خدر مەنتک
ئەم کوردستانە ڕەنگین و ئاوهدانە، بە ئاسانی نەبووە بەوەی کە ئەمڕۆ هەیە. ئەم خاکە جوانە، ئەم نیشتمانە خۆشەویستە، ئەم قەوارە و ماڵە نەتەوەییەی ئێمە، بەرهەمی خەبات و ڕەنج و قوربانیی چەندین نەوەی کوردە. لە هەر شاخ و پێدەشت و دۆڵ و شار و گوندێکی ئەم نیشتمانەدا، بەشێک لە مێژووی خەبات و داستانی پڕ شانازی و قوربانیدانی گەلەکەمان تۆمارکراوە. هەزاران کورد بە ئاواتی ئەوە ژیاون و بەو ئاواتەوە سەریان ناوەتەوە، کە ئەم ماڵەمان هەبێت و نەوەکانی داهاتوو بتوانن بە سەربەرزی تێدا بژین.
ئەم نیشتمانە بە مێژوویەکی پڕ لە هەوڵی لەناوبردن و سڕینەوە و داگیرکاری تێپەڕیوە. ناحەزانی گەلی کورد هەمیشە چاویان لەسەر ئەم خاکە بووە و لە هەر قۆناغێکدا بە شێوەیەک هەوڵیان داوە ئەم گەلە لە ماف و ناسنامە و خاکی خۆی بێبەش بکەن. بەڵام گەلەکەمان لە مێژووی خۆیدا، بە هەموو ئەو زوڵم و ستەم و گوشارانەوە، نەک چۆکی بۆ دوژمن دانەداوە، بەڵکو بەردەوام خەباتی کردووە و خۆی لەسەر پێ ڕاگرتووە.
ئێستا کە خاوەنی ئەو مێژووەین، جێی سەرسوڕمانە کە لە ناو خۆماندا هەندێک دەنگ، بە ناوی ڕۆشنبیر و نووسەر و چالاکوانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسەوە، دێنە سەر شاشە و بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە سیاسییە، پێشنیاری دابەشکردنی ماڵەکەمان بەسەر زۆنە سیاسییەکاندا دەکەن. ئاخۆ ئەوە هەمان ئەو ئاواتەیە کە ناحەزان بە هەزاران هەوڵ و پەلاماردان نەیانتوانی بەدەستی بهێنن، ئێمە خۆمان بە دەستی خۆمان بۆیان ئاسان دەکەین؟
ڕەخنەگرتن لە حزب و حکوومەت و هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان، مافێکی ڕەوای هەر کەسێکی نیشتمانپەروەرە. بەڵام ڕەخنەگرتن لە سیاسەت و بانگەشەکردن بۆ دابەشکردنی نیشتمان جیاوازە. هەر کەسێک بە هەر ناو و بیانوویەک هەوڵی دابەشکردنی ئەم قەوارەیە بدات، بەو هەنگاوە چارەنووسی گەلێک دەخاتە مەترسییەوە. هەر هەوڵێکیش بۆ دابەشکردنی کوردستان، لە ئەنجامدا زیاتر لە هەمووان بە قازانجی نەیاران تەواو دەبێت کە مێژوویەکی درێژیان لە دوژمنایەتی و دژایەتی یەکپارچەیی و مافەکانی گەلی کورد هەیە.
قەیرانی سیاسیی ئێستای کوردستان لە ناکۆکییەکانی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ەوە سەریهەڵدا. نەبوونی ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ و دابەشکردنی پۆستە باڵاکان، (لەگەڵ پەنابردن بۆ لۆژیکی جوگرافیا و پشتگوێخستنی ئەنجامی هەڵبژاردن و حەجمی کورسییەکانی پەرلەمان)، وای کرد کاراکردنەوەی پەرلەمان بگاتە بنبەست. لەو ماوەیەدا، ناکۆکییە سیاسییەکان بەجۆرێک گەشەیان کرد کە دامەزراوەیەکی گرنگی وەکوو پەرلەمان، کە دەبوو شوێنی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بێت، خۆی بووە بەشێک لە قەیرانەکە.
لەم قۆناغەدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە جێی ئەوەی ناکۆکییەکانی لە چوارچێوەی لۆژیکی دیموکراسی چارەسەر بکات، زیاتر پەنای برد بۆ (لۆژیکی جوگرافی) کە دەسەڵات و بەڕێوەبردن بە پێی ناوچە و زۆنی نفووز دابەش دەکات. ئەو لۆژیکەی پێی وایە ئەگەر یەک کورسی پەرلەمانیش بەدەست نەهێنی خاوەنی هێز و جوگرافیایەکی قەڵەمڕەوییە و بەپێی جوگرافیاکەی داوای پشکی خۆی دەکات لە کایبنەی نوێی حکوومەت.
