بڕیارەکانی زەیدی، ڕێگری لە قاچاخچێتی یان گەڕاندنەوەی ناوەندگەرایی؟

3

هەورامان عەلی تۆفیق
بڕیارەکانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە دەروازە سنوورییەکان، کەرتی نەوت، سەرچاوەکانی داهات و دەسەڵاتە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، پێویستیان بە خوێندنەوەیەکی سیاسی و ستراتیژیی قووڵتر هەیە. هەرچەندە حکوومەتی عێراق ئەم ڕێکارانە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی، ڕێکخستنەوەی بازرگانی و سەپاندنی سەروەریی دەوڵەتدا بە پاساو دێنێتەوە، بەڵام سروشتی بڕیارەکان و ئاستی دەستێوەردانەکان لە دەسەڵاتەکانی هەرێم، پرسیارێکی گەورەتر دەخاتە بەردەممان: «ئایا مەبەست ڕێکخستنەوەی کاروباری دەوڵەتە لە چوارچێوەی سیستەمێکی فیدراڵیدا، یان دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی گەڕاندنەوەی ناوەندگەرایی و هەیمەنەی بەغدا بەسەر هەرێمی کوردستاندا؟»
کاتێک دەروازە سنوورییەکان، نەوت، داهات و دەسەڵاتی ئەمنی دەبنە بابەتی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ ناوەند، چیتر باس لە کێشەیەکی بازرگانی و ئابووریی سادە ناکرێت، باس لە گۆڕینی هاوسەنگیی دەسەڵات و سروشتی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێت.
سیاسەتێکی کۆن بە ئامرازێکی نوێ
هەوڵی بەغدا بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، دیاردەیەکی نوێ و تایبەت بە حکوومەتی عەلی زەیدی نییە؛ لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە، ململانێی نێوان دوو تێڕوانینی جیاواز بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی عێراق بەردەوام بووە، تێڕوانینی بنیاتنانی عێراقێکی فیدراڵی لەسەر بنەمای هاوبەشی و دابەشکردنی دەسەڵات، لە بەرامبەر تێڕوانینی گەڕاندنەوەی زۆرترین دەسەڵات بۆ ناوەند.
لە ساڵانی سەرەتای عێراقی نوێدا، هاوسەنگیی هێزەکان، لاوازیی دامەزراوەکانی بەغدا، پێگەی سیاسیی کورد و بوونی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، دەرفەتی سەپاندنی ناوەندگەراییان سنووردار کردبوو. بە تێپەڕبوونی کات و بەهێزبوونەوەی توانای دارایی و سەربازیی حکوومەتی عێراق، لەگەڵ گۆڕانی هاوسەنگییە ناوخۆیی و ناوچەییەکان، ئەو دەرفەتانە بۆ عێراق زیاتر بوون.
سستبوونی یەکڕیزیی ناوخۆیی، بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای نەوت و گازی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٢، ناکۆکییە بەردەوامەکانی بودجە و مووچە و وەستانی هەناردەی نەوت لە ساڵی ٢٠٢٣، هەموویان بەشێکن لە مێژووی ئەم ململانێیە. هەرچەندە هەریەکێک لەو ڕووداوانە هۆکار و بارودۆخی تایبەت بە خۆی هەبووە، بەڵام کۆی کاریگەرییەکانیان دەرفەتی بەغدای بۆ سەپاندنی مەرجەکانی خۆی فراوانتر کردووە.
لەو ڕوانگەیەوە، دەکرێت بڕیارەکانی زەیدی وەک درێژەپێدەری ململانێیەکی مێژوویی لەسەر سروشتی دەوڵەتی عێراق و سنووری دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بخوێنرێنەوە. ئەوەی گۆڕاوە، تا ڕادەیەکی زۆر، بارودۆخ و ئامراز و هاوسەنگییەکانی هێزە.
قاچاخچێتی و سنووری دەسەڵاتی فیدراڵی
بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی، گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی، ئەرکی هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتە و هەرێمی کوردستانیش لەم بەرپرسیارێتییە بەدەر نییە. هیچ بەرژەوەندییەک نابێت ببێتە پاساو بۆ پاراستنی گەندەڵی و بەرژەوەندییە تایبەتییەکان. هەر سەرپێچییەک کە بەڵگەی لەسەر بێت، دەبێت لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێت و یاسا سەروەر بێت.
بەڵام نابێت چارەسەرکردنی سەرپێچییە یاساییەکان ببێتە مۆڵەتێکی کراوە بۆ گۆڕینی پێکهاتەی دەستووریی دەوڵەت. ماددەی ١١٧ی دەستووری عێراق دان بە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی دەنێت. هەروەها ماددەی ١١٤ بڕگەی یەکەم بەڕێوەبردنی گومرگ بە هەماهەنگیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمەکان دیاری دەکات. دەستوور لە هەمان کاتدا دەسەڵاتی داڕشتنی سیاسەتی گومرگی بە حکوومەتی فیدراڵی بەخشیوە.
بۆیە ناکرێت بە ناوی سەروەریی دەوڵەت، بنەمای هاوبەشیی دەستووری پشتگوێ بخرێت. سەروەریی دەوڵەتێکی فیدراڵی واتای چڕکردنەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی حکوومەتی ناوەندی نییە.
گواستنەوەی کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی داهات و دەروازە سنوورییەکان بۆ بەغدا، ئەگەر بەبێ مسۆگەرکردنی مافە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێم ئەنجام بدرێت، کارێکی دەستووری نییە.
