پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، لە زەروورەتی کاراکردنەوەی پەرلەمانەوە تا نەخشە ڕێگای نیشتمانیی سەرۆک بارزانی

3

پ.ی.د. محەمەد خورشید
لە قۆناغێکی زۆر هەستیار و پر لە ئاڵنگاریی سیاسی و دەستووریدا، هەرێمی کوردستانی عێراق ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسساز دەبێتەوە کە تێیدا پاراستنی قەوارەی فیدراڵیی هەرێم و بەردەوامیی پرۆسەی دیموکراسی پێویستی بە هەنگاوی بوێر و بەرپرسیارانە هەیە. لەم پێناوەدا، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنە جیاجیاکانی پەرلەمان، بڕیارێکی مێژوویی و بەرپرسیارانە بوو بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی یاسایی، ڕێگریکردن لە دەستێوەردانی دەرەکی و پاراستنی مافەکانی خەڵکی کوردستان. ئەگەر سەیری بڕگەی چوارەمی ماددەی ١٢٦ی دەستووری عێراق بکەین، گرنگیی بوونی پەرلەمانی هەرێم لە پاراستنی قەوارەکەماندا بە ڕوونی دەردەکەوێت، چونکە پارتی باوەڕی وایە پەرلەمان مەرجەعی باڵای یاسادانانە و نابێت بەهۆی ململانێی تەسکەوە پەراوێز بخرێت، بەڵکو دەبێت شوێنی چارەسەرکردنی گرفتەکان بێت و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بخرێنە سەروو هەموو بەرژەوەندییەکی حزبییەوە.
لە ڕووی یاساییەوە، بەپێی یاسا بەکارەکان و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، کاراکردنەوەی پەرلەمان نەک هەر هیچ کێشەیەک نەبوو، بەڵکو زەروورەتێکی حەتمی بوو بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی سیستەمی دامەزراوەیی. لە بنەماکانی یاسای دەستووریدا، بنەمایەکی جیهانی هەیە بە ناوی «بەردەوامیی دامەزراوەکانی دەوڵەت» کە ڕێگە نادات بۆشایی یاسایی دروست ببێت و ژیانی گشتی پەک بخات، چونکە نەبوونی دەسەڵاتی یاسادانان کارەساتی یاسایی دەخوڵقێنێت و ڕەوایی دەسەڵاتەکانی تریش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. لە بەرامبەردا، نەبوونی یان بەسەرچوونی ماوەی دامەزراوە شەرعییەکان گورزێکی کوشندەیە لە پێگەی هەرێم. لێرەدا ماددەی ١١٧ی دەستووری عێراق کرۆکی مانەوەی ئێمەیە، کە بە ڕوونی دان بە هەرێم و دەسەڵاتەکانیدا دەنێت؛ ئەگەر دامەزراوەکانمان شەرعییەتیان لەدەست بدەن، ئەوا ئەو دەسەڵاتانەی ئەم ماددەیە دانی پێدا ناوون نامێنن و ئەوەش دەبێتە بیانوویەکی گەورە بۆ بەغدا تاوەکوو بۆشاییەکە بقۆزێتەوە و وەک پارێزگاکان مامەڵەمان لەگەڵ بکات، کە ئەمەش واتە لەدەستدانی توانای بەرگریکردن لە مافەکان.
بۆ دەربازبوون لەم دۆخە و گەیشتن به ئاشتەوایی گشتی، پەیام و بانگەوازی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی نەخشەڕێگایەکی نیشتمانی و مێژووییە کە وەک چەترێکی کۆکەرەوە بۆ هەموو لایەنەکان بێ جیاوازی کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کاری پێکەوەیی و داهاتوویەکی سەقامگیر دەبێت.