ئەم تێڕوانینە، کە لە هەڵوێستەکانی دوایی و هەڕەشەی دروستکردنی دامەزراوەی هاوشێوەدا دەردەکەوێت، ئەمەش پرسیارێکی بنەڕەتی دروست دەکات، ئایا کێشەی سیاسیی نێوان دوو لایەن دەبێت بە هۆی ئەوەوە ببێت کە هەر لایەنێک بۆ خۆی حکوومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی جیاواز دابمەزرێنێت؟
هەڵەی ئەم لۆژیکییە لەوەدایە کە جوگرافیا وەکوو خاوەندارێتیی سیاسی لێک دەداتەوە. تەنانەت ئەوەی لایەنێک لە ناوچەیەکدا دەنگ و نفووزی زیاتری هەیە، بەو مانایە نییە کە ئەو ناوچەیە موڵکی ئەو لایەنەیە، یان مافی ئەوەی هەیە بە ناوی خۆیەوە دەسەڵاتێکی جیاواز لە دەسەڵاتی هەرێم دروست بکات. سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین، هەروەها هەولێر و دهۆک و زاخۆ..هتد هەموویان بەشێکن لە کوردستان، خەڵکەکەی و دانیشتوانەکەی هاووڵاتیی ئەم هەرێمە هاوبەشەن. بۆیە هیچ سنوورێکی حیزبی نابێت ببێتە سنووری نیشتمانی.
لەو دۆخەدا، پارتی پێی وابوو پەرلەمان دەبێت بە پێی ڕێکار و ژمارەی یاسایی کارەکانی دەست پێ بکات و ناکۆکییە سیاسییەکان لە ناو خۆیدا چارەسەر بکرێن. ئەم تێڕوانینە، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە دامەزراوەی پەرلەمان نزیکەی دوو ساڵ لە کار کەوتبوو، پرسیاری گەڕاندنەوەی پەرلەمان بۆ ژیانی دەستووریی هێنایە پێشەوە. بەڵام لێرەدا پرسیارێکی گرنگ هەیە: ئایا ڕێکنەکەوتنی سیاسی لایەنێک، دەبێت ببێتە هۆی لەکارخستنی دامەزراوە دەستوورییەکان؟ ئەگەر لایەنەکان نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا چارەسەرەکە چییە؟ چاوەڕوانیی بێکۆتایی، یان کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ درێژەدان بەو پرۆسەیەی کە لە پێناویدا دامەزراوە؟
کۆبوونەوەی پەرلەمان لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی ٥٢ ئەندام لە کۆی ١٠٠ ئەندام، دووبارە ئەم پرسیارەی خستەوە پێش چاوی هەمووان. ئەم ژمارەیە لە ژمارەی یاسایی پێویست زیاتر بوو، بەڵام هەموو لایەنەکان بە یەک شێوە لەسەر ڕەوایی و مانای سیاسیی ئەو دانیشتنە هاوڕا نەبوون. بۆیە پێویستە لە نێوان دوو بابەتدا جیاوازی بکەین: یەکەم، ئەوەی پەرلەمان بە پێی ڕێکارە یاساییەکان توانای کۆبوونەوەی هەیە. دووەم، ئەوەی لایەنە سیاسییەکان چۆن دەتوانن بە گفتوگۆ و ڕێککەوتن، ئەو دامەزراوەیە بە شێوەیەکی بەردەوام کارا بهێڵنەوە.
ئەمەش دەمانباتە سەر لۆژیکی دیموکراسی. دیموکراسی لە بنەڕەتدا بە مانای ئەوە نییە کە هەموو لایەنەکان لەسەر هەموو بڕیارێک ڕێک بکەون. ئەگەر بڕیاری دامەزراوەیەکی هەڵبژێردراو تەنیا کاتێک ڕەوا بێت کە هەموو لایەنەکان پێی ڕازی بن، ئەوا زۆرینە و کەمینە چی مانایەکیان دەبێت؟ لە سیستەمی دیموکراسیدا، زۆرینە مافی بڕیاردانی هەیە، بەڵام ئەو مافە سنووردارە بە یاسا و مافەکانی کەمینە. کەمینەش مافی بەشداری و ڕەخنە و چاودێریی هەیە، بەڵام نابێت بوونی کەمینە ببێتە هۆی وەستاندنی هەمیشەیی دامەزراوەکان.
لە هەمان کاتدا، سازان و ڕێککەوتنی سیاسی گرنگن، بەڵام ڕێککەوتن نابێت ببێتە مەرجێک کە (نەبوونی)، هەموو ڕێکارێکی دەستووری لەکار بخات. دیموکراسی و ڕێککەوتن دژبەیەک نین؛ پێویستە یەکتر تەواو بکەن، نەک یەکێکیان ببێتە بەربەست بۆ ئەوی دیکە. ئەگەر هەر لایەنێک بتوانێت بە بەشداری نەکردن و وەستاندنی کارەکان، بڕیاری دامەزراوەیەکی هەڵبژێردراو لەکار بخات، ئەوا ئەو دامەزراوەیە لە بنەڕەتدا چیتر ناتوانێت نوێنەرایەتیی خواستی دەنگدەران بکات.
