
دیمانە: بەرهەم شێخ عزەدین
پێشهاتە سیاسییەکان و پرسە گەرمەکانی ئەم ڕۆژانە، لە هەنگاونان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و چەقبەستوویی سیاسییەوە بگرە، تا دەگاتە پەیامە نیشتمانییەکانی سەرۆک بارزانی و ئەو دەنگە لاواز و لەرزۆکانەی باس لە دابەشکردنی کوردستان دەکەن، بوونەتە جێگەی باسی گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان. بۆ شیکردنەوەی ئەم پرسانە و خستنەڕووی هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەم دیدارە تایبەتەدا، ڕووبەڕوو پرسیارەکانمان ئاراستەی (شێخ ستار عەواڵانی)، بەرپرسی لقی ٢١ی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد. بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە:
-* سەرەتا با لە هەنگاونان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانەوە دەست پێ بکەین؛ دیدی پارتی بۆ ئەم هەنگاوە چییە و بۆچی پارتی ئەو هەنگاوەی نا؟
– پەرلەمان وەک بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێری لە هەرێمی کوردستان، بڕبڕەی پشتی لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان و دیموکراسییەتە. پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتاوە باوەڕی نەگۆڕی بەوە هەبووە کە نابێت بۆشایی یاسایی و دامەزراوەیی دروست ببێت، چونکە پەکخستنی پەرلەمان زیان بە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت پێش ئەوەی زیان بە لایەنێکی سیاسی بگەیەنێت. ئەو هەنگاوەی کە پارتی ناویەتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، لەسەر بنەمای «بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و مێژوویی» بووە. ئێمە پێمان وابووە و ئێستاش پێمان وایە کە ناکۆکییە سیاسییەکان دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆ و لە ناو هۆڵی پەرلەمان و دامەزراوە شەرعییەکاندا چارەسەر بکرێن، نەک لە دەرەوەی دامەزراوەکان. بۆیە، هەنگاوەکانی پارتی هەمیشە لەپێناو گەڕانەوە بۆ دەنگی هاووڵاتییان، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و، چالاککردنەوەی دەزگا شەرعی و یاسادانانەکان بووە، بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان نەکرێنە قوربانیی بەرژەوەندیی تەسکی حزبی.
خەبات: نەبوون یان بەسەرچوونی ماوەی دامەزراوە شەرعییەکانی کوردستان چ زیانێکی هەیە؟
– لە ڕوانگەی زانستی سیاسی و یاساییەوە، بەسەرچوونی ماوەی دامەزراوە شەرعییەکان یان پەکخستنیان، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر شەرعییەتی دەستووری و سیاسیی قەوارەی هەرێم. زیانە سەرەکییەکان بریتین لە:
– لاوازبوونی پێگەی هەرێم: لە بەغدا و نێودەوڵەتیدا، هەرێمێکی بێ پەرلەمانی کارا و دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت کە ببێتە بەرگریکار لە مافە دەستوورییەکان و بودجە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان.
– دروستبوونی بۆشایی یاسایی: ئەمەش دەبێتە هۆی پەککەوتنی پرۆسەی خزمەتگوزاری، وەبەرهێنان و ئارامیی کۆمەڵایەتی.
– شکاندنی متمانەی هاووڵاتییان: دیموکراسی لەسەر بنەمای نوێنەرایەتیی ڕاستەقینە بنیات دەنرێت؛ بەسەرچوونی ماوەی دامەزراوەکان ئەو متمانەیە ناهێڵێت و بێهیوایی لەلای هاووڵاتییان دروست دەکات، کە ئەمەش مەترسییەکی نەتەوەیی گەورەیە.
خەبات: لەم قۆناغەی ئێستادا، پێویستە چی بکرێت؟
– بۆ قۆناغی ئێستا، وەک تێڕوانینێکی ستراتیژی و ئەکادیمی، پێویستە ئەم هەنگاوانە بە زوویی بنرێن:
1. تەبایی و یەکڕیزیی نیشتمانی: پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان دان بەو ڕاستییەدا بنێن کە قەوارەی هەرێم لەبەردەم مەترسی و ئاڵنگاریی گەورەدایە، بۆیە گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆی نیشتمانی بژاردەی یەکەم و کۆتاییە.
