ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، پابەندبوون بە دەستوور زامنی فیدڕاڵییەت و سیستمی دیموکراسیی پەرلەمانییە لە عێراق، بۆیەش داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی کوردستان دەکەن پابەندی دەستوور بن و لەڕێگەی دادگای فیدڕاڵیشەوە جیاوازیی خوێندنەوەکانیان بۆ دەستوور چارەسەر بکەن.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڵاوی کردەوە، عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵیی یەکگرتوو و سەربەخۆیە و سیستمی حوکمڕانی تێیدا کۆماریی پەرلەمانیی دیموکراتییە، زامنی مانەوەشی حوکمەکانی دەستووری ساڵی 2005ـە کە دادگای باڵای فیدراڵیی تایبەتمەندە بە لێکدانەوەی دەقەکانی.
دەشڵێت، بۆیە داوا لە حکومەتی ناوەندی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم هێزە سیاسییە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە پابەند بن بەوەی لە دەستووردا هاتووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پەیامیان بە سەرۆکوەزیرانی عێراق دابوو کە لە دۆسییەکانی نەوت و دەروازە سنوورییەکان بەرامبەر کوردستان بیر لە زمانی هەڕەشە و جووڵاندنی هێز نەکاتەوە، لە جیاتی ئەوە بە گفتوگۆ و بەپێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکات.










