لە ڕوانگەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچووندا.. کێ پەلاماری کێڵگەی گازیی (کۆرمۆر)ـی داوە؟

3

کاروان محەمەد سینۆ
ڕەنگە ئاشکراکردنی ناوی لایەنی بەرپرس لە تاوانی بۆردومانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر لە ئێستادا هەستیار بێت، بەڵام دەکرێ بەپێی بنەمای “کێ سوودمەندە؟” لە پەکخستنی کۆرمۆر، تا ڕادەیەک مرۆڤ بتوانێ لایەنی بەرپرس لەم تاوانە مەزندە بکات.

لە شیکاریی و هەڵنجانی دۆخە ئاڵۆزە سیاسی و ئەمنییەکاندا، زۆرجار ڕێڕۆی لێکۆڵینەوە لەسەر بنەمای پرسیاری “كێ سوودمەندە؟” دادەمەزرێت بۆ دۆزینەوەی تاوانبار. ئەم پڕەنسیپە زانستییە وەک قیبلەنمایەک یارمەتیدەرە بۆ دۆزینەوەی ئەو دەستانەی لەپشت پەردەن، ناسینەوەی بڕیاردەری ڕاستەقینە و جیاکردنەوەی “بریکاری جێبەجێکاری تاوان” لە “پلاندانەری ڕاستەقینەی تاوانەکە” کە لە ڕوانگەی یاساوە هەردووکیان تاوانبارن و هەردووکیان شایستەی سزادانن؛ ئەمە بەشێوەیەکی گشتی هەڵوێست و هەنگاوی سەرەتایی هەرتیمێکی لێکۆڵینەوەیە لەتاوان.
بەڵام کاتێک کێڵگە و ناوەندە سەرەکییەکانی وزە و گازی هەرێمی کوردستان یان عێراقی فیدڕاڵ دەکرێنە ئامانج، ئەمە دۆخ و جۆرێکی دیکەیە لە تاوان کە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٠٥ دادبینی لێ دەکات و هەر بەپێی بڕگە و بنەماکانی ئەم یاسایە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بۆ دەرێ.

لەم سەروبەندەدا دەکرێ بپرسین: “ئایا ئەم پەلامارانە تەنیا دەرهاوێشتەی کێشە و ناکۆکییەکانی ناوخۆی عێراق و کوردستانە، یان پیلانێکی سیستماتیکن کە بەرژەوەندیی دەسەڵاتێک و لایەنێکی دیاریکراو دەپارێزن؟
ئەگەر ئێمە پێوەری “كێ سوودمەندە؟” لەسەر دۆسیەی بۆردومان و پەکخستنی کێڵگەی گازیی کۆرمۆر پیادە بکەین، بە ڕوونی پەنجەی تۆمەت ئاراستەی ئەو دەسەڵاتدارییە دەکرێت کە لە پێناو بەرژەوەندیی ئابووریی خۆیدا، دەیان ساڵە ڕێگر بووە لە سوودمەندبوونی عێراقی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان لە بەرهەمە نەوتی و گازییەکانیانی خۆیان. لەلایەکی دیکەشەوە هەمان وەڵام ئاراستەی ئەو لایەنەش دەکرێت کە لەپیناو بەرژەوەندیی خۆی دژی پڕۆژەی کارەبای24 کاتژمێری«ڕووناکی»یە کە گازی کۆرمۆر سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی ئەو کارەبایه‌یە.

پێدەچێ هەر هەنگاوێک کە هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی وەبەرهێنانی گاز و دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێریدا دەیهاوێت، دەبێتە “گورزێکی کوشندە” دژی بەرژەوەندیی حزبی و تاکەکەسیی ئەو لایەن و پاشکۆ و بەکرێگیراوانەی ناوخۆ کە دەیانەوێت دۆخەکە بشێوێنن. لەوانەیە گرووپێکی میلیشیای چەکدار وەک ئامراز پەلامارەکەی ئەنجام دابێت، بەڵام بڕیاردەری سەرەکی ئەو لایەنەیە کە لە پەکخستنی ژێرخانی ئابووری و مانەوەی قەیراندا قازانج دەکات. لێکۆڵینەوە لەم جۆڕە تاوانانە لە سەرەتادا بەم شێوازە دەستپێدەکرێت و لە کۆتاییشدا ئەنجامەکەی ئاشکرا دەکرێت بەبێ لەبەر چاوگرتنی ناسنامەی ئەنجامدەری تاوانەکە.

لەم ڕووەوە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری دەسەڵاتی هێزە عێراقییەکان لە خورماتوو کراوە و کارەکە بە “خیانەت لە دەوڵەت” ناودەبات، جەختیشی لەوە کردۆتەوە کە شوێنی جوگرافیی هەڵدانی درۆنەکە دیارکراوە.

ئەم پەلامارە ترسنۆکانەیە کە لە شەوی 8ـی تشرینی دووەمی 2026 کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ، زیانی گەورەی لێکەوتەوە. بەپێی داتاکانی ڕوانگەی (ئیکۆ عێراق)، ڕاگرتنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکەدا، ڕۆژانە زیاتر لە 4.15 ملیۆن دۆلار زیانی دارایی لە کەرتی گازی سروشتی و ماڵان دەکاتەوە. هەرچەندە کۆمپانیای دانەگاز کە بەرهەمهێنەری وێستگەکەیە ڕایگەیاند؛ هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام پرۆسەی بەرهەمهێنان ڕاگیرا و ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا بە تەواوی وەستا، بە جۆرێک ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە 3700 مێگاواتەوە بۆ نزیکەی 1000 مێگاوات دابەزی و پێنج بۆ شەش کاتژمێر پێدانی کارەبای نیشتمانیی کەم کردەوە.

دەرەنجام، پاراستنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان، پەرەپێدانی کەرتی وزە و ڕەتکردنەوەی پاشکۆبوون، تەنیا بڕیارێکی کارگێڕی نییە، بەڵکوو بەرەنگاربوونەوەیەکی ڕاستەقینەیە لە دژی ئەو پلانە دەرەکی و ناوخۆییانەی کە دەیانەوێت سامانی سرووشتیی کوردستان بکەنە قوربانیی بەرژەوەندییە قۆرخکارەکان. داهاتووی ئابووریی ناوچەکە بەستراوە بەو هۆشیارییە نیشتمانییەی کە ڕێگا نادات ماف و سامانی گەلی کوردستان بكرێتە دەستەمۆی ململانێ، پیلان و خیانەتە دەرەکی و ناوخۆییەکان.