2. پشتیوانیکردنی دامەزراوەکان: هەموو لایەک هاوکار بن بۆ کردنەوە و بەهێزکردنەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێم و دوورکەوتنەوە لە ململانێی نادروست.
3. ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن: ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە کات و ساتی خۆیدا بۆ ئەوەی هەمیشە شەرعییەتی جەماوەری نوێ بکرێتەوە و دەنگدەران بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن، پێویستە زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بکرێت کە تێیدا متمانە بۆ پرۆسەی سیاسی بگەڕێتەوە.
* خوێندنەوەتان بۆ پەیام و بانگەوازی دوایی سەرۆک بارزانی چییە؟
– پەیام و بانگەوازەکانی سەرۆک بارزانی هەمیشە وەک نەخشەڕێگەیەکی نیشتمانی سەیر دەکرێن، چونکە لە کاتە هەستیارەکاندا سەرۆک بارزانی دیدێکی ستراتیژییانەی پێشکەش کردووە کە بەرژەوەندیی باڵای خەڵکی کوردستان دەخاتە سەروو هەموو شتێکەوە. خوێندنەوەی ئێمە بۆ پەیامەکەی سەرۆک بارزانی لەم خاڵانەدا چڕ دەبێتەوە:
– بانگەواز بۆ لێبوردەیی و پێکەوەژیانی سیاسی: پەیامەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەرگای پارتی هەمیشە کراوەیە بۆ گفتوگۆ و ئاشتەوایی نیشتمانی.
– پاراستنی قەوارەی هەرێم: پەیامەکە هۆشدارییەکی بەرپرسانەیە لە مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێم و جەختکردنەوەیە لەسەر پێویستیی یەکڕیزی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەکان.
– پەرەپێدانی دیموکراسی: هاندانی لایەنەکانە بۆ ئەوەی کێبڕکێی سیاسی لە چوارچێوەی دامەزراوەکاندا بێت نەک لە دەرەوەیان، بە جۆرێک کە خزمەت بە هاووڵاتییان بکات.
* دەنگێکی لاواز باسی جیاکردنەوە و بەهەرێمکردنی سلێمانی دەکات، ئێوە بۆچوونتان چییە و لەو بارەیەوە چی دەڵێن؟
– سەبارەت بەم بابەتە، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، هەڵوێستمان زۆر ڕوون و نەگۆڕە، دژایەتیکردنی پارچەپارچەکردن. هەر هەوڵێک یان دەنگێک کە باس لە دابەشکردن یان بەهەرێمکردنی جوگرافیای کوردستان بکات، لە ڕوانگەی نیشتمانی و نەتەوەییەوە خزمەت بە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان ناکات، بەڵکوو خزمەت بەو لایەنانە دەکات کە دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکەن یان هەڵوەشێننەوە. شاری سلێمانی، شاری هەڵمەت و قوربانی، شاری ڕۆشنبیری و خەباتە، و پارچەیەکی زیندوو و پیرۆزی هەرێمی کوردستانە. مێژووی ئەم شارە شاهیدی دەدات کە هەمیشە داکۆکیکاری سەرەکی بووە لە خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستان. بۆیە کێشە کارگێڕی یان خزمەتگوزارییەکانی هەر ناوچەیەک ببن، ڕێگەی چارەسەرکردنیان دابڕان نییە، بەڵکوو پتەوترکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانە لەسەر ئاستی سەرانسەری. بۆیە ئەم جۆرە دەنگە لاوازانە ناتوانن ئیرادەی خەڵکی دڵسۆزی سلێمانی و کوردستان تێکبشکێنن، ئەمەش هیچ بەرهەمێکی نابێت و بۆیان سەرناگرێت.