سه‌ره‌تا هزرو هونه‌ر هەولێر… فیلمی (کێکی سەرۆک) نمایش کرا

هەولێر… فیلمی (کێکی سەرۆک) نمایش کرا

3

خه‌بات: عه‌بدولقادر هه‌ولێری:- کاتژمێر 4 ی ئێوارەی دوێنێ، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان، نووسەران و هەوادارانی بواری هونەر و سینەما، نمایشکردنی فیلمی سینەمایی (کێکی سەرۆک – The President‌s Cake) نمایش كرا. فیلمی «کێکی سەرۆک» لە نووسین و دەرهێنانی دەرهێنەری عێراقی حەسەن هادییه‌، یەکێکە لە بەرهەمە سینەماییە گرنگەکانی ساڵی ٢٠٢٥، کە ڕووداوەکانی فیلمه‌كه‌ لە گوندێکی عێراق، لە ماوەی شەڕی کەنداودا چیرۆکی منداڵێکی نۆ ساڵە بە ناوی «لمیعە» دەگێڕێتەوە، کە لەلایەن قوتابخانەوە هەڵدەبژێردرێت تا کێکێک بۆ جەژنی لەدایکبوونی سەدام حوسێن ئامادە بکات؛ ئەرکێک کە لە بارودۆخێکی پڕ لە هەژاری، کەمیی خۆراک و سەختییەکانی ژیاندا، دەبێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو منداڵە بە چەندین ئاستەنگ و دژواری.

فیلمەکە لە ڕێگەی چاو و ئەزموونی منداڵێکەوە، وێنەیەکی مرۆیی و ڕەخنەگرانە لە ژیانی خەڵکی عێراق لە ژێر سایەی شەڕ، گەمارۆ ئابوورییەکان، هەژاری و دەسەڵاتی سیاسی پێشکەش دەکات. «کێکی سەرۆک» تەنیا چیرۆکی ئامادەکردنی کێکێک نییە، بەڵکوو بە زمانێکی سینەمایی و لە ڕێگەی چیرۆکێکی منداڵانەوە، ناکۆکیی نێوان شکۆی ساختەی دەسەڵات و واقیعی تاڵی ژیانی هاووڵاتییان دەخاتە ڕوو.

شایانی باسە، فیلمی «کێکی سەرۆک» لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کەنس لە ساڵی ٢٠٢٥دا، لە بەشی «دوو هەفتەی دەرهێنەران» نمایش کرا و خەڵاتی ڕەزامەندیی بینەران و خەڵاتی کامێرا دۆری بەدەستهێنا. هەروەها وەک نوێنەری عێراق بۆ خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی لە خولی ٩٨ ی خەڵاتەکانی ئۆسکار هەڵبژێردرا و گەیشتە لیستی کورتەی کاندیدەکان.