کوردستان؛ یەک پارچە و یەک چارەنووسە.. پشتێنەی سەوز پەیامی بونیادنانە

4

دڵشاد محه‌مه‌د ئەحمەد
لە هەولێری پایتەختی جوانکاری و بونیادنان، پەیامێکی نیشتیمانی سەر هەڵدەدات کە جەخت لەوە دەکاتەوە پاراستنی کوردستان لە ئەستۆی هەمووانە و یەکپارچەیی خاک، گەل و چارەنووس لە سەرووی هەموو جیاوازییەکانەوەیە.
لە دیمەنێکدا کە رەهەندی گەشەپێدان و نیشتیمانی هەڵگرتووە، شاری هەولێر ئەمڕۆ شاهیدی ڕێوڕەسمێکی تایبەت بوو بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی “پشتێنەی سەوز” (الحزام الأخضر)؛ پڕۆژەیەک کە ڕەنگدانەوەی گرنگیدانە بە ژینگە، فراوانکردن و زۆرکردنی ڕووبەری سەوزایی و بەرزکردنەوەی جوانیی شارەکان، و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بونیادنانی کوردستان تەنها لە دروستکردنی ڕێگاوبان و باڵاخانەکاندا ناوستێت، بەڵکوو درێژ دەبێتەوە بۆ پاراستنی سرووشت و دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، وتەکانی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر دۆزێک کە لە سنووری پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئاوەدانکارییەکان تێدەپەڕێت، کە ئەویش دۆزی یەکپارچەیی کوردستان و پاراستنی پێکەوەبوونییەتی. بارزانی جەختی لەوەش کردەوە کە هەموو کوردێکی ڕەسەن و هەموو هاووڵاتییەکی کوردستانیی دڵسۆز و غیور بە نیشتیمانەکەی، دژ بە هەر هەوڵێک دەوەستێتەوە بۆ دابەشکردنی کوردستان یان تێکشکاندنی قەوارەکەی.

ئەم پەیامە مانایەکی قووڵی هەڵگرتووە؛ کوردستان تەنها زەوییەکی نەخشێنراو لەسەر نەخشە و سنوورێکی جوگرافی نییە، بەڵکوو مێژووی قوربانیدانە، ناسنامەیەکە کە کوڕ و کچەکانی کۆدەکاتەوە، و یادەوەریی نەوەکانە کە لە پێناوی کەرامەت، ئازادی و سەقامگیریدا تێکۆشانە. هەر بۆیە پاراستنی یەکڕیزییەکەی تەنێ لە ئەستۆی حکوومەت، حیزب یان لایەنێکی سیاسیی نییە، بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و ئەخلاقییە کە دەکەوێتە سەر مل و ئەستۆی هەموو ڕۆڵەکانی.
دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوز لە هەولێر، ڕەنگدانەوەی بەشێکە لە دیدگەی بونیادنان و گەشەپێدان؛ هەروەکو چۆن شارەکان پێویستیان بە دار، باخچە و هەوای پاک هەیە، ئاوەدانیش بە هەمان شێواز پێویستی بە یەکڕیزی، تێگەیشتن، هاوکاری و متمانەی یەکتر هەیە. پشتێنەی سەوز ژینگە دەپارێزێت، یەکڕیزیی نیشتمانیش کۆمەڵگا دەپارێزێت، و هەردووکیان وەبەرهێنانن لە داهاتووی کوردستاندا.
لەم قۆناغەدا، کوردستان پێویستی بە پێشخستنی بەرژەوەندیی نیشتیمانی بەسەر بەرژەوەندییە تەسکەکاندا هەیە، و ئەوەی پێویستە هەموو هێزە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان درکی پێ بکەن ئەوەیە کە جیاوازیی بیروبۆچوون نابێت ببێتە ململانێ لەسەر نیشتیمان، و رکابەریی سیاسیی نابێت هۆکار بێت بۆ لاوازکردنی یەکڕیزیی نیشتیمانی یان هەڕەشەکردن لە سەقامگیری.

هێزی کوردستان لە فرەپێکهاتەیی و پێکهاتەکانیدا خۆی دەبینێتەوە، لە توانای ڕۆڵەکانی بۆ پێکەوەژیان و هاوکاری، و لە ڕێزگرتنی جیاوازییەکان لە چوارچێوەی شانازیی هاوبەشدا. کورد، عەرەب، تورکمان، کلدانی، ئاشووری، سریانی و ئێزیدی، و هەر پێکهاتەیەک لەسەر خاکی کوردستان دەژی، هاوبەشن لە بەرپرسیارێتیی پاراستن و بونیادنانی داهاتووی.

لەسەر ئەم بنەمایە، پەیامی ئەمڕۆ دەبێت بگۆڕدرێت بۆ کولتوورێکی نیشتمانیی ریشه-داکوتراو، کە ناونیشانەکەی ئەوە بێت کوردستان لە سەرووی جیاوازییەکانەوە گەورەترە، و داهاتووی ڕۆڵەکانی بە پەرتەوازەیی بونیاد بنرێت، بەڵکوو بە گفتوگۆ و کارکردنی هاوبەش دەبێت، و پاراستنی یەکڕیزیی نیشتیمانی لە ڕێزگرتنی مرۆڤ، پاراستنی مافەکان و بەهێزکردنی متمانەی نێوان هەمووانەوە دەست پێدەکات.
کوردستان لە خاکەکەیدا یەکێکە، لە ناسنامەی نیشتمانیی خۆیدا یەکێکە و لە چارەنووسی ڕۆڵەکانیشیدا یەکێکە. چەندەش ڕای جیاواز و ئاراستەکان زۆر بن، بەڵام بەرژەوەندیی نیشتمان لە سەرووی هەموو سەنگێکەوە دەمێنێتەوە، و پاراستنی یەکڕیزییەکەی دەبێتە ئامانەتێک لە گەردنی نەوەکاندا.

ئەو دارانەی ئەمڕۆ لە پشتێنەی سەوزدا دەچێنرێن، سبەی گەورە دەبن بۆ ئەوەی سێبەر و ژیان بە نەوەکان ببەخشن، بە هەمان شێوە یەکڕیزیی نیشتمانیش، ئەگەر ڕۆڵەکانی بە دڵسۆزی و داناییەوە چاودێری بکەن، ڕیشەکەی بە پتەوی دەمێنێتەوە و جیاوازییەکان ناتوانن لەناویان بەرن.
کوردستان پڕۆژەی قۆناغێک نییە، بەڵکو نیشتمانی نەوەکانە؛ و یەکڕیزییەکەی دروشمێک نییە بەرز بکرێتەوە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی هەمیشەییە کە بە کار، دڵسۆزی و هاوکاری دەپارێزرێت.

* پێشنوێژ و وتارخوێن.
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە/ لاپەڕەی کاروباری کوردستانی