سهرهتا وتار دوژمنان و نەیاران بیر لە لاوازکردن و دابەشکردنی کوردستان دەکەنەوە
ڕێبوار حەمەلاو شوانی
زیاتر لە سەد ساڵە بە شێوەیەکی زۆر ناڕەوا خاک و نەتەوەی کورد بەسەر دەوڵەتانی داگیرکەر و ستەمکاردا دابەش کراوە و لکێنراوە. لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، هەرچی تاوان، کارەسات، چەکی قەدەغەکراو و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی هەیە، تەنها بەهۆی کوردبوون و کوردستانیبوونمانەوە بەسەر گەلەکەماندا تاقیکراوەتەوە. بەڵام ئەوەی کورد و کوردستانی بە پێوە هێشتووەتەوە، ئیرادە و قوربانیدانی گەلی کورد و بوونی سەرکردایەتییەکی ژیرانە و دڵسۆز بووە.
کوردستان، لە ڕووی جوگرافییەوە، دەکەوێتە ناوچەیەکی پڕ لە ئاڵۆزی و مەترسییەوە. لەم ژینگە پڕ کێشمەکێشەدا، پاراستنی تەبایی ناوخۆیی، بەهێزکردنی پێگە و سەنگی دامەزراوەکان، و دواتریش پارێزگاریکردن لە ئاسایش و سەقامگیری، زەروورەتێکی مێژوویی و ستراتیژین. هێز و پتەویی کورد و کوردستان لە تەبایی، یەکهەڵوێستی و هەڵگرتنی ئەرک و بەرپرسیارێتییە مێژووییەکاندایە. دوای دوو ساڵ لە چەقبەستووی پەرلەمانی کوردستان، کاراکردنەوەی پەرلەمانێ کە نوێنەرایەتیی ئیرادەی خەڵکی کوردستان دەکات و بە یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی سیستەمی دیموکراسی و دەسەڵاتی چاودێری بەسەر حکوومەت و دامەزراوەکاندا هەژمار دەکرێت، سەرکەوتنی دەنگ و ئیرادەی خەڵکی کوردستان و سەروەری و شکۆمەندییە بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان. ئەوانەی خەونی ئەوەیان دەبینی کە لە ڕێگەی بەردەوامیی چەقبەستووی پەرلەمانەوە هەنگاو بەرەو لەتکردن، دابەشکردن و کۆتاییهێنان بە قەوارەی هەرێم بنێن، ڕووبەڕووی ئیرادەی پۆڵایینی خەڵکی کوردستان بوونەوە؛ خەڵکێک کە دەیان ساڵە لەپێناو بەدیهێنانی ئەم قەوارە و دەستکەوتانەدا خەباتی کردووە و هەزاران شەهیدی بەخشیوە.
بێگومان پرسی دابەشکردنی کوردستان و دوو ئیدارەیی ئەزموونێکی تاڵ و ناخۆشە کە پێشتر تاقیکراوەتەوە و گەلی کورد تێیدا زەرەرمەند بووە. ئەوانەی باس و خەونی دوو ئیدارەیی، شارچێتی و ناوچەگەرێتی دەبینن، نەک هەر خۆشەویستیی خاک، نیشتمان و گەلی کورد لە بوونیاندا نییە، بەڵکو دەیانەوێت ئەوەی دوژمنان پێیان نەکراوە، بە بەرگ و زمانێکی کوردییەوە، بەڵام بە ڕۆحێکی ناکوردانە و دوژمنویستانە بەسەر کوردستاندا زاڵ بکەن.
بوونی ئەم بیرۆکە مەترسیدار و ناکوردانەیە لەلایەن هەر هێز و لایەنێکی ناوخۆیی بێت یان دەرەکی؛ هەوڵێکی دوژمنکارانەیە بەرانبەر بە کورد و کوردستان؛ هەوڵێک کە دەیەوێت ڕۆح و جەستەی ئەم نیشتمانە لەت لەت بکات و کورد بۆ هەمیشە لە دەرەوەی مێژوو و گۆڕانکارییەکاندا بهێڵێتەوە، کە ئەوەش خۆی لە خۆیدا خەونی لەمێژینەی دوژمنان و داگیرکەرانە.
ئەمڕۆ بەرپرسیارێتیی گشت هێز و لایەنە کوردستانییەکانە کە هەوڵی ڕژد بدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان و ڕێگری بکەن لە خەونی دابەشکردنی کوردستان. لە کاتێکدا پەرتەوازەییی نێوماڵی کورد زیانی بە پێگەی کوردستان لە ناوچەکەدا گەیاندووە، بەردەوامیی ناکۆکییەکان وا دەکات زیانی زیاتر بە سەنگ و پێگەی گەلی کورد بکەوێت و جارێکی تر دۆزی کورد بگەڕێتەوە دۆخێکی سەرەتایی.
ناکرێت هێزێکی سیاسیی بەهۆی بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی و کەسییەوە دژ بە ڕاستییە مێژووییەکان بجووڵێتەوە؛ ئەو ڕاستییانەی کە ئامانج و ئاواتی لەمێژینەی گەلەکەمانن بۆ سەربەخۆیی و ئازادی. کوردستان نیشتمانێکی کوردانەیە و دەیان ساڵە لەپێناویدا خەبات و قوربانی دەبەخشرێت. خەبات بۆ ئازادی خەباتێکی بەردەوام و بێوچانە، بۆیە بۆ هیچ هێزێکی سیاسیی نییە گەلی کورد بێهیوا بکات، کوردستان دابەش بکات یان خەباتی سەربەخۆییخوازی لەپێناو دەستکەوتێکی تەسک و کاتیدا کورت بکاتەوە. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە هەمووان بە ڕۆحێکی بەرپرسیارێتیی نیشتیمانییەوە یەکهەڵوێست و تەبا بین؛ لەپێناو داهاتووی گەلەکەمان و بونیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر و سەقامگیرتر. کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان شانازییەکی گەورەیە بۆ هەموو کوردستانییان نەک حیزب یان لایەنێک، و پاراستنی ئەم سەروەری و بەرپرسیارێتییەش ئەرکی هەمووانە. پێویستە جیاوازی و ناکۆکییە سیاسییەکان بکرێنە بناغەی دیموکراسییەتێکی دەوڵەمەند، نەک هۆکارێک بۆ لەتبوون و دابەشکردنی کوردستان. با خاک و قەوارەکەمان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی حیزبی و کەسییەوە بێت؛ چونکە کوردستانییان شایانی داهاتوویەکی گەشتر، پڕهیواتر و کوردستانێکی ئاوەدانتر و سەرکەوتووترن، و هەموو وڵاتانی ناوچەکە و جیهان چاویان لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستانە. پێویستە هەمووان بە یەکدەنگی ئەم بەستەڵەکانە تێکبشکێنین و بەرەو ئاسۆیەکی ڕووناکتر و لووتکەی سەرکەوتن هەنگاو بنێین.