شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، ئاماری قوربانییانی ئەو تەقینەوەی لە وێستگەی کارەبای هارسە لە باکووری پارێزگای بەسڕە کەوتەوە، بۆ چوار گیانلەدەستدان و 35 بریندار بەرز بووەتەوە، هاوکات لێکۆڵینەوەکان بۆ زانینی هۆکارەکەی بەردەوامن.
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد “کاتژمێر 6:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ، تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە پاڵپشتیی دەستبەجێی یەکە ئەمنییە تایبەتمەندەکانی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسڕە، دەستیان بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاگرەدا کرد کە لە نێو وێستگەی کارەبای هارسە لە قەزای هارسەی باکووری پارێزگای بەسڕە کەوتەوە.”
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، مەفرەزەکانی بەش و بنکەی پۆلیسی هارسە و فەوجی یەکی لیوای پیادەی میکانیکیی 83، بە بەدواداچوونی مەیدانیی راستەوخۆی فەرماندەیی ناوچەی ئەمنیی سێیەم، شوێنی رووداوەکەیان گەمارۆ داوە و دەوروبەریان کۆنترۆڵ کردووە.
سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، شانەی راگەیاندنی ئەمنی روونی کردووەتەوە، بەپێی ئاماری سەرەتایی و ناکۆتایی، رووداوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کەس و برینداربوونی 35 کەسی دیکە، کە زۆربەی قوربانییەکان دانیشتووی خانووە زێدەڕۆکانن و بە رێژەی جیاواز تووشی سووتان و تەنگەنەفەسی بوون، هەروەها سەرجەمیان بۆ وەرگرتنی فریاگوزاریی سەرەتایی و چاودێریی پزیشکی گوازراونەتەوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە رێکارە مەیدانی و لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی هۆکار و وردەکارییەکانی رووداوەکە بەردەوامن.