بەڕێوەچوونی ڕاپەڕین
رووداوەكان لە ١٠ی ئایاری ١٨٥٧ بە یاخیبوونی سەربازەكانی میروت دەستیان پێكرد. هۆكارە دەستبەجێكە بەكارهێنانی فیشەكی چەوركراو بوو، كە هەستە ئایینییەكانی پێشێل كردبوو. كاتێك ٨٥ سەرباز ڕەتیانكردەوە فیشەكەكان بەكاربهێنن، دادگایی سەربازی كران و سزای توندیان بەسەردا سەپێنرا. ئەم یاخیبوونە بووە هۆی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینێكی ئاشكرا كە تێیدا سەربازەكان هاوڕێكانیان ئازاد كرد ، ئەفسەرە بەریتانییەكانیان كوشت و بەرەو دێهلی كەوتنەڕێ.ڕاپەڕینە وەك وەرچەرخانێكی سەرەكی لە حوكمڕانی بەریتانیادا ناوبراوە بەهۆی روودانی كۆمەڵێك گۆڕانكاریی:
ڕاپەڕینی ١٨٥٧ دەرەنجامی قووڵ و بەردەوامی بۆ هیندستان و دەسەڵاتی بەریتانیا هەبوو. شكستی ڕاپەڕینەكە بووە هۆی گۆڕانكاری بەرچاو لە بواری سیاسی، ئیداری، سەربازی، كۆمەڵایەتی و ئابووری كە داهاتووی هیندستانیان دووبارە داڕشتەوە، گۆڕانكارییەكانیش بریتی بوون لە:
1- كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی كۆمپانیای هیندی ڕۆژهەڵات.
2- دامەزراندنی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی بەریتانی.
3- داڕمان و كۆتاییهاتنی ئیمپراتۆریەتی مەغۆل.
4- چاكسازییە سەربازییەكان.
5- ڕێكخستنەوەی ئیدارە.
6- زیادبوونی جیاكاریی ڕەگەزی.
7- چەوساندنەوەی ئابووری توندتر .
8- گەشەكردنی هەستی نەتەوەخوازیی لای هیندییەكان.
9- كاریگەری لەسەر سیاسەتە كۆمەڵایەتی و ئایینییەكان.
10- پەرەسەندنی یاسایی و ژێرخان.
هۆكارەكانی شكستی ڕاپەڕینی ١٨٥٧
بەپێی لێكۆڵینەوەی گاندا سینگ، شكستی ڕاپەڕینی ١٨٥٧ تەنها بەهۆی بەشدارینەكردنی سیخەكان نەبوو، بەڵكو چەند هۆكارێكی سەرەكی دیكەش هەبوون. یەكێك لەو هۆكارانە نەبوونی پلانێكی گشتی و ڕێكخراو بوو كە بتوانێت هەموو ناوچەكانی هیندستان بخاتە ژێر سەركردایەتییەكی هاوبەش ،هەروەها ڕێككەوتنی تەواو لەنێوان ڕێبەرانی ڕاپەڕینەكەدا نەبوو ، هەندێك لەوانە زیاتر گرنگییان بە بەرژەوەندییە كەسییەكانی خۆیان دەدا. لەگەڵ ئەمانەشدا نەبوونی ڕێكخستنی سەربازی بەهێز و هاوكاریی گشتگیر لەنێوان گرووپە جیاوازەكانی كۆمەڵگە بە هۆیەكی گرنگی شكستی ڕاپەڕینەكە دادەنرێت.
ئەنجام
ڕاپەڕینی ١٨٥٧ ساتەوەختێكی دیاریكەر بوو لە مێژووی هیندستاندا، كە نیشانەی یەكەم بەرگریی بەرفراوان بوو دژ بە دەسەڵاتی بەریتانیا. ئەگەرچی لە كۆتاییدا لە گەیشتن بە ئامانجە دەستبەجێكاندا شكستی هێنا، بەڵام سیمای كۆلۆنیالی بە شێوەیەكی بەرچاو گۆڕی. گواستنەوەی دەسەڵاتی كۆمپانیا بۆ حوكمڕانی ڕاستەوخۆ لەلایەن بەریتانیا بووە هۆی گۆڕانكاری ئیداری، سەربازی و سیاسی گرنگ. لەوەش گرنگتر، ڕاپەڕینەكە تۆی نەتەوەخوازیی هیندی چاند و خەڵكی لە سەرانسەری ناوچەكە و كۆمەڵگە جیاوازەكاندا دژ بە چەوسانەوەی بێگانە یەكخست.
سەرچاوەكان:
1. INTERNATIONAL JOURNAL OF CREATIVE RESEARCH THOUGHTS (IJCRT) The Revolt Of 1857: Causes, Course, And Consequences.
2. THE INDIAN MUTINY OF 1857 AND THE SIKHS By GANDA SINGH GURDWARA PARBANDHAK COMMITTEE SISGANJ CHANDNI CHOWK DELHI.