ئێستا دەگەڕێینەوە بۆ ئەو مەترسییەی کە لە سەرەتای باسەکەوە ئاماژەمان پێدا. ئەگەر ناکۆکییە سیاسییەکان لەجێی ئەوەی لە ناو دامەزراوە هاوبەشەکاندا چارەسەر بکرێن، بەرەو دابەشکردنی دەسەڵات و بەڕێوەبردن بڕۆن، ئەوا کێ زیانمەند دەبێت؟ بێگومان، ئەوە تەنیا کێشەی دوو حیزب یان دوو لایەنی سیاسی نییە و کاریگەرییەکەی دەگاتە ژیانی هاووڵاتی، مووچە، خزمەتگوزاری، بازرگانی، دامەزراوەکان و پەیوەندیی ناوچەکانی کوردستان بە یەکترەوە.
دابەشکردنی بەڕێوەبردن، تەنیا گۆڕینی ناوی فەرمانگە و دەزگا نییە. ئەگەر هەر ناوچەیەک بە سیستەم و بڕیار و هەڵوێستی جیاواز بەڕێوە بچێت، ئەوا پرسیاری دەستووری و یاسایی و ئابووریی زۆرتر دروست دەبێت. لەو کاتەدا، هاووڵاتیانی کوردستان دەبێت لە نێوان دوو دەسەڵات و دوو بڕیار و دوو ڕێکاری جیاوازدا بژیت. ئەوەش دەکرێت ئەو پەیوەندییە هاوبەشە لاواز بکات کە بە درێژایی مێژوو، شار و شارۆچکە و ناوچەکانی کوردستانی پێکەوە بەستووەتەوە. مەترسییەکەش تەنیا لە ناوەوەدا نامێنێتەوە. کاتێک کوردستان بۆ دوو دەسەڵات و دوو هەڵوێستی سیاسی دابەش دەبێت، لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا و لەسەر پرسی بودجە و مووچە و نەوت و داهات و مافە دەستوورییەکانیشدا، دەنگ و توانای هاوبەشی لاواز دەبێت. ئەوەی ئەمڕۆ لە ناوەوە ناتوانین لەسەر بڕیارێکی هاوبەش ڕێک بکەوین، سبەینێ دەکرێت ببێتە خاڵێک کە لایەنە دەرەکییەکان لە دژی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان بەکاری بهێنن. لەوەشدا، ئەوەی زەرەرمەند دەبێت تەنیا حکوومەتێک یان حزبێک نییە؛ بەڵکوو پێگەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان و گەلەکەیەتی.
کوردستان موڵکی هیچ حیزبێک نییە، هیچ حزبێک ناتوانێت بە تەنیا خۆی خاوەنی ئەو ماڵە بێت. هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە و هەموو شار و گوندەکانی دیکە، ماڵی هەموومانن. سنووری دەنگ و دەنگدان و هاوپەیمانیی سیاسی، نابێت ببێتە سنووری نیشتمانی. چونکە جیاوازییە سیاسییەکان، هەرچەندە هەندێک جار ببنە هۆی ناکۆکی و قەیران، لە کۆتاییدا دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆ و تێگەیشتنەوە چارەسەر بکرێن. بەڵام ئەو ماڵەی کە باب و باپیرانمان بە خەبات و قوربانیدان پاراستوویانە، دەبێت بە ماڵی هەموومان بمێنێتەوە.
لە کۆتاییدا، پێویستە لە خۆمان بپرسین: ئایا ئێمە خاوەنی نیشتمانین، یان نیشتمانەکەمان کردووەتە بەشێک لە ملمـلانێی سیاسییەکانی خۆمان؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە لەوە تێبگەین کە حزبەکان بۆ خزمەتکردنی نیشتمان درووست بوون، نەک نیشتمان بۆ خزمەتکردنی حزبەکان؟ کوردستان لە هەموو لایەن و دەسەڵات و زۆنێکی سیاسی گەورەترە. بۆیە، ئەگەر بەڕاستی دڵمان بۆ ئەم خاکە لێدەدات، پێویستە نیشتمان لە سیاسەت ڕزگار بکەین؛ واتە نیشتمان لە دەستبەسەریی ملمـلانێی حیزبی دەربهێنین، و دامەزراوە هاوبەشەکانی بەهێز بکەین و ڕێگە نەدەین ناکۆکییە سیاسییەکان ببنە هۆی دابەشکردنی ماڵەکەمان.