کوردستان لە ناو هاوکێشە مەترسیدارەکانی ناوچەکەدا
هەرێمی کوردستان لە مەودایەکی جیۆپۆلیتیکیدا دەژی؛ هەر گۆڕانکارییەک لە هاوسەنگیی هێزەکانی عێراق، ململانێی ئەمریکا و ئێران، سیاسەتە ئەمنییەکانی تورکیا و هاوکێشەکانی وزە و بازرگانیی ناوچەکە، کاریگەریی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی لەسەر پێگەی هەرێم هەیە.
هەڵمەتی ئێستای حکوومەتی عێراق دژی قاچاخچێتیی نەوت، هەندێک لە تۆڕە ئابوورییەکانی پەیوەست بە گرووپە چەکدارە نزیکەکانی ئێرانیش دەگرێتەوە. ئەمە ڕەهەندێکی دیکەی ئەو ململانێیەیە کە لە عێراقدا بەڕێوە دەچێت.
بەرپرسیارێتیی کورد لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا
لەم گوشارەی بەغدا، ناکرێت چاو بپۆشین لە ناتەبایی و ناکۆکییە درێژخایەنەکان و لاوازیی ستراتیژییەکی هاوبەش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا؛ ئەمانە هەموویان توانای هەرێم لە بەرەنگاربوونەوەی گوشارەکان کەم دەکەنەوە.
پرسیاری جدی لێرەدا ئەوەیە: هەرێمی کوردستان تا چەند خۆی بۆ ئەم قۆناغە ئامادە کردووە؟
ئایا نەخشەڕێگایەکی سیاسی، یاسایی، ئابووری و دیپلۆماسی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە بڕیارانە هەیە؟ ئایا هێزە سیاسییە کوردستانییەکان، سەرەڕای ناکۆکییەکانیان لە بارودۆخێکی وەهادا، هاوڕان؟
هەڵبەت ئەگەر بەغدا بە کۆمەڵێک ئامرازی یاسایی، دارایی، کارگێڕی و ئەمنی مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکات، پێویستە وەڵامی هەرێمیش لە ئاستی هەمان ئاڵۆزی و فرەڕەهەندیدا بێت.
یەکڕیزی، یەکدەنگی، هەماهەنگیی دامەزراوە دەستوورییەکان و یەکخستنی هەڵوێستی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا، دەتوانن توانای مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم گوشارانە بەهێز بکەن.
هەڵوێستی حکوومەتی هەرێم و گفتوگۆی دەستووری
هەڵوێستی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرامبەر بڕیارەکانی بەغدا، جەختکردنەوەیە لەسەر چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە چوارچێوەی دەستوور و ڕەتکردنەوەی هەر هەنگاوێکی یەکلایەنە کە مافە دەستوورییەکانی هەرێم پێشێل بکات. ئەو جیاوازییەی سەرۆکی حکوومەت لە نێوان ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی پێشوو و بڕیارە تازەکانی بەغدادا ئاماژەی پێ دەکات، پرسیار لەبارەی متمانە و پابەندبوونی بەغدا بە لێکتێگەیشتنە سیاسی و دەستوورییەکان دروست دەکات.
لە هەمان کاتدا، بانگەوازەکەی سەرۆکی حکوومەت بۆ یەکڕیزیی ناوخۆیی و وەلاخستنی ناکۆکییە حیزبییەکان، ڕەهەندێکی گرنگی ئەم دۆخە دەخاتە ڕوو. پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بابەتێک نییە بتوانرێت لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی حیزبێک، حکوومەتێک یان قۆناغێکی سیاسیی دیاریکراودا سنووردار بکرێت. ئەم قەوارەیە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی چەندین نەوەیە و پاراستنیشی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەم هاوکێشەیەدا بەرپرسیارێتیی سیاسی و مێژوویی خۆی هەیە. ئەو هێزانەی ڕۆڵیان لە بنیاتنانی عێراقی دوای ٢٠٠٣ و پشتیوانیی پرۆسەی دەستووری گێڕاوە، دەکرێت ڕۆڵیان لە پاراستنی بنەماکانی فیدراڵیزم و هاندانی هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرێکی دەستووریش هەبێت.
پرسی سەرەکیی ئەم قۆناغە ئەوەیە، ئایا کورد دەتوانێت پێش ئەوەی هاوسەنگییەکانی دەرەوە چارەنووسی دیاری بکەن، لە ناوخۆدا هاوسەنگی و یەکڕیزیی خۆی دروست بکات؟
لاوازکردنی قەوارەیەکی فیدراڵی هەمیشە بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی ئەو قەوارەیە ئەنجام نادرێت. دەکرێت ناو، ئاڵا، پەرلەمان و حکوومەت بمێننەوە، بەڵام دەسەڵاتە کاریگەرەکان بە هەنگاوی لەسەرخۆ لەدەست بچن و توانای بڕیاردانی سەربەخۆ سنووردار بکرێت.
لە کۆتاییدا، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان پێویستی بە تەبایی، یەکڕیزی و تێگەیشتنێکی هاوبەش لە مەترسییەکان، خوێندنەوەیەکی واقیعی بۆ هاوکێشە ناوچەییەکان و بەرپرسیارێتییەکی جدی لە ئاستی ناوخۆدا هەیە. جیاوازییە سیاسییەکان دەکرێ بەردەوام بن، بەڵام نابێت ببنە هۆی لەدەستدانی ئەو پێگە دەستووری و سیاسییەی کە بوونی قەوارەی هەرێم لەسەری بنیادی نراوە.